بەپەلە

ساحەی تەحریر یا پەرلەمان

سەلیم کۆیی - 6-12-2019 - 2246 جار خوێندراوەتەوە


عێراق لە قەیرانێکی قوڵی سیاسیدا دەژی ، لەسەردەمی حزب بەعس و پێشتر تەدەخولاتی نێو دەوڵەتی بەشێوەیەکی پەنهان کاریگەریەکی کەمی هەبو، عێراق لەلایەن یەک حزبەوە بەڕێوەدەبرا ، دزی ودرۆو گەندەڵی بەشێوەیەکی دیاری کراو لەبازنەیەکی بچوک دابو.

دوای ڕوخانی ڕژێم هەمو ئەوانە پێچەوانە بویەوە بەجۆرێک هەرحزب و کوتلەیەک کە پەیدا بو وەک حکومەتێک مامەڵەی دەکرد ، بەدروشمی جیاجیاو ناوی گەورەو بەرگری لە موقەدەساتی نەتەوەو دین ومەزهەب و دەیان ناونیشانی تر ، ئەوە جگە لەتەراتێنی وڵاتانی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی ،تەنانەت هیچ وڵاتێک نەما عەسکرو پۆلیسی نەنێرێت بۆ عێراق وهەرێمی کوردستان بەبیانوی بەرگری لێ کردن ، ئیدی یان دەبوایە ئەوە قبوڵ بکرێ یان داعش حازرە، لەگەڵ هەمو ئەوانەش دا حکومەت وپەرلەمانی عێراق لەهەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن خەریکی دابەش کردنی پۆست وپارەی وڵات بون لەکاتی هاتنەپێشی پڕۆسەکانی هەڵبژاردنیش نەخشەیان دادەڕشت چۆن دەنگی خەڵک بدزن و تەزویر و گزیکاری بکەن .

لەپازدە ساڵی ڕابردودا بەداخەوە گوێیان لەکەس نەگرت ، تا گەیشت بەو نائومێدیەی ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن نەکات بەڵام لەم حاڵەتەشدا چاکسازییان هەر نەکرد ، بەڵکو کەمی بەشداری خەڵکیشیان بەسیستەمی ئەلکترۆنی چارەسەرکردو هەڵبژاردنیان تێپەڕاند.

دواجار کابینەی حکومەتی ئێستا پێکهات بەسەرۆکایەتی عادل عبدالمهدی کە بەلای هەمویانەوە وەک پیاوێکی سیاسی پەرێز پاک و دور لەتێوەگڵان لەگەندەڵی سەیردەکرا ،تەنانەت یەکێک لەهۆکارەکانی کۆک بونی لایەنەکان لەدیاری کردنی وەک سەرۆک وەزیران ئەوە بو کوتلەی تایبەت بەخۆی نی یەو بەوەناسراوە کار بۆ وڵات دەکات ، بەڵام لایەنە دەست ڕۆیشتوەکان لە دزی ودابەش کردن نەکەوتن تا عێراق بەم ڕۆژە گەیشت.

لە ۲٥ئوکتۆبەرەوە خەڵکی ناوەراست و خواروی عێراق ڕژانە سەرشەقامەکان و ساحەی تحریر دروست بو ، کەلەئێستادا بۆتە جێگای ئومێدی گەلانی عێراق ، ئەوەش دەرهاوێشتەی دەنگی ناڕازی لە سەدا ٦۰ی عێراقە کەلەهەڵبژاردنی ڕابردو بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقی کردبو ، لایەنە سیاسی یەکانیش دەیان زانی بەڵام فەرامۆشیان کردبو ئەوە جگەلە هەژمونی سیاسی ناوچەکەو جەنگی ساردو گەرمی نێوان ئێران وئەمریکاو وڵاتانی کەنداو کەلە ئێستادا عێراق بۆتە چەقی یەکلا کردنەوەی ململانێکان بەو بارودۆخەوە کە تیایدایە ، ئەوەش بەکۆی گشتی لای خەڵکی عێراق وبەشێکی زۆری وڵاتان ئەو قەناعەتەیان بۆدروست بوە کە وڵات بەوانەو ئەو شێوازە بەڕێوەبردنە ئیدارە نادرێت و پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێ ، ئەوەش دەزانن بەو حکومەت وپەڕلەمانە گەندەڵە ناکرێت ،لەڕاستی دا سەردەمی ئەوە بەسەرچو لەڕێگەی حزبەوە گۆڕانکاری بەئاڕاستەی چاکسازی بکرێت ، خەڵک وشیارەو گردبونەوەو بڕیاردان ئاسان بوە ، پێویست بەڕایەڵەی حزبی ناکات بەڵکو ڕایەڵەی تەکنەلۆژیا زۆر بەهێزترو ئاسانترە، بۆیە دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عبدلمەهدی هیچ کەس ولایەنێک ناتوانێ ئەوپۆستە وەربگرێت ، لە ئێستادا گۆڕەپانی تەحریر باڵی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا کێشاوەو تازە بەبێ ڕەزامەندی شەقام هیچ بڕیارێک لە عێراق سەرکەوتو نابێت جگە لەدەست لەکارکێشانەوەی خۆیان نەبێت .

گۆڕەپانی تحریر هەنگاوی گەورەی ناوە هەم لەناوخۆو هەم لەئاستی نێودەوڵەتی ئێستالە ئەنجومەنی ئاسایش ولەسەر ئاستی جیهان خوێندنەوەی جدی بۆدەکرێت کەبەشێکی زۆری ئەو حسابەش پەیوەندی بە هەژمونی ئێرانەوە هەیە، بۆیە هاوپەیمانان دەیانەوێت ئێران لە قالب بدەن ئەوەش بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە عێراق بەدی نایەت ، بەشێکی تریشی پەیوەندی بەداواکاری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقەوە هەیە کە چیتر ناتوانن بێ دەنگ بن لە ئاستی ئەو هەو زوڵم زۆرەی کەدەکرێ .

دیارە هەمو ئەو قەیران و گۆڕانکاریانەی لەعێراق ڕودەدات هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوەلەبەر ئەوەی ناڕەزایەتی لەهەرێمیش هیچی لە عێراق کەمتر نی یەو بەڵکو زۆر زیاترە، شکستەکە بەجۆرێک ڕوی لەهەرێم کردوە کە لەکاتی هەژمون ولوتکەی دەسەڵات لەبەغدا هەرێم نەوتی ڕادەست نەدەکردو داوای ئابوری سەربەخۆی دەکرد ئێستا نەسەرۆکی حکومەت ماوە و هیچ گرنتیەکیش نیە داهاتوی پەرلەمان چی دەبێ ڕەنگە پەرلەمنیش لەسەر هەڵوەشانەوە بێ .

بۆ داهاتو پێم وایە هەرێم لەگەڵ ساحەی تحریر ڕێکبکەوێ ئایندەی باشتردەبێت نەک لەگەڵ حکومەتێکی ڕوخاوی بێ خاوەن

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP