هەواڵی ئەمڕۆ

یەكێتی و كۆنگرە

هێمن غازی - 3-12-2019 - 3849 جار خوێندراوەتەوە

زۆرینەی ئەندام و لایەنگر و قاعیدەی جەماوەری یەكێتی چاویان لەوەیە كە یەكێتی كۆنگرەی خۆی بگرێت و دووبارە بچێتەوە سەر شاڕێگەی راستەقینەی خۆی كە ئێستا بەهۆی بەرژەوەندی بەرتەسكەوە رۆژ دوای رۆژ یەكێتی لەسەر رێگە راستەكەی خۆی لادەیەن و نایانەوێت ببێتەوە بەیەكێتییەكەی مام.

ئەگەرچی دەبوو ئێستا ئامادەكاری تەواو بوایە بۆ بەستنی كۆنگرە، بەڵام پرۆسەی ساز كردنی كۆنگرە زۆری ماوە كە بەو هێواشی و خەم ساردییە ئەستەمە كۆنگرە لەم ساڵ ساز بكرێت.

بۆچی هەندێك لە كۆنگرە دەترسن؟
بەداخەوە زۆرێك لە قارەمانەكانی رابردوو كە ئێستا بوونەتە پیاوی دراو تووشی فۆبیای متمانە بوون، ئەوان ئەزانن كە لەناو كۆنگرە كارتی سوریان لێبەرز ئەكرێتەوە و بەرهەمی ئیشوكارەكانیان وەرئەگرنەوە، چونكە لەمێژە كادیرانی یەكێتی دەیانەوێ هەندێك سزا و هەندێكیش پاداشت وەرگرن، كۆنگرە پێدەچێت پردی سیرات بێت بۆ ئەوانەی سور دەزانن تێیدا سەركەوتوو نابن بەو شێوەیە ئەو جۆرە كەسانە نایانەوێ كۆنگرەیەكی شەفاف بكرێت و چاویان لەوەیە بە بەش بەشێنە بڕۆنە ناو ئەو لیستانەی كە بەناچاری دروست دەكرێن و وەك واقع بەسەر ئەندامان دەسەپێت.

ئێستا كاتییەتی كە بوار بە نوێبوونەوەی یەكێتی بدرێت و حزبی شەهیدان لە رێگەی بەستنی كۆنگرە نوێبێتەوە و كۆتایی بێت بەم سەردەمی پاشاگەردانییە كە خەریكە جەستەی ئەم حزبە قارەمانە دائەڕزێنێت كاتییەتی كۆتایی بە فۆبیای كۆنگرە بهێنرێت و بە بەرچاوی جەماوەری یەكێتی ئەم حزبە قارەمانە لەسەر رێبازەكەی مام بەردەوامبێت .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP