كۆنگره‌ی حزبی خانوه‌ قوڕه‌كان

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 2-12-2019 - 4227 جار خوێندراوەتەوە

چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ قه‌یتول "گوندێكی به‌ناوبانگی سنوری قادركه‌ره‌مه‌" پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن له‌ خانوه‌قوڕه‌كه‌یدا بۆ دووری ئه‌ڕوانی ، پێی وتم مه‌سئوله‌كان ماون، ناوی چه‌ند كه‌سێكی برد ، وتم ماون ، وتی تا مێگه‌ل مه‌ڕو كوڕو سه‌كۆ هه‌بوو شه‌ورۆژ لێره‌ بوون، ئێستا ئه‌وانه‌ نه‌مان و مه‌سئوله‌كانیش هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌ ئه‌ی بۆ نایه‌ن سه‌رمان لێناده‌ن، دڵم نه‌هات بڵێم نه‌ك ئۆتۆمبیل ئێستا كۆپته‌رو فڕۆكه‌شیان هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌لارو ڤێللاو قه‌نه‌فه‌كان خانوه‌قوڕه‌كانی ئێوه‌یان بیر بردونه‌ته‌وه‌.
مام جه‌لال زۆر باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كرد بۆ خانوه‌ قوڕه‌كان، لێ‌ كه‌س نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خانوه‌ قوڕه‌كان و له‌ زۆربه‌ی گونده‌كاندا هێشتا بۆنی ئه‌نفال دێت

 

مام جه‌لال زۆر باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كرد بۆ خانوه‌ قوڕه‌كان، لێ‌ كه‌س نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خانوه‌ قوڕه‌كان و له‌ زۆربه‌ی گونده‌كاندا هێشتا بۆنی ئه‌نفال دێت، ئێستا كه‌ حزبی خانوه‌ قوڕه‌كان پاش چه‌ندین ساڵ دواخستن و له‌ بیرچوون كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، ئاخۆ ده‌توانێت ببێته‌وه‌ حزبی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی نان و نوێنی باشی خۆیان به‌وان ده‌به‌خشی و ئومێدیان پێیان هه‌بوو، له‌و هه‌زاران چیرۆكه‌ تراژیدیه‌ بگه‌ڕێ‌ كه‌ له‌ سایه‌یاندا ده‌گوزه‌را، به‌ڵام خه‌ڵك ئومێدی پێیان بوو، ئێستا كه‌ ئومێد نه‌ماوه‌و به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كان سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌مووشتێك هێشتا ملیۆنه‌ دۆلار كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ ته‌مای مردن نین ، ئاخۆ لانی كه‌م كاتی ئه‌وه‌ نیه‌ گۆڕانكاری  له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێبكات، له‌سه‌ره‌وه‌ به‌و مانایه‌ی ئه‌رێ‌ لانی كه‌م له‌ 1991ه‌وه‌ تا ئێستا ماندوو نه‌بوون، ناتانه‌وێ‌ پشوو بده‌ن ، چیتر چیتان گه‌ره‌ك.
هه‌رچه‌ند من ده‌مێكه‌ بڕیاری خۆم داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌مانبووه‌ شۆڕش نه‌بووه‌و جۆرێك بووه‌ له‌ هه‌را

 

هه‌رچه‌ند من ده‌مێكه‌ بڕیاری خۆم داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌مانبووه‌ شۆڕش نه‌بووه‌و جۆرێك بووه‌ له‌ هه‌را، وه‌ك چۆن هه‌ندێك ده‌ڵێن هه‌راكه‌ی برایم خان، یان سمكۆی شكاك نه‌ك شۆڕش، ئه‌وه‌ی خوێنه‌وارو رۆشنبیره‌كان حه‌زده‌كه‌ن وای ناوبنه‌ن، به‌ڵام هه‌را یان شۆڕش ئیتر كاتی گۆڕینی ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌و ده‌م و چاوه‌كانه‌، هه‌ر لانی كه‌م باره‌گا قوڕاویه‌كانی خۆیان بیربكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ناوزه‌نگ و ڕاژان و چیوه‌رۆو شوێنه‌كانی تر، بیریان بكه‌وێته‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌یانه‌وێ‌  چیی تریان هه‌بێت، دۆستێك نووسیبووی هه‌ندێ‌ كه‌س هه‌موو رۆژێكی پێشمه‌رگایه‌تیان له‌ سه‌ر میلله‌ت ملیۆنێك دۆلار كه‌وتووه‌ ، ئه‌حلام موسته‌غانمی باسی هه‌مان ئازار ده‌كات.
ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ هه‌ر بۆ ده‌رچوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌م و چاوانه‌ی رابردووبێت، نه‌بوون و نه‌به‌ستنی باشتره‌

 

هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ هه‌ر بۆ ده‌رچوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌م و چاوانه‌ی رابردووبێت ، نه‌بوون و نه‌به‌ستنی باشتره‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو حزبه‌كان وایه‌، ده‌كرێت ئه‌زمون له‌ شوێنێكی ترو به‌ ناوێكی تره‌وه‌ سودی لێببینرێت، مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر عه‌رش و هه‌ڵپه‌ی ڕه‌وایی دان به‌و مانه‌وه‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌ نادادی و سته‌م، لێگه‌رێن بزانن كوڕه‌كان چی ده‌كه‌ن، خۆ ئێمه‌ومانان خه‌مه‌كه‌مان بۆ ته‌ناهیه‌، ده‌نا هه‌رچی رووبدات "نه‌ناقه‌و نه‌حوشترهی ئێمه‌ نین".

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP