یەکێتی لە نێوان سازان و ترازان

قادر ئیسماعیل قەرەداغی - 30-11-2019 - 1527 جار خوێندراوەتەوە

 ئەو پرسیارەی لە مێشکی خەڵکی ئەم هەرێمە یە ئایە یەکێتی  لە دۆخە دژوارە دەیەوێت کۆنگرە بکات بە نیازی چییە.

ئەگەر ئەو پرسیارە سادەیە لە خەڵکێکی ئاسایی نەک سیاسی بکەیت بێ دوو دڵی پێت دەڵێ عێراق لە لێواری شەڕێکی ناوخۆدایە، دۆخی خزمەتگوزاری خەڵکی هەرێم لە ئاستی پێویست نیە، حکومەت زیاتر لە دە مووچەی فەرمانبەران قەرزارە ، وچەندان مەترسی دیکە کە ڕاستەوخۆ ونا ڕاستەوخۆ پریشکی بەر یەکێتی دەکەوێت. ولەم کاتەدا کۆنگرە شتێکی سەیر و نامۆیە و هیچ حزبێک لە دۆخێکی ناجێگیری سیاسی و ئابووری کۆنگرە ناکات.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایە کۆنگرە لە پێناوی چی دایە؟

ئایە دەیانەوێت بە خۆ ڕێکخستنەوە و دەموچاوی تازەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان و ئەم دەڤەرە بکەن ؟؟

یان دەیەوێت ڕۆڵی حزبەکەیان لە ئیدارەدانی ناوچەکە وحکومەت بەهێزتر بکەن .
یان تەنها دەیانەوێت هەندیک کەس و دەموچاو بهێننە پێشەوە و هەندێک دوور بخەنەوە!!!!

یەکێتی لەم دەڤەرەی حوکمڕانی تێدا دەکات وەک کەلتووری لێهاتووە ، بۆیە ئەو خەڵکانەی کە یەکێتیش نین جێگیربوونی دۆخی یەکێتی مەبەستیانە.

هەرچەندە یەکێتی نەیتوانیوە بە تەواوی بیپێکی و نەیتوانیوە بە ژیری و جوانی  ئەوخزمەتەی کردویەتی تەوزیفی بکات وسەرنجی  زۆرینەی خەڵکی زۆنی  سەوز بۆخۆی ڕابکێشێ و  تەنانەت زۆر جار دڵسۆزانی حزبەکەی دوور خستووە وفەرامۆشی کردوون.

 بەڵام لەگەڵ هەموو کەموکورتیەکانی بە هۆی ئەو ئازادییە سنوردارەی فەراهەمی کردووە و چەندین کاری دیکە لایەنە پۆزەتیڤەکانی تۆزێک زیاترە و لەم قۆناغە بووەتە زەرورەت و هەتاکو ئێستا هیچ بەدیلێکی واقعی بۆ دروست نەبووە.

بەو پێیەی یەکێتی وەک کەلتووری لێهاتووە بۆیە دۆست و  نەیاری نابێ حەز بە لاوازی و کەوتنی بکەن.

بۆیە بڕیاری ئەنجام دانی کۆنگرە لەم دۆخە دژوارە کە ناوچەکە هەمووی دەکوڵێ ریسکە بە مێژوو و خەباتی یەکێتی و جگە لە سازانی نێوان سەرکردەکان هەر کارێکی دیکە بکرێت وەک (خۆ کوشتن) وەهایە!!!

چونکە لەم دۆخەدا کاتێک کاریزما و کەسە دیارەکانی دوور بکەوێتەوە یان زوێر بن یان زوێر بکرێن ، جگە لە زیان بە پەیکەری حزبی یەکێتی، زیان بە بناغەی جەماوەری یەکێتی دەگات ، دوور نیە ئەگەری خراپتری بە دواوە بێت ، وخەڵک زەرەرمەند بن.

‌بۆیە پێویستە لەم قۆناغە یا کۆنگرە نەکرێت یان سازان لە نێوان سەرکردەکانی بکرێت وهیچ کاریزما و کەسایەتیەکی دیاری فەرامۆش نەکرێت، و هەروەها هەوڵ بدرێت  دەموچاوی تازەی مەقبول بهێنرێتە پێشەوە و بایەخ بە گەنجی دڵسۆز بدرێت.

بۆیە ئەگەر بریاری ئەنجام دانی کۆنگرە کۆنکریتیە وناگۆڕدرێت دەتوانرێت سیستمی نوێ بۆ سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی یەکێتی بەرپا بکرێت و  ڕۆڵی سەرکردە دڵسۆزەکانی ( سلێمانی و  هەولێر و گەرمیان وگەرمەسێر ) فەرامۆش نەکرێن لە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی.

بۆیە جگە لە سازان، ترازان دروست دەبێت وتەنها ژمارەیەکی زۆر کەم قازانج دەکەن و دوور نیە جگە لە ترازانی ناوخۆیی دۆخی خەڵکی ئەم زۆنەش زەرەر مەند بن وکاردانەوەی خراپی هەرێمی ونێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە وتەنها نەیاران قازانج دەکەن.

بۆیە پەلە نەکردن و بیرکردنەوەی ژیرانە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە و یەکێتیە دڵسۆزەکان دەبێ لە نێوان سازان و سازان هەر تەبایی هەڵبژێرن. وریسەکە لە خۆیان نەکەن بە خوری.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP