مەترسیەکانی دواخستنی کۆنگرەی (ی ن ک)!

کاروان عەلی شامار - 30-11-2019 - 1956 جار خوێندراوەتەوە

دوای چاوەروانییەکی زۆر یەکێتی بریارە دروستەکەیدا کە بەستنی کۆنگرەیە، قۆناغی یەکەمی کۆنفرانسی کۆمیتەکان بەسەرکەوتوی کۆتایی ھات، وا بریاربوو کۆنفرانسی مەڵبەندەکانیش لەسەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجامبدرێ، لێ ھەنوکەو بێ ھیچ پاساوێک باڵێکی لۆکاڵی و بەرژەوەندخوازی نێو حیزبەکە لەپشت پەردەوە لەھەوڵی پەکخستن و ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی مەڵبەندەکانەوەیە! ئەم بریارە زیانی گەورە بە یەکێتی دەگەیەنێ، وە زادەی ئەو مێنتاڵەیە کە ھەرگیز نایەوێ حیزبی شەھیدان بکەوێتە سەر سکەو شارێگە! سودمەندی یەکەمیش لەم بریارەدا تەنھا کەمینەیەکی نێوخۆی و نەیارانی حیزبەکە دەبن.
ئەو کەسانەی خواستی بەستنی کۆنگرەیەکی نەوعی و سەرکەوتوو ناکەن بۆ یەکێتی لە مێژە وازیان لەکاری حیزبی ھێناوەو بەدوای بزنس و بەرژەوەندی تایبەتیەوەن

 

ئەو کەسانەی خواستی بەستنی کۆنگرەیەکی نەوعی و سەرکەوتوو ناکەن بۆ یەکێتی لە مێژە وازیان لەکاری حیزبی ھێناوەو بەدوای بزنس و بەرژەوەندی تایبەتیەوەن، لایان گرنگ نییە حیزبەکەی مام لە کوێی ھاوکێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندایەو بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێ! ئەوەی گرنگە بۆ ئەوان پاراستنی پێگەو سامان و داھاتوی خۆیان دەست و پێوەندەکانیانە.

کوردستان و عیراق بەبارودۆخێکی ھەستیارو نەخوازراودا گوزەر دەکا، سەرباری ھەبونی پلانە ئیقلیمیەکان ناوچەکە دەرگیری ئاڵنگاری گەورە بۆتەوە، یەکێتیش وەک ھێزێکی گەورەو کاریگەر بەھۆی سەرقاڵی بە کێشە ناوخۆییەکانەوە تارادەیەک پاسیڤەو ھیچ پلان و ستراتیجێکی تایبەتی لەھەمبەر روداوەکاندا نییەو تارادەیەک لەئاست گۆرانکاریی و پێشھاتە سیاسیەکانی ناوچەکەدا دەستەوەستانە!
بەستنی کۆنگرە ھیوایەکی باشی بە کادیرانی (ی ن ک)بەخشی بوو، ھەموو کاست و ئۆرگانەکانی حیزب بەجۆش و خرۆشەوە بەشدارن لەپرۆسەکەدا

 

بەستنی کۆنگرە ھیوایەکی باشی بە کادیرانی (ی ن ک)بەخشی بوو، ھەموو کاست و ئۆرگانەکانی حیزب بەجۆش و خرۆشەوە بەشدارن لەپرۆسەکەدا، لەوەش گرنگتر ھاوڵاتیانیش ئومێدێکی گەورەیان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە ھەڵچنی بوو، چون یەقین بوون لەوەی باشبونی دۆخی حیزبەکە نەک تەنھا بۆ یەکێتیەکان وەلێ بۆ دەڤەری سەوزو ناوچەکانی تریش ئاکامی باشی دەبێ وەک (گەرانەوەی ھاوسەنگی ھێز و بوژانەوەی ئابوری و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی)، بەپێچەوانەشەوە راستە!

ئەرکی سەر شانی دڵسۆزانی رێبازی مام و ئەو سەرکردانەی کە لەخەمی ھەستانەوەی یەکێتیدان رێگری بکەن لە ھەر ھەوڵێک کە بە ئاقاری دواخستنی کۆنگرەدابێ. ئەو ئاراستەیەی کە نایەنەوێ کۆنگرە ببەسترێ ئەوانەن کە لە کۆنفرانسی کۆمیتەکان شکستیان ھێناوە، ھەموو ئەو روخسارانەن کە ساڵانێکە یەکێتی دادو بێدادیەتی بەدەستیانەوەو بارن بەسەر حزبەکەوە، کادیرانی یەکێتی لەمێژە باجی ھەڵەو نەنگی و کەموکوریەکانی ئەوان دەدا.
کۆنگرە بووە بە زەروریەتێکی حەتمی و ھیچ ئەرگومێنتێک نەماوە بۆ نەبەستنی. دەبێ یەکێتیەکان چیتر لێنەگەرێن یاری بە چارەنوس و مێژوی پڕ سەروەری و خوێنی شەھیداکانیانەوە بکرێ

 

کۆنگرە بووە بە زەروریەتێکی حەتمی و ھیچ ئەرگومێنتێک نەماوە بۆ نەبەستنی. دەبێ یەکێتیەکان چیتر لێنەگەرێن یاری بە چارەنوس و مێژوی پڕ سەروەری و خوێنی شەھیداکانیانەوە بکرێ، دەرفەت و ھەلێکی باش ھاتۆتە پێش بۆ نوێبونەوەو ھاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک فیگەر و خوێنی نوێ، نابێ ئەو ھەلە لەبار ببرێ، سەرکەوتنی ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستن و نەبەستنی کۆنگرە دەبێتە ھۆی بەردەوامی دۆخی ناتەندروستی یەکێتی و مانەوەی ئەو سەرکردانەی کە بەدرێژای تەمەنی حیزبەکە روخساریان لە گۆرەپانی سیاسی ھەرێمدا دوبارە دەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP