بەپەلە

کۆنگرەی یەکێتی و کەرتی تەندروستی

سیامەند خەلیل - 21-11-2019 - 2397 جار خوێندراوەتەوە

لەمرۆژانەدا کە یەکێتی سەرقاڵی کۆنگرە و تێپەڕاندنی تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکانیەتی، لەکاتێکدا ئەندام و لایەنگر و تەنانەت هەوادارانیش جموجوڵیانە و خەریکن لەم کۆنگرەیەدا شتێکیان پێ ببڕێت، هێشتا ئومێدی چارەسەر و باشترکردنی دۆخی یەکێتی و چالاککردنەوەی ئەم حزبە وەک هێزێکی کاریگەر بۆ بەڕێوبەرێتی کایە جیاجیاکانی حوکم و دەسەڵات درێژەی هەیە.

لە هەڕەمی بەرپرسیاریەتی ئەم حزبەدا چەندە لە سەرەوە بەرەو بنکەی جەماوەریەکەی شۆڕببیتەوە، هێندەش ئومێدی نوێبوونەوە و چاکبوونەوەی یەکێتی زیاترە، هەرئەمەش خاڵی بەهێزی یەکێتی بووە لە قۆناغە جیاجیاکاندا.

کەواتە بەگوێرەی ئەم هاوکێشەیە بێت حەقی خۆیەتی هاوڵاتی ئاسایی بەتایبەت هاوڵاتیانی زۆنی سەوز کارتێکراوبن بە ئەنجامی کۆنگرەکەی یەکێتی، چونکە لەدوای قەیرانی داراییەوە هەتا ئێستاش ئەم سنورە لە خوێنبەربوونێکی ئابوریدا دەژی

ئەگەر بۆ یەکێتیەکان گرنگ بێت هەیکەلیەتی ئاییندەی حزبەکەیان چۆن دەبێت و مەنهەجیەتی کارە رێکخراوەییەکانی چی دەبێت، ئەوا بۆ هاوڵاتیان شێوازی فەرمانڕەوایی ئەم حزبە گرنگترە و هێشتا تروسکایی هیوایەکی ماوەتەوە کۆنگرە ئەگەر تۆسقاڵێکیش بێت کاری دەوڵەتداری لەم ناوچەیە رێکبخرێتەوە بەتایبەت لە سێکتەرە گرنگەکانی پەروەردە و تەندروستی

دۆخەکە بەم شێوەیەیە بەهەر شەقامێکدا تێپەڕدەبیت دەیان و بگرە سەدان نەخۆشخانەی ئەهلی بەدیدەکەیت کە هەموو سەردانیەکی پزیشک و چارەسەر یەک لە چواربەشی موچەی فەرمانبەرێکی دەوێت، تا دێت خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی کەرتی حکومی بە مەبەست و بێ مەبەست سنورداردەکرێت و کۆمپانیاکان جێگەی دەگرنەوە، سەندیکاکان کە لەژێر سێبەری ئەم حزبەدا کاری رێکخراوەیی و رێکخراو دەکەن دەرمانخانە بەهۆی هەرزانفرۆشی نەک گرانفرۆشی دادەخەن و سزایان دەدەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بیانوی کوالتی هەر کلینک و تاقیگەیەک دادەخەن کە نرخیان گونجاوبێت، سەدان پزیشک ئیدعای هەرزانی نرخی کلینیک دەکەن وبازرگانی دەرمان دەکەن، ژمارەی نەخۆش لەم ناوچەیەدا لەهەموو ژمارەیەکی دیکە زیاترە و تەنانەت پێشوازی لە ژمارەی زۆری نەخۆش وەک شانازی لە ئاماری ساڵانەدا بڵاودەکرێتەوە

هەرکەسێک بەنێو ئەم شارەدا تێپەڕێت بەروونی درک دەکات ئێرە نەخۆشخانەیەکی گەورەیە و بەهەرنرخێک بووە هەمووان سەرقاڵی فرۆشتنی دەرمانن. لە ئێستادا هیچ شتێکی دیکە هێندەی نەخۆشخانە و چێشتخانە  و کافتریا لەم ئاوەدانیەدا بڵاونەبووەتەوە وەک ئەوەی خواردنی ناتەندروست و دەرمان پشکی سەرەکی داهاتبن.

کۆنگرەی یەکێتی چەندە دەتوانێت ئەم واقعە تاڵە بگۆڕێت بەتایبەت کە لە رابردوودا تێڕوانینی ئەم حزبە بۆ کەرتی تەندروستی تێڕوانینێکی تاڕادەیەک سۆشیالستی بووە و پێداگری کردووە کە بەشی زۆری کۆمەڵگە بەتایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهید و ئەنفال و خەڵکی کەم دەرامەت لانی کەم هێندەی ئەوە مافیان بۆ بگەڕێتەوە کە لە نەخۆشی و مەینەتیدا نەکرێنە کاڵای بازرگانی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP