بەپەلە

سه‌رنجی یاسایی زیاتر له‌ باره‌ی هه‌مواری ده‌ستوری عێراقه‌وه‌

دانا دارا حسین - 20-11-2019 - 2225 جار خوێندراوەتەوە


ده‌ستور یاسای بڵند و شكۆمه‌ندی وڵاته‌، كه‌ له‌ سیستمی په‌یكه‌ره‌ یاساییه‌كه‌یدا به‌رزترین پێگه‌ی هه‌یه‌، وه‌ هه‌موو ته‌شریعاته‌كانی ده‌رچوو له‌ وڵاته‌كه‌دا ده‌بێت شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی له‌وه‌وه‌ وه‌ر بگیرێت.

به‌ڵام به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی ژیان و گۆڕانی سیاسی و بارودۆخه‌وه‌ ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ستوریه‌ش پێویستی به‌هه‌مواره‌ كه‌ له‌ ساده‌ترین پێناسه‌ی دا بریتیه‌ له‌:چاوپێداگێڕانه‌وه‌ی  ده‌قه‌ نوسراوه‌كانی  ده‌ستوره‌كه‌ به‌ گۆرانكاری یاخود لابردن یاخود زیاد كردن دێت.

وه‌ ئه‌م پڕسه‌یه‌ پێویسته‌ پاساوی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستور هه‌موار بكرێته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:

1- گونجاندن و هاوشانی له‌گه‌ڵا گه‌شه‌سه‌ندن و بیرۆكه‌ نوێ كانی ناو كۆمه‌ڵگا.
2- چاك كردن و كۆتایی هێنان به‌ ناته‌واوی یه‌كانی نێو ده‌قه‌ ده‌ستوریه‌كه‌.
3- پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌رله‌نوێ‌ دابه‌ش كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوریه‌كانی نێو ده‌سه‌ڵاته‌ دابه‌ش كراوه‌كان.
4- گه‌شه‌پێدانی سیستمی سیاسی وڵات.

- ڕێكاره‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌مواری ده‌ستور:

1- له‌ده‌قه‌ ده‌ستوریه‌كانی ده‌ستوری عێراق دا بۆ ڕێكاره‌كانی هه‌مواری ده‌ستور جیاوازی كردووه‌ له‌ نێوان ئه‌و هه‌موارانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی فیدراڵیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌و هه‌مواره‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

مادده‌ی 126: به‌سه‌رجه‌م بڕگه‌كانیه‌وه‌ ئه‌م پرسه‌ی ڕێكخستووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجام دانی هه‌مواره‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ به‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێ‌ كردن كه‌ سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌یه‌كه‌وه‌ پێشنیازی هه‌مواره‌كه‌ بكه‌ن، یاخود(1\5)ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌م پێشنیازه‌ بكه‌ن دواتر ئه‌م پێشنیاره‌ ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ وه‌ ده‌بێت به‌ یاسای هه‌مواری ده‌ستور وه‌ به‌ڕێژه‌ی ده‌نگدانی زۆرینه‌ی (2\3)ی ده‌نگی ئه‌ندامان په‌سه‌ند ده‌كرێت، پاشان ده‌چێت بۆ ڕاپرسی جه‌ماوه‌ری، و مه‌رجه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ڕاپرسیه‌كه‌ش ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ست بهێنێت و پاشان ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی سه‌رۆك كۆمار بۆ (تصدیق)كردن.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری ئه‌و ده‌قه‌ ده‌ستوریانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ (كه‌ له‌ عێراقی فیدراڵا دا ته‌نها یه‌ك هه‌رێم هه‌یه‌ تا ئێستا) ئه‌وا پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه‌كه‌ بدرێت له‌سه‌ری و دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌ ڕاپرسی له‌سه‌ر ئه‌نجام بده‌ن و پاشتریش ده‌بێت بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆك كۆماریش ڕاستاندنی بۆ بكه‌ن.

2- هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه‌ و قوڕس و گرانییان له‌ په‌یڕه‌و كردن و به‌ده‌ست هێنانی ئه‌نجام، پێمان ده‌ڵێت  كه‌ ده‌ستوری عێراق له‌ جۆری ده‌ستوره‌ جامده‌كانه‌ و ئاسان نیه‌ هه‌موار كردنی.

3- سه‌باره‌ت به‌ ئیشكالیه‌تی پشتیوانی یاسایی له‌ ده‌قه‌ ده‌ستوریه‌كه‌دا بۆ هه‌موار كردن، ئه‌وا پێویسته‌ سه‌ره‌تا كار به‌ مادده‌ی (142)ی ده‌ستوره‌كه‌ بكرێت، هه‌روه‌ك له‌ بڕگه‌ی چواره‌م له‌ مادده‌ی(142)هاتووه‌ كه‌ كار به‌ مادده‌ی (126)ی ده‌ستور بۆ هه‌موار ناكرێت تا به‌پێی مادده‌ی (142) هه‌مواره‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ یه‌كلا نه‌كرێته‌وه‌ و له‌ ڕاپرسیه‌كی گشتیدا به‌ڵێ‌ ی بۆ نه‌كرێت.

4- ڕاستیه‌كی گرنگ هه‌یه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی ووردی هه‌ردوو مادده‌ی (126) و(142)ی ده‌ستوردا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌:
هه‌موار به‌ پێی مادده‌ی (142) هه‌موو حوكم ومادده‌كانی ده‌ستور ده‌گرێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌موار به‌پێی مادده‌ی(126) بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان و ماف وئازادیه‌كان و كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌كان ناگرێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كاتێك هه‌مواره‌كه‌ به‌پێی مادده‌ی(142) كرا به‌ ئامانجی كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم و ئیلغا كردنه‌وه‌ی كۆی سیسته‌می فیدراڵی له‌ عێراق.

5- دادگای باڵای فیدراڵی له‌ بڕیاری خۆیدا به‌ ژماره‌ (54/ اتحادیه‌/2017 له‌ به‌رواری 22/5/2017) هه‌ستاوه‌ به‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو مادده‌ی (126)و (142) ده‌ستوری عێراق كه‌ پوخته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌: له‌كاتی پێشكه‌ش كردنی پێشنیازی هه‌موار كردنی مادده‌یه‌ك یاخود زیاتری مادده‌كانی ده‌ستور، ئه‌وا مادده‌ی (126) جێبه‌جێ‌ ناكرێت تا پێشنیاری ئه‌م هه‌موار كردنه‌ ئه‌نجام نه‌درێت كه‌ لیژنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی (142)ی ده‌ستور هاتووه‌ په‌یڕه‌و نه‌كرێت.

واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌موار كردنی ده‌قه‌كانی ده‌ستور  ده‌بێت سه‌ره‌تا به‌ مادده‌ی (142)ی ده‌ستور بكرێت پاشان په‌یڕه‌وی له‌ مادده‌ی (126) بكرێت.

6- هه‌موان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن كه‌ ژینگه‌ی سیاسی و گوزه‌ران و قه‌یرانه‌كان له‌ عێراق دا هیچ له‌بارنیه‌ بۆ ئه‌نجام دانی وه‌ها هه‌موارێك، كه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ گره‌نتیه‌ك نیه‌ پێگه‌و سه‌نگی كورد تیایدا لاواز نه‌بێت و سه‌رنه‌كێشێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی له‌ عێراق دا وه‌ ئه‌وه‌ی كورد به‌ده‌ستی هێناوه‌ له‌بار بچێت!!

7- ده‌فه‌تی یاسایی به‌هێز بۆ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆریه‌نی (2\3)ی (3)پارێزگا ئه‌م هه‌مواره‌ ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد هه‌بوو، وه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ خراپانه‌ له‌به‌رچاو بگرێت و بۆ هه‌ر دۆخێك شێوازی مامه‌ڵه‌ی دروست بۆ دۆخه‌ په‌یڕه‌و بكات، وه‌ له‌نادیده‌ گرتنی ئه‌م پرسه‌دا ئه‌وا زیانی به‌كۆِمه‌ڵا چاوه‌ڕێی هه‌موان ده‌كات.
                                  

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP