بەپەلە

سەرۆک و سەمفۆنیایەکی ناساز

دانا هەڵەبجەیی - 15-11-2019 - 1879 جار خوێندراوەتەوە

زانستی بەڕێوەبەرایەتی؛ زانستێکە کە کۆمەڵێک فاکتەری زیندووی مرۆڤناسی و زانستی لە خۆی ئەگرێت، کە هەمیشە و بە بەردەوامی پیویستی بە نوێ بوونەوە و هەڵکردنەوە هەیە. بە کوردییەکەی یاری منداڵان و پیشەی بێ پیشەیان نییە، بە تایبەتی ئێستا کە ئاوێتەی تەکنەلۆژیا و تۆڕی پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت بووە، کە بڕبڕەی پشتی ئینترانیتی ناوخۆی دەزگا و دەسەڵاتدارییە.
چ جا بەوەی کە سەرۆک بیت، جا ئەگەر کەسی یەکەم و بەڕیوەبەری کۆمپانیا و کارگە، دەزگا، حیزب، حکومەت و وڵات بیت، ئیتر گەرەکە قالبووی زانستی بەڕێوەبردن بیت، ئەگینا بێ یاسایی و پاشاگەردانی، گەندەڵی و ڕوەمەڵخەزان، ئەبێتە دیاردە و لە هەر کونج وکەلەبەرێکی ولات، بێ زانایی ئاش نۆرمالیزە ئەبێت.
کێشە و بیماریی دیکتاتۆربوون و خۆ بە هەموو شت زان، لەوەدا سەرچاوە وەرئەگرێت، کە کولتووری کاری گروپ نەگەیشتبێتە هزری تاکەکانی ئەو تاقمەی دەستەکە و ئەو تاکەی کە خۆی بە سەرۆک ئەزانێت.
بە باشی ئەزانم، نمونەیەکی هاوشێوە و هاوتاگەریی سانا و ساکار بە یادی خوێنەر بێنمەوە کە سەرۆک وەک مایسترۆ و گروپەکەشی وەک تیمی سەمفۆنیا وێنا بکەم.
مایسترۆ ئەگەر جوانترێن نۆتی موزیک(ئایدیۆلۆژیا) و شاکارترین سەمفۆنیای ناسراوترین موزیسیۆنی دنیا(بیردۆزی ڕۆشنگەران)ی لەبەر دەستدا بێت، ناتوانێت دەنگێک دەربێنیت، ناتوانێت گوێ قوڵاغی ئاوازێکمان بکات، ئەگەر ئامێرژەن و سازژەنی کارامەی لە بەردەستدا نەبێت و بۆی نەژەنێت.
کەواتە مایسترۆ(سەرۆك) هیچ نییە ئەگەر موسیزیۆن(تیم)ی لەگەڵ نەبێت. نە خاوەنی سەمفۆنیایە و نە خاوەنی پانێڵ و شانۆیە. هیچ کەسێک بە تەنیا نابێتە شت، ئەگەر شتی لەگەڵ و پێ نەبێت. هیچ شتێکیش نابێتە کەس، ئەگەر کەسی لەگەڵ نەبێت.
مایسترۆ با جوڵەی پەنجەی هونەری بێت، با نۆتەی بەردەستی شاکاری بیتهۆڤن بێت، با لە لۆکسترین شانۆی ڤیەننا بێت، با باڵاترین و زەنگینترین میوان لە هۆڵەکەدا ئامادە بن، ئەگەر تیمی سازکار و سازژەن موزیک نەژەنن، وەک شێت و دێوانە و نمایشکارێک دێتە بەرچاوی ئامادەبووان.
لێرەدا کار و فەرمانی گروپ بە کولتووری پێکەوەیی و پێکەوە ئەتوانرێت، جوانترین ئامانج و شاکار بهێنێتە بەرهەم، نەک بە کە خۆبادان و نمایشی تاکێک کە بتوانێت جڵەوی ئەسپی هەموو بگرێت و وا خەیاڵ بکات؛ ئەو وەک تاک هەموو شتە و بێ وی ژیان ئەوەستێت، کە ئەمە نیشانەکانی نەخۆشی دیکتاتۆرێتی و خۆ بە هەموو شت زانییە.
هەر بۆیە لەم سەردەمەدا مرۆڤ ناتوانێت فریای هەموو بابەتێک بکەوێت و خۆی بە گوگڵ بزانێت، ئەگەر مرۆڤێک خۆی بە هەموو شت بزانێت، با خاوەنی گەنجی سڵێمانیش بێت، با مێگەڵیک لە نەفامان لە پشتیشییەوە بن، با دەسەڵاتیشی لەزەوی ڕەنگ بداتەوە، ئەوا خەڵکی ئەم سەردەمە لای ناپەسەندە .
جوانترین بەرهەمی هونەری لە کارامەیی مایسترۆ و هونەرمەندیی ژەنیارەکانی سەرچاوە وەرئەگرێت، نەک لە جوڵەی بێ مانا و نمایشی منداڵانەی مایسترۆکەی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP