گەمەی نوسەری گاڵتەجار

دانا مەنمی - 21-03-2017 - 5820 جار خوێندراوەتەوە

دانا مەنمی 

نوسەری گەمەكار هەمیشە لە ئاوی لێڵ دا مەلە دەكات و لە رووت بوونەوە ئەترسێت ، چونكە وەزن و قیاس و هەگبەی خۆی دەناسێت كە ئەگەر ژینگەی سیاسی لە بار نەبێت بۆ دەمشڕی و هۆنینەوە و هەلبەستنی تۆمەتی سیاسی خۆری تەمەنی لە ئاوابووندا دەبێت .


دەشێ نوسەرو رۆژنامەنووسی مراوغەكار سیاسییەكی درۆزن بێت ، دەشێ سیخورێك بێت لە بەرگی سواڵكەردا یان لە پۆشاكی خێرخوازێك كە هەر جارەو بە رەنگێك خۆی نمایش بكات ، دەشێ فاڵچییەك بە سیمای نورانی بێت ،دەشێ خۆی بە سەربەخۆو ئازاد لە بیر كردنەوەو تێرامان بشوبهێنیت ،بەڵام لە كرۆكدا كۆیلەیەكی ملكەچپێكراوی حزب بێت !


حزب لە كوردستاندا بووتە دیوەخانی كۆنەجاش و شۆڕشگێڕە فایلدارەكان ، ئەمە نەك ئاسایی و سروشتی نییە ، بەڵكو مەترسیدارە بۆ سەرهوشیاری خەڵك ، دەركەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم گەمەكارانەو هەڵدانەوەی دەمامكەكانیان ڕەنگە لە كوردستاندا زەحمەت و ئەستەم نەبێت ، بەڵام ئەوەی كە مەترسیدارە شێواندنی هوشیاری كۆمەڵگاو ناشیرینكردنی پەیامی نوسیینە ، ئاخر ئەو نوسەرە گەمەكارو گاڵتەجارە زیرەكانە كار لەسەر هەست و نەست و سۆزی هاونیشتیمانیان دەكات .


فاكتەری سەرەكی بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نوسەرە گەمەكارە كە ناوی دەنێم (گاڵتەجار ) خودی حزبە ، چونكە حزب زەمینەسازی و كارگەی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە نوسەری گاڵتەجارە ، ناسینەوەی ئەو جۆرە نوسەرە گەمەكارو گاڵتەجارەی كە ئێستا بووەتە سۆپەر ڕیفۆرمخوازو سۆپەر دیموكراتخواز، ئەگەر بە چاوێكی دیقەت و ووریاییەوە لە خۆیان باكگراوەندو نوسین و ژێرخانە فكرییەكانیان وورد بیتەوە ، باش تێدەگەیت كە لە پشتی نوسینەكانیان لۆژیكێكی كوشندەو دەرونێكی نەخۆش هەیە ، بە چاوپۆشین لە ناشارەزایی و هەژاری و دەستكورتی و موفلیسی مەعریفی كە لە پاشخانی فكری و سیاسییان هەیانە ، هاوكات لەگەڵ كاڵفامیان لە تەوزیف و تەئویلكردنی چەمك و كرۆكی نوسین لە ڕووی چۆنایەتیەوە .


هەمیشە ئەمجۆرە نوسەرە گاڵتەجارانە لە بری ئینتیما بۆ بەهاو قییەمی ئینسانبوون ، حەزیان بە كۆیلایەتی و ملكەچبوون هەیە ، هەمیشە لە بری ئینتیما بۆ نەتەوەونیشتیمان ، لەخەمی كلتوری خێڵ و هۆزو بنەماڵەیەكدان ، لەكاتێكدا پێویستە چەمكەكانی خێڵ و عەشیرەت و هۆزو بنەماڵەو مێگەل و رەعیەت تێپەڕێنین .


ئەم جۆرە نوسەرانە بەیت و بالۆرە بۆ ئاگری شەڕی براكوژی خۆشدەكەن ، دەبێتە پارێزەری خۆی و حاكمی حزب ، وەلێ كە ئاگری شەڕەكە كڵپەی بڵێسەی كرد ، لە بێدەنگییەكی شەرمنانەدا بێ هیچ روونكردنەوەیەك لە نێو تارمایدا و لە پڕێكا بۆ جوگرافیایەكی تر هەڵدێت ، ئیدی نە لێدوان و نەپاساوی نییە !


ئەمە نمونەیەكی ئەو جۆرە لە فۆڕمی نوسەرە گاڵتەجارانەیە كە ڕۆژانە لە سەكۆی سیمینارو ماس میدیا و ۆرك شۆپەكاندا دەیانبینین .

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP