بەپەلە

كاریگه‌ریه‌كانی شێوازی بیركردنه‌وی تاك له‌ سه‌ر ئابوری

ئارام قادر کۆکۆیی - 9-11-2019 - 2425 جار خوێندراوەتەوە

دوو له‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم زۆرترین خه‌رجی و كه‌مترین داهاتیان هه‌یه‌. هۆكاری ناكاریی دارایی ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ داڕشتنی سیستمه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه،‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا شێوازی بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌فتارو هۆشیاری كوتا به‌كارهێن و سوودمه‌ند له‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیان واته‌ هاوڵاتی ، كاریگه‌ریه‌كی ڕاسته‌خۆی له‌ سه‌ر كارایی و خه‌رجی ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ هه‌یه‌. 

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: ڕۆژانه‌ هاوڵاتیه‌كی زۆر ڕوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌كه‌ن. ڕاسته ‌هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیانه‌  په‌یویستان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌ستبه‌جی هه‌یه‌. به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م ئه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستیانه‌ ده‌كه‌ن به‌ هێچ شێویك په‌یویستیان به گرنگی پێدان و‌ چاره‌سه‌ری ده‌ستبه‌جی نیه، ‌ و زۆربه‌ی  جاریش  به‌ پێی ستاندارده‌ ته‌ندروستیه‌كان ته‌نانه‌ت به‌ نه‌خۆش له‌ قه‌ڵه‌م نادرێن. به‌ڵام به‌پێ گوته‌ی زۆربه‌ی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پزیشكه‌كان ئه‌م هاوڵاتیانه‌ نایانه‌وێت به‌ ده‌ستی خاڵی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستیانه‌ به‌جێبهێلن، به‌ڵكوپزیشكه‌كه‌ ناچار ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رمانی ئازار شین یان دژه‌ به‌كتریایان بۆ بنوسن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌كه‌م: زۆربه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌یكڕێت یان ئازار شیكینه‌ یان دژه‌ به‌كتریایه‌، دووه‌م؛ به‌ هۆی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ نه‌خۆش نین و سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌كه‌ن، قه‌ره‌بالخیه‌ك دروست ده‌كه‌ن و به‌شێك له‌ كاتی ئه‌و پزیشكی و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیانه‌ی به‌ فیرۆ ده‌ده‌ن، و‌ ئه‌مه‌ش ڕێگره‌ له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پزیشكه‌كان ته‌ركیز بخه‌نه‌ سه‌ر كه‌یسه‌ ئیمیرجنسییه‌كان. حكومه‌تیش كرێیی ئه‌و كاته‌ به‌هه‌ده‌ر دراوه‌ ده‌دات به‌ شێوه‌ی مووچه‌. 

وه‌زاره‌تی خویندنی باڵا: له‌ هه‌رێم و عێراق خوێندن نه‌ك هه‌ر به‌ خۆڕاییه‌ به‌ڵكو حكومه‌ت پێش ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌  بۆ ماوه‌یه‌ك مانگانه‌ ده‌ڕماڵه‌ی به‌ خویندكاران ده‌به‌خشی وه‌ك هانده‌رێك بۆ خوێندن. كه‌س نكوڵی له‌وه‌ ناكات كه‌ خوێندن مافه‌ و ده‌بێت هه‌موو كه‌س ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ بڕه‌خسێنرێت كه‌ بخوێنێت. به‌ڵام له‌ هه‌رێم ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست له‌ لایه‌ن خۆێندكارانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنڕێت. وه‌زاره‌ت تێچووی ته‌واوی هۆڵه‌كانی خوێندن و وانه‌بێژو تاقیگه‌كان و هه‌روه‌ها به‌شی ناوخۆیی خوێندكاران دابین ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ردا خوێندكاران نه‌ هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی ‌ ئاستی زانستی خۆیان نه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ سوودی لێده‌بینن و نه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێدا ده‌ژین ده‌ده‌ن. له‌ زۆربه‌ی ووڵاتانی ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌ت وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خوێندكار وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می خویندنی باڵا، ته‌واوی تێچووی خوێندن و شوینی مانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت تێچووی به‌كارهێنانی ئامێره‌كان و به‌شه‌كانی زانكۆی كه‌وتووه‌ته‌‌ ئه‌ستۆ، و سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وش زۆربه‌یان هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یدا كارێكی دی ده‌كه‌ن بۆ مسۆگه‌ركردنی گوزه‌رانیان، كه‌چی هێشتا له‌ ڕووی ئاستی زانستیه‌وه‌ به‌ سه‌د قات له‌ خوێندكاری ئێره‌ باشترن و ته‌نانه‌ت پاش كۆتایی هێنان به‌ خوێندنه‌كه‌یان چاوه‌ڕیی حكومه‌ت ناكه‌ن بۆ دامه‌زراندن به‌ڵكو زۆربه‌یان یان ده‌بن به‌ كارساز یان كارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی گشتی په‌یدا ده‌كه‌ن.  

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕاسته‌ سیسته‌مه‌كان‌ ناكاران‌، به‌ڵام شێوازی بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌فتاری به‌كارهێنه‌رانیان یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ناكاریی ئه‌و سیستمانه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP