پێگه‌ و مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ ده‌ستوری كۆماری عێراق ساڵی 2005

دانا دارا حسین - 9-11-2019 - 1408 جار خوێندراوەتەوە

كه‌ گۆڕانی سیاسی له‌ عێراق دا ساڵی 2003 هاته‌ كایه‌وه‌ , تا ئه‌و كاته‌ش عێراق كاری به‌ دواهه‌مین ده‌ستوری 16ی ته‌موزی 1970 ده‌كرد , وه‌له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی ئینتیقالی ساڵی 2004 وه‌ك ده‌ستورێكی كاتی ناسێنرا و بوه‌ پێشه‌كی و ئاماده‌سازی بۆ ده‌ستوری عێراق ساڵی 2005 كه‌ له‌ 144 مادده‌ پێك هاتوه‌ بوه‌ هه‌میشه‌یی.

پێگه‌ی كورد له‌ ده‌ستوری ساڵی 2005 به‌به‌راورد به‌ ده‌ستوره‌كانی ڕابردوو هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌ باشترین پێگه‌ی هه‌یه‌ له‌ ڕوی ده‌قی ده‌ستوریه‌وه‌ , وه‌ له‌كاتی هه‌مواركردنیدا هه‌رگیز جارێكی تر ئه‌و پێگه‌یه‌ به‌ كورد نادرێته‌وه‌.

له‌ ده‌ستوره‌ نوسراوه‌كه‌دا ماف و ئازادیه‌كان ده‌ق نوس كراون له‌ ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆدا كه‌ ده‌روازه‌ی دووه‌مه‌ و له‌ مادده‌كانی 14تا 46 ده‌گرێته‌وه‌ , كه‌ تیایدا ماف و ئازادیه‌كانی بۆ ته‌واوی هاوڵاتیان له‌ عێراقدا به‌ ده‌قی ده‌ستوری ڕێك خستوه‌ كه‌ له‌ نێویدا كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتی چه‌ندین مافی بۆ نوسراوه‌ته‌وه‌.

له‌م نوسینه‌دا جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌ پێویستانه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی خراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ به‌غدا ئه‌وانیش:

• ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی دیاری كردوه‌ 
• ئه‌و ماددانه‌ی مافه‌كانی كورد له‌ ده‌ستوره‌كه‌دا ڕێك ده‌خه‌ن 
• ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ی پێویسته‌ به‌ یاسا ڕێك بخرێن 
• دیارترین ئه‌و خروقاته‌ ده‌ستوریانه‌ی كه‌ مافی كوردی تیادا پێشێل كراوه‌ 
• پاكێجێك بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانێكی سه‌ركه‌وتوو 
له‌خواره‌وه‌ له‌ ژێر ناونیشانی ئاماژه‌ بۆكراودا لێیان ده‌دوێین:
• * * ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی دیاری كردوه‌:
له‌ ده‌ستوری كۆماری عێراقدا ساڵی 2005 له‌ مادده‌ی 110 ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌صریه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند باس كراوه‌ , هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی 114 ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان باس كراوه‌ , وه‌ مادده‌ی 115 ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌صریه‌كان نه‌هاتبێت له‌م ده‌ستوره‌دا ئه‌وا ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگا ڕێك نه‌خراوه‌كان له‌ هه‌رێم دا , و له‌ مادده‌ 117 دا دانی ناوه‌ به‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵیه‌كه‌.


•** ئه‌و ماددانه‌ی مافه‌كانی كورد له‌ ده‌ستوره‌كه‌دا ڕێك ده‌خه‌ن:
ئه‌و ماددانه‌ كه‌ دیارترینیان له‌سه‌ر پرسی مافه‌كانی كورد وه‌ك پێكهێنه‌ری ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵیه‌كه‌ وه‌ستاون بریتین له‌:
1- له‌ دیباجه‌ی ده‌ستوره‌كه‌دا كورد و گرفته‌كانی له‌ساڵانی ڕابردودا ئاماژه‌ كراوه‌ له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كانی عێراقدا.

2- مادده‌ی 4 بڕگه‌ی یه‌كه‌م زمانی كوردی به‌ هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانێكی فه‌ڕمی ناساندوه‌.

3- مادده‌ی 9 بڕگه‌ی یه‌ك ,ته‌شكیل كردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی له‌ پێكهاته‌كانی عێراق و به‌شداریانی مسۆگه‌ر كردوه‌.

4- مادده‌ی 25 هێڵه‌ گشتیه‌كانی سیاسه‌تی ئابوری له‌ عێراق دا دیاری كردوه‌.

5- مادده‌كانی 26 تا 30 مافه‌ ئابوریه‌كانی ژماردوون.

6- مادده‌ 47 پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ئیتیحادیه‌كانی له‌ عێراقدا هێناوه‌.

7- مادده‌ی 65 مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحاد دا دیاری ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تائێستا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ دروست نه‌بوه‌.

8- مادده‌ی 80 به‌ ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێڕاقی داناوه‌ كه‌ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی گشتی و ژمێره‌ی كۆتایی و نه‌خشه‌ی گه‌شه‌پێدان به‌شێوه‌ی هاوبه‌شه‌كی ده‌بێت.

9- ئه‌وه‌ی ده‌ستوره‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌ جیاوازی كردنه‌ له‌ نێوان ئه‌ركه‌ دارایی و ئه‌ركه‌ دراویه‌كان , له‌لایه‌ك ئه‌ركه‌ داراییه‌كان به‌خشراوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له‌گه‌ڵ ملكه‌چی بۆ چاودێری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

به‌ڵام بانكی ناوه‌ندی كه‌ مادده‌ی 103 ئاماژه‌ی پێكردوه‌ پێویستی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رپرسیاریه‌تی سه‌لماندوه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ ته‌نهایی.

10- مادده‌ی 106 دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی گشتی چاودێری ته‌رخان كردنی داهاته‌ ئیتیحادیه‌كان به‌سه‌ر ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌كات.

11- مادده‌ی 111 و 112 سامانی نه‌وت و غاز وه‌ك موڵكی سه‌رجه‌م عێڕاقیه‌كان داناوه‌ و سیاسه‌تی نه‌وتی ستراتیژی وه‌ك كارێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاكان جێگیر كردوه‌.

12- مادده‌كانی 113 و 114 ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیه‌ ده‌ستوریه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ نێوان ناوه‌ند و پارێزگاكان باس ده‌كات.

13- مادده‌ی 115 ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌نوسراوه‌كان بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم.

14- مادده‌ی 117 بڕگه‌ی یه‌كه‌م دانی ناوه‌ به‌ پێگه‌ی یاسایی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدڕاڵی.

15- مادده‌ 118 به‌ ده‌قی ده‌ستوری جیاكردنه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم و ڕێ وشوینی هه‌رێمه‌كان ده‌كات.

16- مادده‌ی 120 مافی داوه‌ به‌ هه‌رێم كه‌ ده‌ستوری خۆی هه‌بێت.

17- مادده‌ی 121 بڕگه‌ی پێنجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و مافه‌كانی سه‌لماندوه‌.

18- هه‌مان مادده‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌هه‌رێم به‌خشیوه‌ كه‌ هه‌مواری جێبه‌جێ‌ كردنی یاسای ئیتیحادی له‌ هه‌رێم دا كردوه‌.

19- مادده‌ی 126 بڕگه‌ی چواره‌م ڕێگه‌ نادات كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه‌.

20 مادده‌ی 132 قه‌ره‌بوی به‌ندی و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوان له‌ سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی پێشوو ده‌سه‌لمێنێت.

21 مادده‌ی 140 چاره‌نوسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دیاری ده‌كات به‌ پێی خشته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌ش تا ئێستا جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌.

22- مادده‌ی 141 دانی ناوه‌ به‌سه‌رجه‌م یاسا ده‌ركراوه‌كانی هه‌رێم دا.

•** ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ی پێویسته‌ به‌ یاسا ڕێك بخرێن:

له‌ كۆی مادده‌ ده‌ستوریه‌كان (67) مادده‌ له‌ كۆتاییه‌كه‌ی دا ده‌سته‌واژه‌ی (وینڤم ژلك بقانون ) واتا پێویسته‌ به‌ یاسا ڕێك بخرێت , كه‌ ئه‌وانیش دابه‌ش بون به‌سه‌ر زۆرێك له‌ بواره‌ سیاسی و ئابوری و ئازادیه‌كان , كه‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌كیان كه‌ نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ده‌رچوێنراون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌ , كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ مادده‌كانی:

1- مادده‌ی 4 ی زمانه‌ فه‌ڕمیه‌كان .
2- مادده‌ 9 ی یاسای خزمه‌تی ئاڵا .
3- مادده‌ 12ی ئاڵا و سرودی نیشتمانی 
4- مادده‌ی 21ی مافی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسی 
5- مادده‌ی 22 ی په‌یوه‌ندی نێوان كرێكار و خاوه‌ن كار 
6- مادده‌ی 26ی هاندانی وه‌به‌رهێنان 
7- مادده‌ی 38ی ئازادی كۆبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ .
8- مادده‌ 34ی فێركردنی تایبه‌ت و ئه‌هلی 
9- مادده‌ی 41 ی ئازادی پابه‌ندبونی هه‌ركه‌سه‌ به‌ باری كه‌سێتی خۆیه‌وه‌ 
10- مادده‌ 45 ی به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی 
11- مادده‌ 89 و 92 پێك هێنانی دادگای ئیتیحادی و پێكهاته‌كه‌ی 
12- مادده‌ی 106 ی ده‌سته‌ی گشتی چاودێری 
13- مادده‌ی 107 ی ئه‌نجومه‌نی ڕاژه‌ی ئیتیحادی 
14- مادده‌ی 112 ی نه‌وت و غاز 
15- مادده‌ی 114ی داڕشتنی سیاسه‌تی سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان.
•** دیارترین ئه‌و خروقاته‌ ده‌ستوریانه‌ی كه‌ مافی كوردی تیادا پێشێل كراوه‌:
1- مادده‌ی 4 به‌سه‌رجه‌م بڕگه‌كانیه‌وه‌ كه‌ باسی زمانی فه‌ڕمی و نامه‌ و نێرده‌كان ده‌كات.
2- مادده‌ 9 ی تایبه‌ت به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان.
3- مادده‌ 12ی ئاڵا و دروشم و سرودی نیشتمانی.
4- مادده‌ 19ی تایبه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
5- مادده‌ 65 ی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحاد.
6- مادده‌ 92 بڕگه‌ دوو , پێكهاته‌ی دادگای ئیتیحادی.
7- مادده‌ی 106 ی دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی گشتی چاودێری و ته‌رخان كردنی داهاته‌ ئیتیحادیه‌كان.
8- مادده‌كانی 110 و 111 ی داڕشتنی سیاسه‌تی نه‌وتی.
9- مادده‌ی 140ی ده‌ستور له‌ ماوه‌ی 10 ساڵدا.
10- ئه‌نجام نه‌دانی سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق دا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP