سەردەمی ڕوکەش و دۆگمابون

ئارام قادر حەمەسور - 6-11-2019 - 1835 جار خوێندراوەتەوە

ئەقڵ یان جەستە؟

لە نێوان ئەقڵ و جەستەدا دابەشبوونێک هەیە، تۆ دەتوانیت جەستەت بکوترێت و لێی بدرێت و داخ بکرێت. ستەمکارەکان دەتوانن جەستەت لە زینداندا بڕزێنن، بەڵام ئەقڵت دەتوانێت وەک خۆی بێت، دەتوانێت دەستەمۆ نەکرێت گەر ئێرادەت هەبێت و جەستەت بکەیتە قوربانی ئەقڵت. وەک علی شەریعەتی گوتی: ستەمکارەکان لە جەستە گەورە و بەتواناکەت ناترسن بەڵکو لە هۆشیاربوونەوەی ئەقڵت دەترسن.

لە جیهاندا چەندین سەرکردە و نووسەر بە چەندان ساڵ لە زیندانەکاندا ژیاون و جەستەیان لاواز بوو، بەڵام ئەقڵیان بە گەورەیی مایەوە. بیرمەندان دەمرن بەڵام زۆرینەی فیکرەکانیان بە زیندوویی دەمێننەوە. فیکرەکانی مارکس هێشتا لە کۆڵانەکانی هزردا ئامادەن.

 کاتێک باسی فەرەنسا دەکەین ئەقڵەکانی ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و مۆنتسکیۆ زیاتر دەردەکەون نەک ناپلیۆن. ئایا تۆ ئامادەیی ئەوەت تێدایە لەزیندانێکی ستەمکاراندا جەستەت بڕزێنیت و ئەقڵت گەورەکەیت؟ گەر بەڵێ بێت تۆ گەورەی، تۆ ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکەی، تۆ خاوە فیکریت و بەرگریی لە ئایدیاکانت دەکەیت.

زووزوو ئەم پرسیارە لەخۆت بکە، بزانە تاچەند بەرگەی ئەم دووکەرتییەت دەگریت، تا بزانیت تۆ چیت؟ تۆ کێیت؟

ئەمە گرەوە گەورەکەی دەسەڵاتە لەسەر خاوەن قەڵەم و ڕوناکبیرەکان.

مروڤی یەکڕەنگ

ژیان وەک خوێیە و تا لێی بخۆیت تینووتر دەبیت، هەندێک کەس ئەوەندە تینووی ژیانن، ماددەگەراییان ماڵی ڕووحییان کاول کردووە، بۆیە بەقەولی (ماکس ڤیبەر)وەک برغوویەکی بچووکی ناو مەکینەیەکی گەورەی سەرمایەداریی وان. تاکی کوردیی لە ئێستادا ڕووکەشگەرایە، خەریکی ڕووکەشەکانە و ناخی وێرانە. برغوویەکی بچووکی ناو دنیای کاپیتالیزمە.

 بۆیە ئێستا تاکی کوردیی عەشقی نۆستالیژییا قووڵەکانە، عەشقی گەڕانەوەی ڕابوردووە تا خۆی پێ ئارام بکاتەوە.

کچێک عەشقی پارەی کوڕێکە و  کوڕێک عەشقی جوانیی  کچێکە. دوای مانگی هەنگوینی، ساڵە درێژەکانی خەم دەست پێدەکات.

مروڤ تەنیا ماتریال نییە، گەروابوو لە قالب دراوە، چونکە زۆرجار خوێی ژیان توشی جەڵتە و نەمانمان دەکات.

ژیان ڕەنگا و ڕەنگە، کەسێک یەک ڕەنگ بگرێت ناتەواوە، مروڤی یەکڕەنگ دۆگما دەبێت، چونکە ڕەنگەکان تامی خۆیان هەیە و بەشێکی بوونمان ئاو دەدەن. ژیان بە مەلەکردنەوە خۆشە لەناو کایەکانی ژیان. دروست بوونی مروڤە تاک ڕەهەندیەکەی (مارکۆزە)کارەساتە و سەرچاوەی خەمبارییەکانە. نیوەی یەکەمی ئەم سەدەیە، سەدەی ڕووکەش و خەمەکانە بۆ تاکی کورد.

کتیب بۆمبی پرسیارەکان
له ژیانمدا چەندین ڕاهینەرم هه بووه


له ماڵەوه و له قوتابخانه و له زانکۆ و له مزگەوت و له ناو یاریگاو چه ندان شوینی تر.
هیچیان فێری پرسیاری گەورەیان نه کردم، ته نیا کتیب تاکه ڕاهینەره فێری پرسیارەگەورەکانی کردوم بەبێ ترس، بۆمبی پرسیارەکانی له تەواوی کایەی ژیانمدا چاندووه. ئای کتێب چەند بێ شەرمی لەچاندنی پرسیارە قەدەغەکانیشدا لە مێشکمدا! کتێب دەبێت شۆکت بکات فێری تێڕامانت بکات.

ڕۆژانە لە ڕێگەی تێڕامانەکان کە بارگاوین بەخوێندنەوە پرسیارەکان دەتەقنەوە، خوێنەر واتا پرسیارکەر، خوێنەر و نووسەر پرسیار کەر نەبێت لە خوێنەر و نووسەر کەوتووە.

خوێنەر دەبێت ڕۆژانە پرسیار بتەقێنێت، چونکە پرسیارەکان ڕووبارن بۆ دەریای مەعریفە، پرسیارەکان چەکووشن بۆ شکاندنی وەڵامە قەدەغە و بتە سیاسیی و دینییەکان.

وەک کافکا گوتی: کتێب دەبێت وەک تەوربێت و بەستەڵەکی ناخمان بشکێنێت، هەرئەوەشە فێری پرسیارکردنمان دەکات. کتێبم بۆیە خۆشدەوێت چونکە دنیا بە ڕەنگاوڕەنگ دەبینم، دەمکاتە عاشقی پەلکەزێڕینە، نەک عەشقی ڕەنگێک کە دەمانباتە ناو دەریای دۆگمابوون و یۆتۆپیا و فاشییزم.

ئەوەی ڕزگارمان دەکات، زاڵبوونی مرۆڤبوونە بەسەر ئایدۆلۆژییاکان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP