کورد لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیا، کام بژاردەیە ؟

ھێرش عبدولرەحمان - 5-11-2019 - 2231 جار خوێندراوەتەوە

وێستگەیەک نیە کورد و ڕوسی بە یەکەوە بەستبێتەوە، یان لەشوێنێک ھاوسۆزی کوردو دۆزەکەی بوبن، بۆیە ڕوداوەکانی ڕابردوو کورد لە ھەر جوڵانەوەو شەرێکدابوبێت ڕوسەکان لە بەرەی دژ بە کوردبوون. لە پێشوودا کورد پەیوەندی پچڕ پچڕو ڕوکەشی لەگەڵ ڕوسیا ھەبووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە، ڕوسەکان خۆشیان خواستی ئەو پەیوەندیەیان نەبووە، بەڵکو لەڕابردودا و تا ئێستاش کرملن تورکیا و ئێران و عێراق و سوریای لا گرنگتربووە لە شتێک کەپێی دەڵێن کورد.

 کوردەکانی ڕۆژئاوا خوێندنەوەیان ھەیەو باشتر توانیوایانە ڕوسەکان ھەڵسەنگێنن، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ناتوانن متمانە بە ڕێکەوتنی ڕوسەکان و سوریا بکەن. بۆیە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە کراوەیی ھێشتوەتەوەو، پەیوەندیو پشتگیری ئەمریکایان لا گرنگترە، تا ئێستاش ڕێکەوتنەکەی روسیاو سوریا گەرەنتیەکی وای نیە کەداخوازییەکانی ئەوان مسۆگەر بکات. ئەگەر ئەمریکاو کۆنگرێس گەرەنتی پاراستنی ڕۆژئاوابدەن ئەوە بێ قەیدو شەرت ھەموو ڕێکەوتنێکیتر رەتدەکەنەوە، چونکە ئەزانن بێ پشتگیری ئەمریکا، ئەوان ھیچیان لە ئایندەی سوریادا دەست ناکەوێت.

جارێک توێژەرێکی سەربازیی ڕوسی پێی وتم، ڕوسیا بەدەر لە توانا سەربازییەکەی کە شانازی پێوە دەکات، حەز بە ئەوە ناکات وەک ئەمریکا پارە ببەخشێتەوە، وە نە توانای ئەوەی هەیە وەک ئەمریکا بەجیهاندا بنکەی سەربازی بڵاوبکاتەوە، بەڵام زۆر جار ئەمریکا وازێ لێ ناهێنێ و بەردەوام دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی، ئەوەی وایکردووە بە ناچاری ببێتە یەکێک لە ئەکتەرەکانی باڵانسی هێز لە جیهاندا.

 ‏لەڕاستیدا ئەگەر باسی بوونی ڕووسیا لە سوریا بکەین ئەوا دەتوانین بڵێین بوونی مۆسکۆ  ئەوەندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دوای ئارامبوونەوەی دۆخی سوریا کۆمپانیا ڕووسیەکان ئەیانەوێت زۆرترین پشکی پرۆژەکانیان دەست بکەوێت هیچیتر ، ئەمە جگە لەوەی  روسیا ناتوانێت ئەرکی پاراستنی هیچ وڵاتیک بگرێتە ئەستۆ، چونکە تا ئێستاش شەلەلی شەڕی ئەفغان بە جەستەیەوە دیارە .

 ‏ئەگەر بپرسین ئەمریکا  چی بۆ ڕۆژئاوا کردوە، ئەوا دەتوانین بڵێن ساڵی ڕابردوو ئەمریکا ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خەرج کردوە، ٣٩٣ ملیۆن دۆلاری بۆ کەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنی بووە. ئەوەی ماوەتەوە بۆ ڕاهێنان ٣٥هەزار شەرڤان وەک هێزی پاراستنی ڕۆژئاوا بۆ ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ یش  هەمان بودجەیان بۆ دابینکراوە، لە بەرامبەردا رووسیا لە هیچ ڕویەکەوە هاوکاری کوردەکان و بە گشتی ڕۆژئاوای نەکردووە، ئەمە نیشانی دەدات ئەگەر ئەمریکا دەستی هاوکاری بۆ هەر هێزیک درێژکردبێت ئەوا ئەو هێزە نوێ بووەتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەوە ڕووسەکانەوە بووە کە ھاوکاریان بە کەس نەداوەو تەنیایان کردەوە کە ھیچ شتیکی بۆ ئەوان تێدا نەبوبێت.

 ‏بە کورتی. هاوکاری ئەمریکا بۆ کورد لە هی رووسەکان گرنگترە، چونکە ئەمریکا هاوکاریی زیاتر دەدات و زیاتر گرنگی هەیە لەچاو وڵاتەکانیتردا.

بۆیە کورد بۆ مانەوەی خۆی نابێت ھێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ڕوسەکان، جگە لەئەوروپا و ئەمریکا کەسی تر نیە دەنگیان ببیستێت، چی توانایان ھەیە  وەک ئەرمەن و جولەکە دەبێت بەردەوام پێیەکیان لە واشنتن بێت، چونکە شەری کوردو مافەکانی زۆری ماوەو ئێستا سەرەتایەو دەرباز نەبووە لە مەترسیە ھەمیشەییەکان . بەشیکێشی بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانە بەردوامبێت کە ئەمریکا لە کەناڵی جیاوازەوە گەیاندویەتیە کوردی ھەر چوار پارچە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP