كورد دەبێت لەم قۆناغە دا چی بکات؟

حەسەن بارام - 4-11-2019 - 1190 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی وناوچەکەی ئێمە بەتایبەتی لەبەردەم وەرچەرخان وکۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی وچارەنوسسازدا گوزەر دەکات ، ئەگەر وپێشهاتەکان پێمان دەڵێن ئەگەری گۆڕانکاری لەنەخشەی ناوچەکە وسیستەمی سیاسی هەندێک لە وڵاتان بووە بەبابەتێکی حەتمی وئیتر ئەم ناوچەیە بەرگەی ئەم فۆرمە لەدەسەڵاتدارێتی وفەرمانڕەوایی ناگرێت ، بۆیە نەخشەکان ، سیستەمەکان ، کارئەکتەر هەژمونگەراکان ، فۆرمی دەسەڵاتدارێتی ، حوکمی تاکڕەوانە  وتەقلیدیانەی بەشێک لەدەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، گەیشتووە بەئاستێک لەبنبەست ، هەر ئەم دۆخە پیویستی کۆڕانکاری کردووە بەزەرورەت ، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە تەواو پڕ بووە لەتیرۆر ونادادی وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ودەستێوەردان وخوڵقاندنی کۆمەڵکوژی ..هتد
لەهەناوی ئەم دۆخە ئاڵۆز ونەخوازراوەدا ، هەم کورد وەک نەتەوەیەکی دابەش دابەش کراو وچەوساوە وبێبەشکراو لەماف وداخوازییە ڕەواکانی ، هەمیش گرنگی جوگرافیای کوردستان پێکەوەڕا  وای کردووە ، دۆزی ڕەوای کورد سەرەڕای هەڕەشە ومەترسییەکان ، گرنگی خۆی هەبێت .
ئەوەتا لەبەشێک لەوڵاتانی ناوچەکە دۆخەکە شێواوە وئەگەری چەندین جۆر گۆڕانکاری لەئارادایە ، بەتایبەتی لەعێراق گۆڕانکارییەکان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن وناڕەزایی جەماوەری بەجارێک عێراقی گرتووەتەوە ، ڕەنگە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا کەم وێنە بێت ، چاوەڕوان دەکرێت لەژێر گوشار وداخوازی وپەیامی خۆپیشاندەران دا کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی لەعێراق ڕوو بدەن ، یانیش بارودۆخ بەئاقارێکی خراپتردا گوزەربکات وگۆڕانکاری چاوەڕوان نەکراو وگەورەتر ڕوو بدەن ، مەرجیش نییە ئەم گۆڕانکاری وئەگەرانە بەقازانج بکەونەوە ، چونکە چەندین هەڕەشە ومەترسی بونیان هەیە ، بەتایبەتی بۆ کورد .
لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێش ، ئاخو کورد ئامادەکاری بۆهەموو ئەگەر وپێشهاتەکان کردووە ؟ 
بێگومان سەرجەم زانیارییەکان پێمان دەڵێن نەخێر ، ئەگەر هەندێک هەنگاویش نرابێتن ، تەنها لەئاستی کەسی وحیزبین ولەئاستی گەورەی ومەترسییەکانی قۆناغەکەدا نین .
لێرەوە ڕووی دەم لەحکومەت وپەرلەمان وهێزە سیاسییەکان دەکەم وپێان دەڵێم ، ئەرێ لەم دۆخە هەستێارتر هەیە ؟ ئەی ئێوە چاوەڕوانی چین وتاکەی ئەزمون لەڕابردوو  وەرناگرن وپێش وەخت کوردانە ودڵسۆزانە خۆتان بۆ ڕووداوەکان ئامادە ناکەن ؟!
بۆیە لەسونگەی هەستکردنمانەوە بەرانبەر بەم دۆخە ئاڵۆزە وئایندەی خەڵک وخاک وئەزمونەکەمان وهەروەها لەدەست نەدانی هەل ودەرفەتەکان ، تکایە پێکەوەڕا لەم قۆناغەدا کار بۆ جێ بەجێکردنی ئەم هەنگاوانە بکەن :
یەکەم :  بەلاوە نانی ناکۆکی حیزبی وکەسی وناوچەیی .
دووەم : دروستکردنی ژورێکی عەمەلیات ، کە جگەلەسەرۆکی هەرێم وسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی پەرلەمان ، کەسی یەکەمی هێزە سیاسییەکان تێدا ئەندام بن ، کاری ئەم ژوورە هەڵسەنگاندن وڕاگۆڕینەوە ودانانی بەرنامە وپلان وئینجا بڕیار بێت ، بۆ هەموو ئەگەر وپێشهاتەکان .
سێهەم : پرسکردن بەکەسانی شارەزا وبەئەزمون و وەرگرتنی پێشنیار وپرۆژە بۆ هەموو پێشهاتەکان .
چوارەم: ناردنی وەفدێکی باڵا بۆ وڵاتانی ئەمریکا وئەوروپا و ڕوسیا وتەنانەت وڵاتانی عەرەبیش ، بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری وهەمەهانگی وگەیاندنی داخوازییەکانی کورد .
پێنجەم : سەردان وپەیوەندیکردن بەوڵاتانی ئیقلیمیەوە .
شەشەم : بەیەک گوتاری وبەیەک دەنگی ویەکگرتویی لەگەڵ حکومەتی عێراق وهێزه سیاسیەکانی گفتوگۆی جدی دەست پێبکرێت .
حەوتەم : گرنگە کورد پەیامی ڕوونی هەبێت بۆ خۆپێشاندەران ، هەقە کەناڵێکیش دروست بکرێت بۆ پەیوەندی کردن پێیانەوە ، تاکو بەڕوونی لەبارەی داخوازی ومافەکانی کوردەوە گفتوگۆ بکرێت .
هەشتەم : یەک گوتاری حکومەت وهێزە سیاسییەکانی کوردستان .
نۆیەم : پەیامی میدیا وڕۆڵیان لەم بارودۆخەدا گرنگە ، دەبێت بەهەستکردن بەبەرپرسیار  وڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان مەمەڵە بکەن .
دەیەم: دەبێت ژووری عەمەلیات نەخشەی هەبێت بۆ هەموو ئەگەرەکان ، بەتایبەتی بۆهەموارکردنی دەستور ویاسای هەڵبژاردن وناوچەجێ ناکۆکەکان وبودجە ...هتد .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP