بەپەلە

ئەودیوی خۆپیشاندانەكانی عێراق!

موئمین یاسین زەڵمی - 4-11-2019 - 2145 جار خوێندراوەتەوە

نزیكەی دوو هەفتەیە بەشێوەیەكی فراوانتر خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی لەزۆربەی شارەكانی عێراق دەستیپێكردووەتەوە‌و رۆژبەرۆژیش ناوچەی جیاواز دەگرێتەوە.

بەسەرنجدانێكی خێرا دەردەكەوێت كەخۆپیشاندانی وا گەورە كەمتر لەعێراقدا بینراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئایا ئەودیوی خۆپیشاندانەكان چی دەگوزەرێت؟ پەیوەندی ئەم وەزعەی ئێستا بەبارودۆخی وڵاتانیتری ناوچەكەوە چیە؟ ئایا بۆچی نابێت ئەم خۆپیشاندانانە بەهیچ شێوەیەك بگوازرێنەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان؟
خۆپیشاندان‌و نارەزاییەكانی عێراق لەپاش چلەی ئیمامەوە لە۲٥ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان پێكردەوە‌و لەگرنگترین پاساوەكانی پشت هەڵگیرسانی ئەم نارەزاییانەش گەندەڵی سیاسی‌و بێكاری‌و كەموكورتییە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو‌و كارەبا‌و .. تاد كەوایان كرد خەڵكی بەشێوەیەكی فراوان بێنە سەرشەقامەكان‌و داوای مافی خۆیان بكەن‌و تا ڕادەیەكیش لەداكۆكیكردن بۆ مافەكانیان جیاوازیەكانیان كەمتر دەركەوتن‌و زۆرینەی پێكهاتەكانی عێراق هاتنە سەرشەقامەكان، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگای پرسیاری سەنتەرە شیكاری‌و ناوەندە رۆژنامەوانییەكان ئەوەیەكە هەڵسورێنەرانی خۆپیشاندەرەكانن.

بارودۆخی ئیقلیمی‌و ناوچەیی لەیەمەن‌و سوریاوە بۆ توركیا‌و عێراق، بوونی ئێران‌و ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و بەم دواییانەش گورجوگۆڵبوونەوەی روسیا لەناوچەكەدا، دەكرێ ئاماژەی جیاوازترمان بدەنێ لەسەر چۆنیەتی هەڵگیرسان، ئامانجی فراوانبوون‌و پێشبینی داهاتووی خۆپیشاندانەكان.

ئەگەر بمانەوێ وردتر لەبارودۆخی سیاسی عێراق تێبگەین بەدڵنیاییەوە بەتەنیشت نەبوونی خزمەتگوزاریی‌و هەژاری‌و بێكاریدا، دەبێ ئەوەش بخەینە بەرچاو كەدەستتێوەردانی وڵاتانیتر لە2003 ەوە بەردەوام بەسەر هەموو شتێكی ژیانی عێراقییەكانەوە بوونی هەیە‌و ئەم خۆپیشاندانانەش هەر لەسەر هەمان ئاواز تەشەنەیان سەندووە، بەرژەوەندی وڵاتانیتر، سواربوونی شەپۆلی گۆرانكاریەكان، دەستتێوەردانی جیاواز، پڕوپاگەندە میدیاییەكان‌و لەسەرو هەمووشیانەوە رۆڵی تویتەر‌و فەیس بووك، خۆگەرمكردنەوەی بەعسییەكان، بوونی رەوتێكیتر دژە مەرجەعی شیعی كەهەوادارانی "مەحمود سەرخی" پێكیدەهێنن‌و خۆی بەئاراستەكاریان دادەنرێت، كاریگەری رێكخراوە ناحكومییە جیاوازەكان‌و پرۆژە ئاوادەنكردنەوە‌و خزمەتگوزارییەكان كەلەلایەن وڵاتانیترەوە ئاراستە دەكرێن، لەسەرو هەمووشیانەوە ناكۆكی‌و ململانێ ناوخۆیی‌و تایفی‌و مەزهەبییەكان‌و پارچەپارچەبوونی ماڵی شیعی، بارودۆخەكەیان گەرمتر كردووە‌و ئایندەیەكی نادیار چاوەڕێیی هاوڵاتیانی عێراق دەكات.

حكومەتداری عێراق لەتەواوی وڵاتانی ناوچەكە جیاوازترە، ساڵی دووهەزار‌و پێنج لەرۆژنامەی كۆمەڵ وتارێكم بەناونیشانی "عێراق وەك مەیدانی گەمەی مناڵان" نوسی، ئێستاش هەمان عێراقە‌و هەمان گەمە دەبینین ... سەرنج بدەن خۆپیشاندان دەكرێت‌و هەر بەرپرسێك قوت دەبێتەوە دەبێتە پشتیوانی خۆپیشاندەران، ئیتر نازانرێ ئایا خۆپیشاندان دژی كێ كراوە! لەمێژووی عێراقدا بڕوام نیە خۆپیشاندان‌و مانگرتن‌و هاتنە سەرجادەیەك هەبووبێت‌و خۆرسك‌و سروشتی بووبێت، ئاخر ناكرێ لەوڵاتێكدا كەهیچ شتێك تەنانەت خودی ژیانیش سروشتی‌و ئاسایی نیە ئێمە پیمان وابێت خۆپیشاندانەكان خۆرسكن، عێراق مەیدانی گەمە جیاوازەكانە، بۆیەش گەمەیەك تەواو دەبێت‌و گەمەیەیتر دەست پێدەكات، بەڵام ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە كەهەرگیزی گەلی عێراق براوە نەبووە‌و نابێت.
دەركەوتنی ئەو هۆكارە راستەوخۆ‌و ناراستەوخۆیانەی كاریگەرییان لەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق هەیە، دەریخست كەئەوەتا خۆپیشاندانی دژە گەندەڵی‌و بێكاری‌و هەژاری سەریكێشاوە بۆ سوتاندنی دامودەزگا حكومییەكان‌و و كونسوڵخانەی وڵاتانیتر‌و لەهەمووشیان خراپتر بڵاوبوونەوەی شەپۆلی فراوانی فەرهود‌و تاڵانكاری دامودەزگا حكومییەكان، لەو لاشەوە بەتەقەی هێزە سەربازییە جیاوازەكان سەدان هاوڵاتی عێراقی كوژران‌و هەزارانیتر برینداربوون كەچین‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی تێدایە. 

ئەگەر سەرنجی دیوی سیاسی رووداوەكان بدەین دەبینین حەیدەر عەبادی‌و موقتەدا سەدر‌و مالیكی‌و و زۆرێك لەسیاسییە كاریگەرەكانی عێراق هەریەكەیان پشكی شێری لەدابەشكاری زیاتر عێراق بەركەوتووە‌و ئێستاش خەریكن پشتیوانی خۆپیشاندان دەكەن، سەیرە بەشێكی زۆریان تاڵانچی‌و سودمەندی بارودۆخەكەن‌و خۆپیشاندان دژی ئەوانە (چونكە بیرمان نەچێ سەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا مافی خۆپیشندانیش نەبوو)، كەچی ئێستا ئەوان بەپارە‌و خواردن هاوكاری خۆپیشاندەران دەكەن.

وەك ئاماژەم پێكرد، خۆپیشاندانەكانی عێراق خۆرسك‌و سروشتی نین بەڵكو ئاراستەكراوی كێشە ناوخۆیی‌و مەزهەبی‌و ململانێی سیاسی‌و تایفی‌و دەستێوەردانە دەرەكییەكانن بۆیەش بەجیاوازی زۆری پێكهاتەی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی هەرێمی كوردستان ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان ساز نین بەڵكو لێرە جێگاشیان نابێتەوە‌و نابێت بەهیچ شێوەیەك چاوەڕوانی گواستنەوەی خۆپیشاندان‌و نارەزایی لەو شێوەیە بۆ هەرێمی كوردستان بكەین، چونكە جگە لەدابەشكاری زیاتر كۆمەڵگەی كوردی هیچی لێ شین نابێت. عێراقییەكانیش تەنها كاتێك دەتوانن خۆپیشاندانێكی ئامانجدار‌و پڕدەستكەوتیان هەبێت كەخۆیان خۆپیشاندانەكان ئاراستە بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكومەتی عێراقی ئەو چاكسازییانەی دەستپێكردوە فراوانتریان بكات‌و قۆناغێكی نوێی ئاوەدانی‌و خزمەتگوزاری بۆ عێراقییەكان بهێنێتە ئاراوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP