xendan ads

ئەمریکیەکان ئەمڕۆ چیان پێگوتین؟

د.ئەحمەد مەحمود - 20-03-2017 - 14966 جار خوێندراوەتەوە


د. ئەحمد محمود

ئەمرۆ زیاتر لە هەر کاتێکیتر لە جیهانی سیاسیەت گرنگی بە بنەماکانی خوێندنەوە دەدرێت بۆ زمانی جەستە، دەیان و سەدان کەسایەتی و ناوەندی گەورەی جیهانی تایبەت هەن بۆ ئەم مەبەستە، لە زۆربەی دیدار و کۆبونەوەی سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی بڕیار  بەدەست خوێندنەوەی تایبەت و قوڵ بۆ جوڵەو چونیەتی پێشوازی و هەر ئاماژەیەکیتر دەکرێت لەم نێوەندەدا، هەر وەک بەرپرسانیش هەوڵدەدەن لە رێگەی حەڕەکە و جوڵەکانیان پەیامی سیاسی خۆیان و وڵاتەکەیان بگەیەنە دۆست و نەیارەکانیان.

گرنکی زمانی جەستە  لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە بەپێی بنەماکانی سایکۆلۆژیا، زۆر جار مرۆڤ بە هۆی یاساو رێساکانی موجامەلەکردن ناتوانێت لەرێگەی دەنگ و هۆیەکانی گەیاندن بەراشکاوی هەموو هەست و نەستەکانی بۆ بەرامبەر باس بکات، بۆیە بۆ خوێندنەوەی دنیا شاراوەکان هەمیشە پەنا دەبرێت بە یاساو بنەماکانی خوێندنەوەی جەستە، بە تایبەت لە دنیای سیاسەت گرنگی و بایەخی زیاترە، ئەمەش بە هۆی ئەوەیە لە ئێستادا  ململانێی سیاسی لە نێوان جەمسەر و قوتبەکانی جیهان روو لە هەڵکشانە، جیهانیش دابەش بوو بۆ چەند بەرەرەیەک، بۆیە هاوکێشەو موعادەلەی زۆر هەن، رۆژ بەرۆژیش هەڵوێستی وڵاتان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانیان روو لە گۆڕانە، لێرەوە دەزانین  جوڵەو حەرەکەی ئەندامەکانی جەستە لای سیاسیەکان چ مانایەکی هەیە؟

کورت و پوخت: ئەمریکیەکان ئەمڕۆ بە یادکردنەوەی بۆنەی سەری ساڵی کوردی و بەرزڕاگرتنی چەژنی نەورۆز کۆمەڵێک پەیام و راسپاردەیان دا بە کورد بە گشتی و کوردانی باشوور بە تایبەت تر، ئەمریکیەکان ئەمڕۆ ویستیان پێگەی کورد لە نەخشەی سیاسی ئەمریکیەکان بۆ نەخشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا بکەن بۆ کوردو وڵاتانی هەرێمیش، ئەمڕۆ ئەوان ویستیان بە هەموو جیهان بڵێن کورد لە داهاتودا دۆستێکی بە وەفاو گرنگ دەبێت بۆ ئەمریکیەکان لە ناوچەکە، چونکە بە پێی بنەماکانی ئەتەکێت و زمانی جەستە پۆشین و جل و بەرگى خانەخوێ لەلایەنی میوانی سیاسی مەغزاو واتای قوڵی هەیە.

هەر وەک ویستیان بە هەمە چەشنی شێواز و جۆری جیاوازی جلوبەرگیان بە پێی جیاوازی شوێنە جیاوازەکانی کوردستان پێمان بڵێن لای ئەمریکیەکان گرنگە هەرێمی کوردستان خاوەنی دیفاکتۆیەکی بە هێز بێت لەم ناوچەیە، بە زمانی حاڵ پێیان گوتین : جیاوازی ناکەین  لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان یان هەر حیزبێکی تر، بەڵکو بۆ ئەوان گرنکە هەرێمی کوردستان به هێز بێت، بۆ ئەم مەبەستەش بە باشی ئەمۆژگاریان کردین بەوەی پێویستە لە ناو خۆمان تەباو یەکگرتوو بین.
 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP