بەپەلە

چیمان له‌ گۆڕان ویست ئه‌و چى ده‌كات

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 4-11-2019 - 6044 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى هه‌رێمى كوردستان ، لانى كه‌م له‌ ئێستادا وه‌ك هێزى سێیه‌مى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌كرێت قسه‌ى له‌ سه‌ر بكرێت ، ره‌خنه‌ى لێبگیرێت ، وه‌ك چۆن یه‌كێتى و پارتیش قسه‌یان له‌ سه‌ر ده‌كرێت و ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونیدا نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكى گۆڕانخوازو هێزه‌ سیاسیه‌ناڕازیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ چاوى ئومێده‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت ده‌نگه‌ ناڕازى و توڕه‌كانى نێو پارتى و یه‌كێتیش چاوى ئومێدیان تێبڕیبوو، ئێمه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى هه‌موو ئه‌وانه‌ بووین.

ئه‌و رۆژگاره‌ به‌ هۆى بوونى ده‌یان جه‌نگاوه‌رى خاوه‌ن قسه‌و سیاسى بڕیارده‌ره‌وه‌ نه‌ك هه‌ر چاوى ئومێدى له‌ سه‌ر بوو، سڵیشى لێده‌كرایه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و سڵه‌ش بوو واى كردبوو تۆمه‌تى ناڕه‌واو نابه‌جێ بۆ كاره‌كته‌ره‌كانى دروستبكرێت به‌ رێكخه‌رى گشتیشه‌وه‌ كه‌ له‌ بنده‌ستیه‌وه‌ به‌ پاره‌ جاسوس دروستده‌كراو ده‌كڕدرا.

ئێستا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا چوار قسه‌ى ئاشكراو ڕوونى نیه‌ ، هیچ له‌ بارو دۆخى خه‌ڵك نه‌گۆڕاوه‌ ، ته‌ندروستى و خوێندن له‌ هه‌مان دۆخى جاراندان خراپتر نه‌بن، موچه‌و بودجه‌ له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیدان، نه‌ك ئه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، ماده‌ى 140،ته‌واوى ده‌ستورو هتد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌نگى لێوه‌ نایه‌ت، به‌غداو باشور له‌به‌ر نادادى و سته‌م و گه‌نده‌ڵى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى رژاونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ ، رۆژئاواى كوردستان له‌به‌رده‌ك كه‌ڵبه‌ى تیژى ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان و سوپاى توركیادایه‌ ، كه‌م رۆژ هه‌یه‌ كۆڵبه‌رێكى كورد له‌ رۆژهه‌ڵات سینگه‌ نه‌بێته‌ گوله‌وه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و هێزه‌ى كه‌ له‌ رابردوودا داوه‌تى توركیاى له‌ پێناوى كوردا ره‌تده‌كرده‌وه‌، ئاوڕى له‌ پێشنیازو به‌ڵێنى درۆینه‌ى ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات نادایه‌وه‌، ئه‌وه‌تا هیچى نیه‌ بۆ ووتن.

ئه‌م بزوتنه‌وه‌ بێده‌نگه‌ كه‌ هه‌ندێك بۆ شكاندن و لێدانى ئه‌و بێده‌نگیه‌ به‌ ئاقڵ بوون ناوده‌به‌ن كاره‌كته‌ره‌كانى كه‌ به‌ده‌نگى خه‌ڵك به‌رزترین پله‌یان وه‌رگرت ، له‌ برى ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا له‌ نێو خۆپیشانده‌راندا بن، ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ده‌ستى له‌ پشته‌" و نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێن " هه‌مان ده‌ستیش له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ " هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ پێشتر ده‌درایه‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و خه‌ڵكى ناڕازى ، له‌ راستیدا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ دۆخێكدایه‌ له‌وه‌ ده‌چێت كه‌س ئاگاى له‌وى تر نه‌بێت ، ئه‌وه‌بۆیه‌ گوێبیستى ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ش ده‌بین.

گه‌وره‌ترین مه‌ترسى له‌ سه‌ر هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى كوشتنى گیانى به‌رهه‌ڵستى و زمانى قسه‌كردنه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان مه‌رگى نه‌وشیروان مسته‌فاو دوركه‌وتنه‌وه‌ى قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حمود و سه‌دان قسه‌كه‌رى بوێریان به‌ هه‌لزانى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌ر بڕو بیانویه‌ك ئه‌و گیانى به‌رهه‌ڵستى و زمانى قسه‌كردنه‌ تا ئاستى كوشتن به‌رن، من بۆ خۆم بڕوام به‌ ئارامى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى سیاسى هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌و راده‌یه‌ى هێزى سیاسى بوونى خۆى فه‌رامۆش بكات كه‌ چیه‌و ده‌بێت چیبكات، ئاخر ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا زندوو بێته‌وه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ى خۆى ناناسێته‌وه‌.

هیوام وایه‌ دۆستان ئه‌م ره‌خنانه‌ به‌ سنگى فراوانه‌وه‌ وه‌ربگرن و بیرێك له‌ خۆیان و ئاینده‌ى میله‌ته‌كه‌شیان بكه‌نه‌وه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP