هه‌مواری ده‌ستور و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ره‌تای کێشه‌یه‌کی نوێ

قوته‌یبه‌ فازڵ - 3-11-2019 - 673 جار خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌ڕای کێشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌ک و که‌ڵه‌که‌بووه‌ چاره‌نه‌کراوه‌کانی عێراق کێشه‌ی هه‌مواری ده‌ستوریش سه‌ریهه‌ڵدا، هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی (25 ی ئۆکتۆبه‌ر ) خۆپیشانده‌ران دروشمی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و هه‌مواری ده‌ستوری عێراقیان به‌رز کرده‌وه‌ و په‌رله‌مانیش وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ داوای خۆپیشانده‌ران له‌ دانیشتنی ڕۆژی (28 ی ئۆکتۆبه‌ردا ) بڕیاریدا به‌ دروستکردنی لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی په‌رله‌مانی بۆ هه‌مواری ده‌ستوور که‌ له‌ ماوه‌ی چوار مانگدا پرۆژه‌که‌ ئاماده‌ بکه‌ن . 
ده‌ستور بۆ وڵاتێکی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌بی وه‌ک عێراق پێویستیه‌کی حه‌تمیه‌ به‌و مه‌رجه‌ی ببێته‌ پارێزه‌ری سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئاینزا جیاوازه‌کان به‌ یه‌کسانی ، پاراستن و پیاده‌کردنی ده‌ستوره‌که‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ببێته‌ پارێزه‌ری و نه‌هێڵێ پێشێلی به‌نده‌کانی بکرێت . 
ده‌ستوری عێراق که‌ له‌ ساڵی (2005) نوسرایه‌وه‌ جۆرێک له‌ په‌له‌کردنی لێکرا یاخود بڵێین په‌له‌ی تیادا کرا و هیچ کام له‌ نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به‌کانی عێراق تا ڕاده‌یه‌ک پێی ڕازی نه‌بوون هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕاپرسیه‌که‌یدا ڕێژه‌ی (%78) ی ده‌نگی به‌ڵێی ده‌نگده‌رانی به‌ده‌ستهێنا . 
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و که‌لێن و که‌م و کوڕیانه‌ی ناو ده‌ستوره‌که‌ به‌ڵام به‌ بۆچوونی زۆربه‌ی یاساناسان ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستای عێراق له‌زۆربه‌ی ده‌ستوری وڵاتانی ناوچه‌که‌ پێشکه‌وتووتره‌ و به‌ باشتر دێته‌ ئه‌ژمار ، هه‌روه‌ها به‌ پێی پێوه‌ره‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانیش تا ڕاده‌یه‌کی باش ڕه‌چاوی مافه‌کانی مرۆڤی عێراقی تیادا کراوه‌ . 
تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستانیش ده‌ستوری ئێستای عێراق تا ڕاده‌یه‌کی باش مافه‌کانی گه‌لی کوردی تیادا جێگیر کراوه‌ ، هه‌روه‌ها زمانی کوردیشی هاوتا کردووه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی که‌ ئه‌مه‌ش ده‌ستکه‌وتێکی گرنگه‌ بۆ گه‌لی کورد ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ گشتی داوا و خواسته‌کانی کوردی به‌ ته‌واوی تیادا نه‌هاتۆته‌ دی . 
زۆربه‌ی شاره‌زایانی یاسا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن جگه‌ له‌مادده‌ی (140) هیچ هه‌رێمێک له‌ جیهاندا خاوه‌نی ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵاتانه‌ نیه‌ که‌ ده‌ستوری عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانی داوه‌ به‌ واتایه‌کی تر ده‌وڵه‌تێکه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌تدا . 
له‌ڕاستیدا داواکردنی هه‌مواری ده‌ستور له‌ لایه‌ن خۆپیشانده‌ران و به‌شێکی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ که‌ حکومه‌ت تا ئێستا که‌م ته‌رخه‌م و بێ توانا بووه‌ له‌ ئاست خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان و پیاده‌کردنی دیموکراسیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی که‌ سه‌رجه‌م کایه‌کانی ده‌وڵه‌تی گرتوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیانی عێراقی بۆ ژێر هێڵی هه‌ژاری په‌لکێش کردووه‌ . 
خاڵێکی تری هه‌ره‌ زه‌ق و که‌لێنێکی به‌رچاو له‌ ده‌ستوری عێراقیدا که‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌ی یاساییه‌ و شوێنکردنه‌وه‌یه‌تی له‌ ده‌ستوری عێراقیدا دادگای فیدراڵی عێراقه‌ که‌ دامه‌زراندن و کارکردنی ئه‌و دادگایه‌ له‌لایه‌ن حاکمی مه‌ده‌نی ئه‌مریکیه‌وه‌ بوو له‌ عێراق (پۆل بریمه‌ر ) ساڵی (2004) ، ئه‌م دادگایه‌ که‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌هایه‌ له‌ عێراقدا و بڕیاره‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌کان ده‌چێته‌ به‌ر ده‌ستی تا ئێستا له‌ ده‌ستوری عێراقیدا جێگه‌ی بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ . 
" لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مواری ده‌ستوری عێراق چی زیانێکی بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه ؟" 
هه‌موان ده‌زانین ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌ر کات ویستبێتیان پێشێلی ده‌ستوریان کردووه‌ و هیچ گوێیان پێ نه‌داوه‌ چۆن بۆیان کرابێت و به‌ گونجاویان زانی بێت به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستوره‌که‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پیاده‌ کردوه‌ . 
که‌واته‌ هه‌موار کردن یان نه‌کردنی چی له‌ واقعی ئێستای هه‌رێمی کوردستان ده‌گۆڕێ ؟ 
ده‌کرێ بڵێین کێشه‌ی عێراق کێشه‌یه‌کی ده‌ستوری نیه‌ به‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی کێشه‌ی پیاده‌ کردنی ده‌ستوره‌که‌یه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت نه‌بوایه‌ عێراق خاوه‌نی باشترین ده‌ستوری ناوچه‌که‌یه‌، وه‌ کوردیش له‌ ئێستادا له‌ لوتکه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی عێراقدایه‌ که‌ سه‌رۆک کۆماره‌ سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین پوستی تری سیادی. 
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بیرکردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی عێراق به‌رامبه‌ر به‌کوردستانه‌ که‌ تا ئیستاش ئێمه‌ی کورد به‌ میوان ده‌زانن و وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی نامۆ سه‌یری هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن هه‌میشه‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندنیان زاڵتره‌ له‌ زمانی دیالۆگ و پێکه‌وه‌ ژیان ، ده‌یانه‌وێ ئه‌م واقیعه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان کۆتایی پێ بهێنن و له‌ قاڵبدانێکی نوێی بۆ داڕێژن له‌ ڕێگه‌ی هه‌مواری ده‌ستوره‌وه‌ . 
له‌ تازه‌ترین تویتدا یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی ڕه‌وتی حیکمه‌ به‌ڕاشکاوی ئاماژه‌ی به‌ حاڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوه‌ و ده‌ڵێ :
" گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ له‌ ده‌ستوری ئێستای عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌ته‌ ده‌وڵه‌ت له‌ ناو عێراقدا " 
که‌واته‌ ئێستاش ئه‌وان به‌ چاوێکی شۆڤێنیانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌ڕوانن و له‌ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێن تا له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و ماف و ئیمتیازانه‌ی هه‌رێم که‌م بکه‌نه‌وه‌ و وه‌ربگرنه‌وه‌ . 
ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی کورد له‌م قۆناغه‌دا به‌ بیرێکی فراوان و دوور له‌ گیانی حیزبی ئاماده‌سازی بۆ هه‌مواری ده‌ستور بکات ئه‌وا بێگومان ده‌کرێ قۆناغه‌که‌ تێپه‌ڕێنرێت و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ بڕه‌وێنرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر خه‌مساردیه‌ک ده‌بێته‌ هۆی زه‌برێکی کوشنده‌و که‌مه‌ر شکێن بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی هه‌رێم . 
ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌م قۆناغه‌دا زۆر سه‌خته‌ و پێویسته‌ به‌ گیانی ته‌بایی و یه‌ک ڕیزیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجه‌ نوێکاندا بکه‌ن و یه‌ک گوتاری و یه‌ک هه‌ڵوێستی و یه‌ک پلان و به‌رنامه‌یی ڕه‌نگ بداته‌وه‌ تیایاندا و سه‌رجه‌م بڕیاره‌کان پێویسته‌ به‌یه‌ک ده‌نگی بێت، وه‌نابێ له‌ ئێستادا کورد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ به‌غداد داببڕێت . 
هه‌ر خه‌مساردی و دابڕانێک هه‌لێکه‌ له‌ لایه‌ن نه‌یارانی کورده‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت بۆ که‌م کردنه‌وه‌و له‌ قاڵبدانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌جێندای ده‌ره‌کیش که‌ به‌هه‌مان ئاراسته‌ دژی هه‌رێم کار ده‌که‌ن و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر بڕیارده‌رانی عێراق هه‌یه‌ . 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP