بەپەلە

فیدڕاڵیزمی هەرێم و ترس لە هەمواری دەستور

کەمال محەمەد - 3-11-2019 - 2053 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ئەوەی لە سیاسەتكردنی عێراق تێبگەین و مێژووی دەستورەكانی بناسین چەندین دەستوری نوێ هاتۆتە كایەوە كە گۆڕانكارییەكان هۆكاری بوون ،بەڵام كۆی دەستورەكان كاتی بوون و ڕۆڵێكی ئەوتۆ و گرنگیان نەبینیوەو هیچ كات ئیرادەیەكی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مەعریفەی بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن ودادوەری و یاسادانانی دروست نەكردوە،دوا دەستوری عێراق لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە  بە چاودێری ئەمریكا  لە ١٥ ئۆكتۆبەری ٢٠٠٥ خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ كراوو سیستەمی حكومڕانی لە عێراقدا لە مادەی یەكەم دەست نیشان كرد بەوپێیەی (عێراق دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و شێوازی حوكم تیایدا كۆماری و پەرلەمانی و دیموكراسی و فیدڕاڵی  ئەبێت ،

هەرێمی كوردستانیش بەشێكی عیراق لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا فیدراڵیزمی كرد بە بەری  حكومڕانییەكەیدا ،بەڵام هەرزو تا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی  هەرێم  سنوری سەنتراڵیزمی دەوڵەت نەتەوەی تێپەڕ نەكرد و ئەو بەشە لە فیدراڵیزمەی كە وەریگرتبوو  نەیتوانی یاخود مەبەستی نەبو كە جۆرێك لە لامەركەزییەت و دیموكراسی لە حكومڕانییەكەیدا جێبەجێ بكات و  تەنها لە فۆڕمدا مایەوە لەروی بەرێوەبەرییەوە پراكتیزەی نەكردوە ،

فیدراڵیزمی هەرێمی باشور   لە مادەی ١١٧ دەسەڵاتی هەرێمەكان  لە بڕگەی یەكدا دان بە قەوارەی هەرێمی كوردستاندا دەنێت  وەك هەرێمێكی فیداڕاڵی و لە مادەی ١٢٠ هەمان دەستوریشدا  ڕێگا بە هەرێم ئەدات كە خاوەن دەستورێكی تایبەت بە خۆی بێت  و هەرەمی دەسەڵاتەكان و میكانیزمی بەكارهێنانی بە گوێرەی ئەو دەستورە دیاری بكات بە مەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستوری عێراقدا  ،بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوێكی كردارییان نەناوە بۆ داڕشتنەوەی دەستورێك كەمافی سەرجەم پێكهاتەو ئەتن و ئایینزاكان بپارێزێت و بتوانێت هەمو خەڵكی هەرێم لەژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە بە یەكسانی ،

ئەم فۆرمە لە فیدراڵیزم و بەرێوەبردنی حكومڕانییە بە بێ دەستور لەم چەندین ساڵەدا بە تەواوی هەرێمیان لە واتاو پراكتیكی خاوەن یاسا و ڕێسا بۆ هەموان وەك یەك ڕوت كردۆتەوە و فیدراڵیزمیان كردوە بە ئاڵگۆیەكی بێزراو بۆ ئەو پڕۆژە ناسیۆنالیستییەی كە دەسەڵاتدارانی  هەمیشە لەسەری دوپاتیانكردۆتەوە ،

ململانێكانی لایەنەكان بۆ داڕشتنەوەی دەستور ئەگەر لە رواڵەتدا كێشەیان ناسنامە ئایینییەكە بێت كە ئیسلام و سیكیولاریست عێراقی بون بوبێت هەندێ جار ،بەڵام لە بنەرەتدا بەرژەوەندی حیزبی و لایەنەكان بوە ،بۆیە هەمیشە سیستەمی سیاسی و ئابوری بە تەوافوق و  سازانی حیزبەكان دانراوە چونكە پێیان وابوە لە بونی دەستورێكی نیشتمانی  هەڕەشە بۆسەر تەواوی سیستەمە لەرزۆكەكەیان دروست ئەبێت ،

نەبونی دەستور لەم هەرێمە فیدراڵیزمەی باشوردا هۆكاری سەرەكی مانەوەی دەسەڵات و سەرمایەو مەلەف و داهاتی نەوت وسێكتەری ئابوری بوە لە چنگی كۆمەڵە كەسانێك كە هەردەم لە دژی بەرژەوەندییە گشتییەكان بەكارهێنراوە بەپێیەی لە دەستوری عێراقدا ڕێگا بەوە دراوە هەرێم دەسەڵاتەكانی یاسادانان و ڕاپەرندنی هەبێت بە مەرجێك كورد و كوردستان بە هەمو پێكهاتەكانییەوە لێی سودمەند ببن و فەراهەم بونی ژیانی ئازاد و یەكسانیش بەدی بهێنێت لەگەڵ دەستەبەركردنی ڕێكخستنبونی دیموكراتیانەی هەرێم ،

ئێستا كە خۆپیشاندانەكان لە عێراق بەردەوامیان هەیەو ئەنجومەنی نوێنەران و بەشێكی زۆری لایەنەكان  باس لە پڕۆژەی هەمواری دەستور ئەكەن سیاسییەكانی ئابوری سەربەخۆ  ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەت كەقەوارەی هەرێمیان بەدەستەوە بوە بە شێوەیەكی ناشەفاف رەفتاریان لەگەڵ نەوت و داهاتەكەیدا كردوە ئەمەش لەپێناو كەڵەكەكردنێكی زیاتری سەرمایە حیزبییەكانیان بوە ،بۆیە ترسی سیاسییەكانی هەرێم و بەتایبەت ئەو لایەنەی كە زۆرترین رەخنەی هەبوو لە دەستوری عێراق لە ساتەوەختی ڕیفراندۆمدا بۆ پێداگری نییە لە بەرژەوەندییەكانی كوردستان بەڵكو ترس لێی گۆڕینی بڕگەو داڕشتنی ئەو یاسایانەیە لە دەستوری داهاتودا كە شێوازی حوكم و بەرێوەبەری  فیدڕاڵی هەرێم لە سودی ئەوان و سیاسەتەكەیان پێچەوانە بكاتەوە ،بۆیە ترسی سیاسییەكانی ئابوری سەربەخۆ  ئەگەر پێداگری بێت لەبەرژەوەندی گشتی كورد و كوردستان و ئاوێتە كردنی فیدراڵیزمێك بە دیموكراسییەت ئەوا بەرپرسیارێتیەكی مێژوییەو پێویستەو ئەركە هەمو لایەنەكان هەوڵ و ڕۆڵی جددیان هەبێت لە هەمواری دەستوردا بە ئاراستەی لەناوبردن و كەمكردنەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوری و نیشتمانییەكان  .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP