xendan ads

ماوه‌ی‌ رێگه‌پێدراوی‌ سه‌لامه‌ت چه‌نده‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ هه‌رزه‌كاران له‌سه‌ر سكرین؟

وڵ ستریت جۆرناڵ - 19-03-2017 - 6626 جار خوێندراوەتەوە

ئاماده‌كردنی‌: وڵ ستریت جۆرناڵ
وه‌رگێڕانی‌: خه‌ندان

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن دوو توێژەری بەریتانی بەناوەکانی ئەندریو ک. پرزیبیلسکی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد و نێتا وینستێین لەزانکۆی کاردیف ئەنجامدراوە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ترس لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا زۆر گەورەکراوە.

توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 120 هەزار هەرزەکاری تەمەن 15 ساڵ لەداتابەیسی قوتابیانی نیشتمانی بەشی پەروەردەی بەریتانیا ئەنجامدراوە.


توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات هەرشتێک زیادەڕەوی تێدا بکرێت دەکرێت زیانبەخش بێت، هەروەها بەدوای ئەو پرسیارەدا گەڕاوە ئایا شاشە دیجیتاڵییەکان زیاتر وەک جگەرەکێشان وایەو بەهەموو شێوەیەک زیانبەخشە، یاخود لە خواردن دەچێت و ئەگەر بەڕادەی پێویست بخۆیت ئەوا سوودبەخش و زیادەڕویشی تیدا بکەیت بەزیان بۆ کەسەکە دەشکێتەوە.

توێژەرەکان پرسیاریان لە بەشداربووەکانی ناو توێژینەوەکە کردوە لەبارەی ئەوەی ئەوان چەندێک ئەزموونی دۆخە هزرییە پۆزەتیفییەکان دەکەن، وەک بەڕوونی بیرکردنەوە، بەباشی چارەسەرکردنی کێشەکان، هەستکردن بەگەشبینی، چالاکیی و نزیکبوون لەکەسانی دیکەوە. 

ئەو پرسیارانە لەبارەی دوو هەفتەی پێشتری بەشداربووەکانەوە بووە، وەڵامەکانیش پێنج نمرەی لەسەر بوو بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکانیان.

هەرزەکارەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە رۆژانە چەند کاتژمێر بەسەر دەبەن بە یاریکردنی ڤیدیۆگەیمەکان، بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ مەبەستەکانی دیکە و بەکارهێنانی شاشەی مۆبایلە هۆشمەندەکان. توێژەرەکان رەگەزو ئیتنیکی هەرزەکارەکانیان تۆمارکرد و پۆستاڵ کۆدەکانیان بەکارهێنا بۆ خەمڵاندنی باری کۆمەڵایەتی-ئابوریی بەشداربووەکان.

دواتر توێژەرەکان سەرنجی پەیوەندی نێوان کاتی شاشە (ئەو کاتەی هەرزەکارەکان بەسەیرکردنی شاشە دیجیتاڵەکانەوە بەسەری دەبەن) و وەڵامی پرسیارەکانی پێشوویان دا.

لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوت تا ڕادەیەکی دیارییکراو، بەسەربردنی کات بەسەیرکردنی شاشە دیجیتاڵەکانەوە یان پەیوەندیەکی پۆزەتیفی هەیە بەباشیی چالاکیی هزرییەوە یاخود هیچ پەیوەندییەکی نییە. واتە هیچ پەیوەندیەکی نێگەتیف لەنێوان بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکان و خراپی چالاکییە هزرییەکانەوە نییە.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە هاوتایە لەگەڵ توێژینەوەکانی دیکە کە دەریانخستبوو هەرزەکاران کۆمپیوتەرو مۆبایل بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندیکردنی بەکەسانی دیکەوە.

بەپێی توێژینەوەکە ماوەی قبوڵکراو بۆ بەکارهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان و کۆمپیوتەر بۆ هەرزەکاران کاتژمێر و نیوێک بۆ دوو کاتژمێرە لەرۆژێکدا، هەروەها بەکارهێنانی ڤیدیۆگەیمەکان سێ بۆ چوار کاتژمێر لەرۆژێکدا.

لەوەڵامەکانی ناو توێژینەوەکەدا هەرزەکارەکان باسیان لەوە کردوە کە زۆرجار کۆمەڵێک لەو شتانە لەیەک کاتدا ئەنجام دەدەن و بەشێوەیەکی گشتی ماوەیەکی گونجاو لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن. کاتێکیش لەو ماوەیە تێبپەڕێت، کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر چالاکیی هزریی.

کاتی بەسەربردن لەبەردەم شاشەدا تەنها لەسەدا یەکی کۆی ئەو فاکتەرانەی هەیە کە کار دەکەن سەر چالاکیی هزریی. ئەوەش سێجار کەمترە لەفاکتەرەکانی وەک نانخواردنی بەیانی یاخود بڕی پێویستی خەوتن.

چەندین هۆکاری دیکە هەیە بۆ ئەوەی خەمی منداڵە هەرزەکارەکەت بێت، ئەوان لەمەترسی رووداوی هاتوچۆ و خۆکوژی و توندوتیژییەکانی چەکدان. بەڵام شاشە دیجیتاڵییەکان یەکێک نییە لەو مەترسیانە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP