كوردو ئه‌رمه‌ن لێكچون و جیاوازى

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 30-10-2019 - 1972 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌رمه‌ن چه‌ندین جار رووبه‌ڕووى جینۆساید بونه‌ته‌وه‌، كه‌ دواترینیان 1915 بۆ 1918 بووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى ته‌لعه‌ت پاشا، ته‌لعه‌ت پاشا 1874 -1921 چه‌ندین پله‌و پۆستى وه‌رگرتوه‌، له‌ناویاندا وه‌زیرى ناوخۆو به‌ یه‌رپرسى راسته‌وخۆى كوشت و بڕى ئه‌رمه‌ن دێته‌ ناسین، ته‌لعه‌ت له‌ ساڵى 1921 رۆژى 15ى ئازار له‌سه‌ر ده‌ستى سۆغۆمۆن ته‌هلیریان له‌ به‌رلین كوژرا،  سۆغۆمۆن ته‌هلیریان  1897 -1960 له‌ ته‌مه‌نى 24 ساڵیدا ته‌لعه‌ت پاشاى كوشت، ته‌هلیریان له‌ خانه‌واده‌كى ته‌نیا خۆى رزگارى بوو، دایكى كوژرا، خوشكێكى دواى ده‌ستدرێژى كردنه‌ سه‌ر كوژراو كه‌س و كاره‌كه‌ى له‌ناودران، خۆى به‌ بریندارى نزیكه‌ى مانگێك پیرێژنێكى كورد چاره‌سه‌رى بۆ كرد و داڵده‌ى دا، ئه‌و له‌ دادگا هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌ڵێ، دادگاى به‌رلین بڕیارى بێتاوانى بۆ ته‌هلیریان ده‌ركرد، ئه‌و له‌برى تۆڵه‌ى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ئه‌رمه‌نى ته‌لعه‌ت پاشاى كوشت، ئه‌و پیاوه‌ى وه‌ك عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید شانازى به‌كوشت و بڕه‌كه‌وه‌ ده‌كرد، ته‌هلیریان له‌ كاتى كوشتنى ته‌لعه‌ت پاشادا له‌ناوبه‌رلین له‌ پشته‌وه‌ بانگى ده‌كات " ته‌لعه‌ت، ته‌لعه‌ت " ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ بانگكردنه‌ بووه‌ كه‌ هاوڕێ زۆر نزیكه‌كانى بانگیان كردوه‌، له‌ ئاوڕدانه‌وه‌دا گولله‌یه‌ك ده‌نێ به‌ ته‌ختى ته‌وێڵێیه‌وه‌و ده‌یكوژێت، له‌ دادگا  هۆكارى كوشتنه‌كه‌ باس ده‌كات و باسى ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چۆن پیره‌ژنێكى كورد داڵده‌ى داوه‌و چاره‌سه‌رى كردوه‌.

ئه‌م شێوازى داڵده‌ دانه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وى ته‌یمور كه‌ له‌ بیابانى زه‌بى به‌ بریندارى ده‌ربازى ده‌بێت زۆر له‌یه‌كتر ده‌چن

 

ئه‌م شێوازى داڵده‌ دانه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وى ته‌یمور كه‌ له‌ بیابانى زه‌بى به‌ بریندارى ده‌ربازى ده‌بێت زۆر له‌یه‌كتر ده‌چن، ته‌یموریش له‌ لایه‌ن پیره‌ژنێكه‌وه‌ نازى ده‌كێشرێ و داڵده‌ ده‌درێ، كاتێ له‌ ساڵى 2003 چوینه‌ ئه‌و گونده‌ى ته‌یمورى لێبوو، پیره‌ژنه‌كه‌ ته‌ندروستى زۆر خراپ بوو، هاو شێوه‌ییه‌كى زۆر له‌ نێوان عه‌لى حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید و ته‌لعه‌ت پاشادا هه‌یه‌ ، ئه‌و دوانه‌ هه‌ردووكیان به‌پرسیارى راسته‌وخۆى كۆمه‌ڵكوژیه‌كانن، عه‌لى حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید كه‌ به‌ عه‌لى كیمیاوى ناوبانگى رۆیشتوه‌، نزیكه‌ى ساڵێ پێش كوشت و بڕى ئه‌نفال ئه‌كرێته‌ به‌رپرسى "ده‌فته‌رى باكورى حزبى به‌عس" و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكى ڕه‌هاى بۆ كوشتن و بڕین پێده‌درێ، راگه‌یه‌نراوه‌ شه‌ش خاڵیه‌كه‌ى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید.

هاوشێوه‌ى راگه‌یه‌نراوه‌كانى ته‌لعه‌ت پاشا به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ى كوشتن و له‌ناودان ده‌كه‌ن، بۆ نمونه‌ نامه‌و بروسكه‌كانى بۆ والیه‌كانى دیار به‌كرو شوێنه‌كانى تر ، یان ئه‌و یاسایه‌ى كه‌ ده‌ریكرد و به‌ ناوى یاساى دورخستنه‌وه‌ى كاتى ناسراوه‌

 

هاوشێوه‌ى راگه‌یه‌نراوه‌كانى ته‌لعه‌ت پاشا به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ى كوشتن و له‌ناودان ده‌كه‌ن، بۆ نمونه‌ نامه‌و بروسكه‌كانى بۆ والیه‌كانى دیار به‌كرو شوێنه‌كانى تر ، یان ئه‌و یاسایه‌ى كه‌ ده‌ریكرد و به‌ ناوى " یاساى دورخستنه‌وه‌ى كاتى ناسراوه‌ " ئه‌م یاسایه‌ له‌ گه‌ڵ یاساى راگواستن و به‌ عه‌ره‌بكردن و سڕینه‌وه‌ى به‌عس زۆر له‌ یه‌ك ده‌چن، ته‌نانه‌ت كاتێ كه‌ وه‌زیرى ناخۆ بووه‌ بڕیارى داوه‌ هه‌موو رۆشنبیرو نوسه‌رو ناسراوه‌كانى ئه‌رمه‌ن بگیرێن و دواتلا له‌ ناوى داون ، عه‌لى حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدیش ده‌ڵێ " وه‌كو بزن سه‌ریان ده‌بڕم.   

وه‌ك چۆن له‌ گه‌ڵ ناوى عه‌لى حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدا ناوى كه‌سانى دیكه‌ى وه‌ك نزار خه‌زره‌جى، بارق عه‌بدوڵا حاجى حنته‌ و تا دواى له‌ گه‌ڵ ناوى ته‌لعه‌ت پاشاشدا ناوى هه‌ر یه‌ك له‌ " ئه‌نوه‌ر پاشا  1881-1922"  "جه‌مال پاشا  1873 -1922 " دێت ئه‌وانیش رۆڵیان له‌ رۆڵى بڕیار ده‌ره‌ى سه‌ره‌كى كه‌متر نه‌بووه‌، ئه‌و هێزه‌ى كوشت و بڕى ئه‌رمه‌نى كردوه‌ به‌ شێكى به‌ سواره‌ى حه‌میدى ناسراوه‌، سواره‌ى حه‌میدى له‌ 100 بۆ 110 هه‌زار كه‌س بوونه‌ كه‌ له‌ كوردو چه‌ركه‌س و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب وئه‌لبان و تا دواى بۆ لێدان و سه‌ركوتى یاخیبوونه‌كان دروستكراون، له‌ ناو كوردا نزیكه‌ى 10 بۆ 15 هه‌زار سواره‌ى حه‌میدى هه‌بووه‌، ئه‌مانه‌ له‌ لایه‌ن خودى سوڵتانه‌وه‌ پشتگیرى كراون و بریتى بوونه‌ له‌ سه‌رۆك هۆزو ئاغاو ده‌ره‌به‌گه‌كان، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ ناویاندا هه‌بووه‌ هاوكارى ئه‌رمه‌نى كردوه‌ بۆ نمونه‌ ئیبراهیم پاشاى میله‌لى یان ئیبراهیم پاشاى مه‌لان كه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئه‌رمه‌نى رزگار كردوه‌ و كه‌سانى دیكه‌، هه‌روه‌ك گه‌واهیه‌كه‌ى ته‌هلیریانیش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هاوكارى كورد به‌ ئه‌رمه‌ن له‌و بارو دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ده‌ربكه‌وێ، راسته‌ كورد وه‌ك جاش به‌شدارى ئه‌و كوشت و بڕه‌ى كردووه‌.

ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد نه‌به‌بڕیارى سیاسى ئه‌وه‌ى كردوه‌، نه‌ئه‌و ده‌م ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌ تا به‌و كاره‌ هه‌ستێ، مرۆڤ ده‌بێ ئه‌مه‌ به‌ وردى ببینێ و هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكات

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد نه‌به‌بڕیارى سیاسى ئه‌وه‌ى كردوه‌، نه‌ئه‌و ده‌م ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌ تا به‌و كاره‌ هه‌ستێ، مرۆڤ ده‌بێ ئه‌مه‌ به‌ وردى ببینێ و هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان كورد هاوكارى ئه‌رمه‌نى كردووه‌ و له‌ ناو ئه‌رمه‌نیشدا زۆرن ئه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌زانن ، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ ئه‌رمه‌نه‌ هه‌ڵاتوه‌كان په‌نایان هێناوه‌ته‌ به‌ر كوردى ئێزدى له‌ چیاى شه‌نگال و ئه‌وانیش هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌كیان كردوون، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌و له‌ ساڵانى دواتریشدا هه‌میشه‌ سیاسى و رۆشنبیرانى كوردو ئه‌رمه‌ن پێكه‌وه‌ یاداشت و بانگه‌وازى ئازادیان ئاراسته‌ى ناوه‌نده‌كانى بڕیارى دنیا كردووه‌، بۆ نمونه‌ئه‌و نامه‌یه‌ى كه‌ هه‌ردوو وه‌فدى كوردو ئه‌رمه‌ن ئاراسته‌ى كۆنگره‌ى ئاشتى پاریسیان كردوه‌ له‌ ساڵى 1919 نوێنه‌رى كورد شه‌ریف پاشاى خه‌ندان و نوێنه‌رانى ئه‌رمه‌ن بریتى بوونه‌ له‌ بۆ غۆس نۆیان و د. ئاوهانیانیان. 

كاتێ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانیش ناوه‌نكانیان ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات بۆ راده‌ستكردن ، كه‌س ده‌ستى بۆ نابرێ و ناگیرێ كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن خودى كورده‌وه‌ ئه‌و دادگایكردنه‌ بێبایه‌خ و ناجۆر ده‌كرێت

 

ئه‌مه‌ له‌ بۆنه‌و بابه‌تى دیكه‌شدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌،  ئه‌مه‌ش خاڵى گرنگه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت بێئه‌وه‌ى پاكانه‌ بۆ ئه‌و به‌شداریه‌ بكرێت ، وه‌ك چۆن له‌ ئه‌نفالى 1988 دا ناتوانین پاكانه‌ بۆ به‌شدارى جاشه‌ كورده‌كان بكه‌ین كه‌ دواتر دوو هێزى سه‌ره‌كى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان زۆربه‌ى ئه‌و جاشانه‌یان كرده‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرى خۆیان ، ته‌نانه‌ت كاتێ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانیش ناوه‌نكانیان ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات بۆ راده‌ستكردن ، كه‌س ده‌ستى بۆ نابرێ و ناگیرێ كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن خودى كورده‌وه‌ ئه‌و دادگایكردنه‌ بێبایه‌خ و ناجۆر ده‌كرێت.

هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 1915 به‌سه‌ر ئه‌رمه‌ن هاتووه‌ له‌ ساڵى 1988 به‌سه‌ر كورد هاتووه‌، هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى تورك و عه‌ره‌بیش به‌رپرسیارى یه‌كه‌مى ئه‌و كوشت و بڕو جینۆسایده‌ن و ئه‌گه‌ر له‌ ژێر فه‌رمانى ئه‌واندا خه‌ڵكانێكیش به‌و كاره‌ هه‌ستابن، خودى بڕیارده‌ره‌كه‌ تاوانبارى یه‌كه‌مه‌، ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وانى تر وه‌ك تاوانبار ته‌ماشا نه‌كرێن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى پێش قه‌ره‌وڵى سوپا بوونه‌، من به‌لامه‌وه‌ مه‌به‌ست بوو، ئه‌مساڵ كه‌ یادى 100 ساڵه‌ى كوشت و بڕى ئه‌رمه‌ن بوو پارله‌مانى باشورى كوردستان ئه‌و كوشت و بڕه‌ى وه‌ك جینۆساید بناسانایه‌، به‌ڵام دیاره‌ له‌به‌ر هۆى سیاسى و ئه‌و بارو دۆخه‌ى هه‌یه‌ نه‌یانتوانى ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر چى پێشنیازى رێ و شوێنى جیا جیاشم خسته‌ به‌رده‌ستیان، له‌ كوشت و بڕى ئه‌رمه‌ندا  كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ به‌شدار نیه‌و كوردو ئه‌رمه‌ن هه‌میشه‌ دۆست و ئاشنا بوونه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شداربووه‌ كورده‌ وه‌ك جاش ئه‌مه‌ش ناكاته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ى كورد وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ بۆ ئه‌نفالیش هه‌روایه‌ ، له‌ هه‌ردوو دۆخه‌كه‌شدا كورد قوربانى بووه‌ نه‌ك سته‌مكار.

به‌ بڕواى من ئه‌مه‌ جیاوازیه‌ قوڵه‌كه‌ى نێوان كه‌سێتى كوردو كه‌سێتى ئه‌رمه‌نیه‌، كه‌ من لام وایه‌ به‌شێكى زۆرى په‌یوه‌ندى به‌ په‌روه‌رده‌یى سیاسى رابردوه‌وه‌ هه‌یه‌

 

ئه‌وه‌ى بۆ من جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌یه‌  ئه‌وه‌یه‌ ته‌هلیریان  ده‌نێردرێته‌ به‌رلین بۆ ئه‌وه‌ى كارێكى گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌چى ته‌یموره‌كه‌ى خۆمان به‌ شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت له‌ برى ئه‌وه‌ى به‌و جۆره‌ ناوى بچێته‌ دیرۆكه‌وه‌ به‌ جۆرێكى ترو به‌ كوشتنى تاقانه‌یه‌كى ئه‌نفال روو به‌ڕووى زیندان ده‌بێته‌وه‌، به‌ بڕواى من ئه‌مه‌ جیاوازیه‌ قوڵه‌كه‌ى نێوان كه‌سێتى كوردو كه‌سێتى ئه‌رمه‌نیه‌، كه‌ من لام وایه‌ به‌شێكى زۆرى په‌یوه‌ندى به‌ په‌روه‌رده‌یى سیاسى رابردوه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌م بۆنه‌یه‌دا كه‌ یادى 100 ساڵه‌ى ئه‌و جینۆسایده‌ سامناكه‌یه‌ دروود بۆ قوربانیانى ئه‌رمه‌ن، هه‌روه‌ك درود بۆ عه‌بدولره‌حمان به‌درخانى براى میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخانیش كه‌ هه‌میشه‌و له‌ وتاره‌كانى رۆژنامه‌ى كوردستاندا داكۆكى برایانه‌و سه‌رسه‌ختانه‌ى له‌ ئه‌رمه‌ن كردووه‌. 

ئه‌م بابه‌ته‌ 2015 نوسراوه‌، بۆیه‌ ئێستابڵاوى ده‌كه‌مه‌وه‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا جینۆسایدى ئه‌رمه‌نى به‌ فه‌ڕمى ناسى ، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكى گرنگه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP