كۆنگرە؟!
بەخۆداچوونەوە یان تەسفیە حسابات

عوسمان گوڵپی - 29-10-2019 - 976 جار خوێندراوەتەوە


كۆنگرە وەك گرنگترین وێستگەی هەر هێزێكی سیاسی كە بیەوێ بەڕابردوویدا بچێتەوە و پلانی نوێ بۆ داهاتووی دابڕێژێت، كە دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان و نوێبونەوە و گۆڕانكاری گەورە لە هێزی سیاسیدا، 
بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەمەیە، ئایا هێزە سیاسیە كوردیەكان توانیویانە سود لە كۆنگرە وەربگرن بۆ خۆ نوێكردنەوە و بەخۆداچونەوە؟ یان نەخێر كۆنگرە بوەتە بەڵا بۆیان و بۆ بەشێكیان تا ئاستی هەڵوەشانەوە جێگەی ترسە و بۆ بەشێكیتریان جگە لە كۆبونەوەیەكی كادیرانە و ئاهەنگێكی ڕێكخراو هیچیتر نیە، بۆیە تا ئێستاش دەتوانین بە ڕێژەیەكی جیاواز بڵێین هێزەكوردیەكان خاڵین لە كۆنگرەی تەندروست و مانادار و نەیانتوانیوە كۆنگرە بكەنە ئەو وێستگەیەی كە حیزبەكەیانی تێدا ئامادە بكەن بۆ قۆناغی داهاتوو، نەیانتوانیوە بیكەنە خاڵی وەستان و لێپرسینەوە لەو هەموو بەرژەوەندی خوازیەی كە هێزەكەیانی بە ئاراستەی لاڕێ بردوە، بە جۆرێ كە ئامانجەكانی پێ نایەتەدی
لێرەدا پرسیارێكیتر دەبێت بكرێت،  كە ئایا كۆنگرە نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆچی كۆنگرەكان تای حیزبەكان بەرز دەكاتەوە و دەبێتە خاڵی ناكۆكی زۆرێك و خاڵی پێكگەشتن و نزیكبونەوەی زۆرێكیتر لە ناوخۆی حیزبەكەدا؟

ئەمەش تەنها لەبەر یەك هۆكارە ئەویش ڕۆڵی كۆنگرەیە بە دیوە سلبیەكەیدا، كە بێگومان كۆنگرە چەند ڕۆڵێكی گەورەی هەبێ بۆ پێشخستنی حیزب لە حاڵەتی ئاسایی و تەندروستدا ، دوو ئەوەندە زیانی هەیە كاتێك دیوێكی سلبی بۆ دا ئەتاشرێت و تەریبی دەكەن بە تێڕوانینی سلبی خۆیان و دەیكەنە وێستگەی یەكلاكردنەوەی ململانێكان و تەسفیەحساباتی شەخسی و نمونەكانیش ئێجگار زۆرن.
كاتێك كۆنگرە گرنگی خۆی بۆ ڕاستكردنەوە و بەهێزبوون لەدەستدا ئەوا گرنگی بۆ بەلاڕێدابردن زیاتر دەبێت (چونكە پەیوەندیەكە پێچەوانەیە نەك ڕاستەوانە) ئەوكات دەبێتە هۆی شەرعیەتدان بە تاكڕەوی و گەندەڵی و كوتلەگەری، ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە زۆرترین كەس دەخزێننە ناو كۆنگرە و بۆ ئەمەش هەموو ڕێگاكان دەگرنەبەر بێ گوێدانە پەیڕە و یاساكان و  تەنانەت دارای حیزبیش بەكار دەهێنن بۆ بەهێزكرنی خۆیان و نزیكەكانیان و بەمەش ژمارەی ڕۆبۆتەكانی ناو كۆنگرە زیاد دەكەن و هەر دەنگێكیتر جگە لە دەنگی خۆیان لاواز دەبێت و پاشان دەكەونە گۆرانی وتن بە باڵای دیموكراسی و هەڵبژاردن و دەنگی زۆرینەدا بۆ شاردنەوەی شكست و بەلاڕێدابردنی كۆنگرەكەیان
ئەمەش تەنها بە مەبەستی پێكانی یەك ئامانجە ئەویش مانەوەی خۆیان و تەسفیە حساب لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژێك نەیار بوون یان ڕێگربوون لەبەردەم ویستە شەخسیەكانیان و بۆ جارێك وتویانە ستۆپ لە بەردەمیاندا
هەر بۆیە كۆنگرەكان لە هەندێك هێزدا هیچ لە دۆخی حیزبەكە ناگۆڕن و بەر لە كۆنگرە دەرئەنجامەكەی ڕوونە و لە هەندێكیتردا دەبێتە وێستگەی قوڵبونەوەی ناكۆكی و ئینشیقاق،  
ئەوانەی كۆنگرە بۆیان نابێتە مەترسی و بەلاغی كۆتایی كۆنگرەكە و ناوی دەرچوەكان بەرلە كۆنگرەكە دەنوسن هیچ بۆیان گرنگ نیە گەر ساڵانەش كۆنگرە ببەستن، بە پێچەوانەشەوە ترس لە كۆنگرە تەواوی ئەو هێزانە دادەگرێ كە دیار نیە كێ گرەوی تەسفیە حساباتەكە دەباتەوە، هەر بۆیە هیچ كۆنگرەیەك لەكاتی خۆیدا گرێ نادەن و بەشێكیشیان لەدەرەوەی كۆنگرە دەبێت بگەنە ڕێككەوتن ئەوكات دەچنە هۆڵی كۆنگرە تەسویریەكەوە .
بەداخەوە كە هەردوو جۆرەكە وێستگەی زۆر خراپن و بەلاڕێدابردنی كۆنگرەیە و بەكار هێنانە بۆ مەبەستی ناتەندروست، هەر بۆیە كۆنگرەكان پێش بەستن و دوای بەستنیش كاریگەری جێ دەهێڵن و هەندێك جار بە هەڵوێستێك هێزەكە هێندە بچوك دەبێتەوە بەرگەری كۆنگرەیەكیتر نەگرێت

ئەوەی سەرەوە تەنها دیوێكی بچوكی كۆنگرەبوو بە ڕەچاوكردنی ڕێژەی جیاواز و جیاوازی كاریگەری هێزەكان، كە بێگومان ئەوانەی بەم عەقڵە لە كۆنگرە دەڕوانن ناتوانن لەدەرەوەی ئەم بیركردنەوەیە بۆ حكومڕانی و كۆمەڵگەش بڕوانن چونكە لە بنامادا تێڕوانینیان بۆ سیاسەت و حیزبایەتی هەڵەیە ئەگەرچی لە وێستگەیەكیشدا لە سەركەوتندا خۆیان نیشان بدەن دواجار شكست دەخۆن چونكە بەرژەوەندیخوازانە لە هەموو شتەكان و  دەوروبەریش دەڕوانن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP