xendan ads

ئایا ئیسلامی‌ سیاسی‌ ده‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م داعش و بیری‌ توندڕه‌وی‌؟

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 19-03-2017 - 2000 جار خوێندراوەتەوە

له‌ پاش رووداوه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌، ئه‌و پۆلێنكاریه‌ی‌ له‌لایه‌ن رۆژئاواییه‌كان به‌ هه‌ردوو باڵی‌ سیاسی‌ و ئه‌كادیمیه‌وه‌ ده‌كرا به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ گۆڕانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، به‌تایبه‌تیش له‌ دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌و له‌ژێر ئه‌م بیانوه‌دا هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ ده‌وڵه‌تانی‌ رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی‌ له‌ كه‌نداو وه‌ك سعودیه‌ و ئیمارات و ئه‌رده‌ن،كه‌ ویستیان هه‌مویان به‌ تیرۆریست یان به‌رهه‌م هێنه‌ری‌ تیرۆر له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن و پاشان به‌ یاسای‌ تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵدا بكرێت، ده‌یانویست به‌ یه‌كجاری‌ خۆیان له‌و مه‌ترسیه‌ رزگار بكه‌ن كه‌ ڕوی‌ له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ كرد كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌یان به‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا و به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵی‌ ئیخوان كه‌ خاوه‌ن ره‌گ و ریشه‌یه‌كی‌ مێژویی‌ به‌هێزه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیموكراسیش بێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌یان داده‌نا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیان، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاتی‌ وه‌ك ئیمارات و سعودیه‌ وه‌ك (دیڤید هیرست) ده‌ڵێت هه‌موو فشارێكیان به‌كارهێنا بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی‌ ئیخوان، به‌مه‌ش فشاریان خسته‌ سه‌ر ئه‌رده‌ن بۆ لاوازكردنی‌ ئیخوان، هه‌روه‌ها لۆبی‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌نداو كاریگه‌ری‌ له‌ سه‌ر كۆنگرێس و ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا هه‌بوو بۆ شێوازی مامه‌ڵیان له‌ گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كانی‌ به‌هاری عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌ سیاسی له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا.

 ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری‌ و فشاره‌كانی‌ ئیمارات له‌سه‌ر به‌ریتانیا وایكرد كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا ئاماده‌ بكه‌ن به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ (جون جینكنز) بۆ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر (ئیخوان) بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌ك گروپێكی‌ تیرۆریستی‌ بیناسێنێت و حكومه‌تیش ناچار بكات بۆ پابه‌ندبوون به‌ ئه‌نجامی‌ راپۆرته‌كه‌، پاش ته‌واو بوونی‌ راپۆرته‌كه‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا لیژنه‌یه‌كی‌ تری‌ دروست كرد به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ (كریسبین بلانتی‌) بۆ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێكی‌ تر، به‌ڵام ئه‌نجامی‌ ئه‌م راپۆرته‌ زۆربه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ راپۆرتی‌ پێشوو بوو، ناونیشانی‌ راپۆرته‌كه‌ به‌ناوی‌ (ئیسلامی‌ سیاسی‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئیخواندا: وه‌ڵامی‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر راپۆرتی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان). 

(دیڤید هیرست) له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ سایتی‌ (میدل ئیست اونلاین) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بێتو رۆڵی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ وه‌ك به‌ربه‌ستێكی‌ پارێزه‌ر له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ گروپێكی‌ تیرۆریستی‌ وه‌ك داعش فه‌رامۆش بكه‌ین، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ خۆمان ده‌بێت و هه‌ر خۆشمان ده‌بێت باجه‌كه‌ی‌ بده‌ین، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا ده‌گرێت و به‌تایبه‌تیش له‌و دروشمانه‌ی‌ كه‌ دژ به‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ به‌رزكرابوونه‌وه‌ به‌ بازاڕی‌ وه‌سف ده‌كات.

له‌ مانشێتێكی‌ فه‌رعی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌دا هاتووه‌و ده‌ڵێت (وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا دانی‌ ناوه‌ به‌وه‌دا كه‌ زۆربه‌ی‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان بڕوایان به‌ به‌كارهێنان توندوتیژی‌ نیه‌، به‌ڵكو خۆیان قوربانی‌ ده‌ستی‌ داعشن،شایه‌نی‌ باسه‌ له‌و شوێنانه‌دا كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌ سه‌ردا گرتوه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان زیاتر له‌ خه‌ڵكانی‌ تر كه‌وتونه‌ به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌و له‌ ناو بردن و داعش ئه‌وانه‌ به‌ مه‌تسیدار تر وه‌سف ده‌كات له‌ فڕۆكه‌و رۆكێتی‌ هاو په‌یمانان.له‌ روانگه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌وه‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت ده‌رگایه‌ك به‌ڕووی‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌ میانڕه‌وه‌كاندا بكاته‌وه‌ بۆ دژایه‌تی‌ تیرۆر، هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێو ئیسلامی‌ سیاسی‌ دا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ خۆیان ناساندووه‌ به‌ دیموكراسیخواز پێویسته‌ رێگه‌یان پێ‌ بدرێت كه‌ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن و پێویسته‌ حكومه‌ت پردی‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا به‌هێز بكات، ئه‌وانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن یان ئۆپۆزسیۆن بن).

حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا به‌م هه‌نگاوی‌ ده‌یه‌وێت له‌ژێر ئه‌و ترس و وه‌همه‌دا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئیسلامیه‌كان بخاته‌ قاڵبی‌ تیرۆر و به‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ تیرۆر وه‌سفی‌ بكات، له‌ راپۆرتی‌ (كریسبین بلاتی‌)دا ره‌خنه‌ی‌ توند له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ (جون جینكنز) ده‌گرێت و ده‌ڵێت ئه‌م پیاوه‌ سه‌فیری‌ پێشووی‌ به‌یتانیابووه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودی‌، به‌ڵام راپۆرته‌كه‌ی‌ زانستی‌ و بێ‌ لایه‌ن نیه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ له‌سه‌ر تیرۆریست بوونی‌ ئیخوان باسی‌ ده‌كات، سه‌ره‌تا بۆ خودی‌ عه‌ره‌بستانی‌ راسته‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی‌ سعودی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ ئیسلامیه‌، كار به‌ ئه‌حكامی‌ شه‌ریعه‌ت ده‌كات و دادگاكان كه‌له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ پیاوه‌ ئاینیه‌كاندان ،فه‌رمانی‌ زۆر مه‌ترسیدار به‌ناوی‌ دینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ن وه‌ك مل په‌ڕاندن و ده‌ست بڕین له‌ گۆڕه‌پانێكی‌ گشتی‌ داو هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوه‌ ئاینیانه‌ كارمه‌ندی‌ ده‌وڵه‌تن و مافی‌ ته‌كفیركردنی‌ مسوڵمانانی‌ تریشیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ راسته‌ بۆ ئێرانیش له‌كاتێكدا كه‌ ئێستا هه‌موو وڵاته‌ رۆژئاواییه‌كان كێبڕكێیانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌فاره‌ت له‌ تاران، له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌پرسێت ئایا هۆكاری‌ چیه‌ رۆژئاواییه‌كان بێ‌ ده‌نگن له‌ ئاست پێشێلكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراتی‌ و به‌هاكانی‌ لیبراڵیه‌ت له‌ سعودیه‌ و ئێران، به‌ڵام كه‌ باس دێته‌ سه‌ر ئیخوان ده‌یكه‌ن به‌ هه‌را.

 له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان له‌ ئێستادا نه‌ هێزیان هه‌یه‌و نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و نه‌ چه‌كدارن، پاشان ده‌ڵێت لیژنه‌كه‌ یه‌ك به‌ڵگه‌ی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ئیخوان پشتیوانی‌ له‌ داعش یان قاعیده‌ كردبێت به‌ڵكو زیاتر له‌ 40000 كه‌سیان له‌ زینداندایه‌و له‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌شدا بانگه‌شه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ ناكه‌ن، بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م راپۆرته‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ریتانیا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ بیری‌ توندڕه‌وی‌ پێویستیان به‌ هاوكاری‌ میانڕه‌وه‌كان هه‌یه‌، ئیخوانیش وه‌ك گه‌وره‌ترین باڵی‌ میانڕه‌وی‌،كه‌ له‌ زیاتر له‌ 70 ووڵاتی‌ دنیادا رێكخستنی هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر زیاتر بچَته‌ ناو هاوپه‌یمانێتیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ داعش و فیكری‌ توندڕه‌وی‌ ده‌رگایه‌كی‌ باش به‌ڕووی‌ خۆیدا ده‌كاته‌وه‌و له‌ ئه‌و گه‌مارۆو فشاره‌ش رزگاری‌ ده‌بێت كه‌ ئێستا روبه‌ڕووی‌ بۆته‌وه‌و به‌مه‌ش وێنه‌یه‌كی‌ نوێ‌ بۆ ئیسلام و مسوڵمانان دروست ده‌بێت، كه‌ له‌لایه‌ن گه‌لانی‌ مسوڵمان و رۆژئاواییه‌كانیش جێگه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ و ده‌ست خۆشیه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP