هۆکارى خۆپیشاندانەکان دەستى لەپشتە یان پشکى شێرو چۆلەکەیە

فارس نەوڕۆڵی - 27-10-2019 - 1999 جار خوێندراوەتەوە

ئەو دەستەواژەیەى (دەستى لە پشتە) ئەو قسەیە هەموو ڕژێمە ستەمکارەکان لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەسەڵاتەکەیان دەبێتەوە دەیکەن بۆ گومان خستنەسەر داواکارى خەڵک بێ گەڕانەوە بۆ هۆکارى ئەو ناڕەزایەتیانە، ئەم هۆکارە واى کردووە کە هەموو دەسەڵاتدارە یەک لەدواى یەکەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى ئیسلامى هەمیشە لەڕێگاى کودەتاى سەربازى یان خۆپیشاندانى خوێناوى کۆتایى بەدەسەڵاتیان بێت و سەرکردەکانیش بکوژرێن و ببنە پەندى زەمانە، بەڵام بێ ئەوەى سەرکردەکانى پاش ئەوان پەندى لێ وەربگرن. لەدواى بەهارى عەرەبییەوە، زنجیرەیەک گۆڕانکارى لە (یەمەن، لیبیا، سوریا و میصر) ڕویدا. هەموومان چارەنووسى سەرکردەکانیانمان دى و دۆخى ئێستاى نالەبارى وڵاتەکانیشیان دەبینین لەچى ئاژاوەو قات و قڕییەکدایە. لێرەدا مەبەستمە لەسەر خۆپیشاندانەکانى عێراق قسە بکەین. لەدواى ڕوخانى بەعس و کۆتایى صدام بەو شێوەیەى کەبینیمان، چەمکى عێراقى نوێ هاتە کایە، بەڵام بۆچى لەعێراقى نوێدا بەردەوام زنجیرە لەدواى زنجیرە خۆپیشاندان ڕودەدا؟ ئایا ڕاستە وەک دەسەڵاتدارانى عێراق دەڵێن دەستى لەپشتە؟ یاخود دابەشکردن وەک پشکى شێرو چۆلەکەیە؟. ئەگەر سەیرى دروست بوونى دەوڵەتى عێراق بکەین، لەسەرەتاوە تا ئەم چرکەساتە، عێراق لە هیچ ڕویەکەوە ئارام نەبووە، عەدالەتى تێدا نەبووە. زەمەنێک سوننە حوکمى کردووەو شەڕى سڕینەوەى لەگەڵ کورد وشیعە کردووە ئێستاش شیعە حوکم دەکات ئەوە حاڵەکەیەتى، بۆچى؟ لەبەرئەوەى دەسڵاتداران پرسیارەکانى فەلسەفەى سیاسیان لەبیر چووەتەوە، لەسەر حوکمڕانى پرسیارى فەلسەفەى سیاسى ئەوەیە کێ حوکم دەکات چۆن حوکم دەکرێ؟. سەبارەت بەپرسیارى یەکەم کێ حوکم دەکا واتە ئەو کەسەى کە حوکم دەکات دەبێت، بۆ حوکمڕانى پەروەردەکرابێت و لەفەسەفەى حوکمڕانى تێگەشتبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانى عێراق لەکۆنەوە تائەمڕۆ، سیستمى سیاسى عێراق خۆى دور لەو پرسیارە جەوهەریە گرتووە، بەڵکو پرۆگرام کراو، ئاڕاستەکراو پەروەردە کراوە بەئایدۆلۆجیا ئەویش بەئایدۆلۆجیاى ناسیۆنالیستى عەرەبى و تێکەڵەیەک لەسۆسیالیستى ستالینى. ئێستاش پڕۆگرام کراوە بەئایدۆلۆجیاى ئیسلامى مەزهەبى، بۆیە ئەوە دەرەئەنجامى دۆخى عێراقە. بەو شێوە حوکم دەکرێ کەدەبینین لەفەسادى سیاسى و ئابوریدا غەرق بووە، ئیستغلالى ئابورى لەلایەن بەشێکەوە خەڵکى تەواو ماندوو کردووە، لە کاتێکدا (ئیستغلالى ئابورى هیچى لە ئیستیبدادى سیاسى کەمتر نیە)، جیاوازیەکان لەژیانى خەڵکیدا وایلێهاتووە عێراق ئێستا دابەش بووە بۆ دوو ناوچە، ناوچەى سەوز و ناوچەى خەزان. سیاسیەکان پیاوانى ئاینى خۆیان لەبورجێک و خەڵکى لەبورجێکى تر، منداڵەکانیان لەدۆخێکدا دەژین بەهەشتیان بۆ سازکراوە، منداڵى خەڵکى لەدۆزەخ. ئەگەر گوێ لەهەندێ لێدوانى خۆپیشاندەران بگرین دەڵێن: ئێمە کارمان دەوێ، نانمان دەوێ، تەندروستى باشمان دەوێت، خۆڵ و خاشاک و بۆنى ناخۆش کوشتینى، ناعەدالەتى تاسەر ئێسک چووە. بەتێگەشتن لەدواکارى ئەم خۆپیشاندەرانە وەڵامى ئەو پرسیارە وەردەگرین ئایا خۆپیشاندانەکان دەستى لەپشتەوەیە یاخود دەسەڵاتداران لەکاتى دابەشکردنى داهاتى عێراق پشکى شێر بۆ خۆیان و دەوروبەریان دەبەن و پشکى چۆلەکەش بۆ خەڵک؟ وەڵامەکەى بۆ خوێنەر جێدەهێڵم. لەلایەکى دیکەوە لەوەش دەگەین بەرژەوەندى دەوڵەتانى دەوروبەر دەستوەردان لەعێراق بکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕێگا خۆشکردنى حوکمڕانانى عێراق وادەکات مەجالى دەستێوەردان بۆ دەوروبەر بڕەخسێت. ئەگەر عێراق لەدوێنێوە تا ئەمڕو مافى کوردى بسەلماندایە، جیاوازى مەزهەبى نەکردایە، ناعەدالەتى کۆمەڵاتى نەکردایە، دەرفەتى دەستێوەردان بۆ هیچ دەوڵەتێک نەدەبوو. ئەم ترازان ونایەکانگیرییە سیاسى و کۆمەڵایەتیە ڕووى نەدەدا. گەلان لەسەر دوو بنەما پێکەوە هەڵدەکەن، ئەویش بریتیە لە(عەدالەت و شەرم) کە عەدالەت نەما شەرم نامێنێ، ئەوکاتە بەریەککەوتن تائاستى فەوزا دەڕوات، خەڵک توڕە دەبێت، خۆئەگەر میللەتان لەداگیرکارى و ناعەدالەتى توڕە نەبن، دەکرێ پێى بڵێین میللەتى گەمژەو حۆل. 
چارەسەرى ئەم دۆخە چۆن دەکرێت؟  
دەبێ دەسەڵاتداران و پیاوانى ئاینى لێگەڕێن فەرمانڕاوەیى لەدەرەوەى ئایدۆلۆجیا کارى خۆى بکات، ئەمەش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو تێۆریەکەى ڕاوڵز (حجاب الغفلە) کە قسە لەسەر عەدالەتى کۆمەڵایەتى دەکات واتا (گەڕانەوەى مرۆڤ بۆ دۆخى سروشتى خۆى) بۆ دۆخێک کە بەژینگەى سیاسى و کۆمەڵایەتى پڕۆگرام نەکردبێت، ئەگەر سیاسیەکان بۆ ساتێک بگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخە سەرەتاییەى مرۆڤ لەبڕیارداندا ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن. هەرچەندە بۆ ئێستاى عێراق ئەمە مەحاڵە، بۆیە بەردەوام نائارام دەبێت. کەواتە ئەم خۆپیشاندانانە لەسەر دابەشکردنە، دابەشکردنێک پشکى شێر بۆ بەشێک وپشکى چۆلەکەش بۆ زۆرینەى خەڵک !.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP