xendan ads

بۆچی‌ زمانی‌ كوردی‌ له‌زانسته‌كان جیاده‌كرێته‌وه‌؟

د.زریان حاجی - 18-03-2017 - 3755 جار خوێندراوەتەوە


د.زریان حاجی 

زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی وا ده‌بینن كه‌ كورد هه‌رگیز خاوه‌ن شارستانیه‌ت و ته‌نانه‌ت نووسین و زمان و ئه‌ده‌ب و ڕێنووسی تایبه‌ت به‌خۆشی نه‌بووه‌، به‌ڵكو وای ده‌بینن ئه‌م زمانه‌ش زمانێكی وه‌رگیراوی داتاشراوی زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی سه‌رده‌سته‌یه‌، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ زمانی كوردی زمانێكی ڕه‌سه‌نی خودان ڕێنووس و شارستانیه‌تێكی كۆنی مه‌زن بووه‌، كه‌ نه‌ك زمانی ئاخافتن به‌ڵكو زمانی نووسینیش بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رده‌سته‌نه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی و باڵاده‌ست نه‌بوونی له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وایكردووه‌ كه‌لایه‌كی به‌لادا نه‌كرێته‌وه‌ و بگره‌ فه‌رامۆشیش بكرێت .

له‌ دوای به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار و دروست بوونی كۆڕی زانیاری كورد له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زۆر هه‌وڵی جدی و جوان درا بۆئه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ سه‌رله‌نوێ ڕۆشن بێته‌وه‌ و له‌ زمانی ئاخافتنه‌وه‌ دووباره‌ بكرێـته‌وه‌ به‌ زمانی نووسین، هه‌رچه‌ند ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له‌وه‌ كۆنترن و له‌ سه‌رده‌مانی پێشتر و به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می میرنشینی بابان و سێ كوچكه‌كه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌یان ئێجگار پێشخست و زمانی نوسینی نالی شاهێدی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێت "كه‌س به‌ ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردیه‌ خۆ كوردیه‌ هه‌ركه‌س نادان نه‌بێت خۆی تالبی مانا ده‌كات" و یا چامه‌كانی سالم و و كوردی .... هتد له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ .... ئه‌مه‌ نابێت هه‌وڵه‌كانی پیره‌مێرد و ڕۆژنامه‌كانی ژین و ژیانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ڕاستی هه‌رچه‌ند داگیركاری ئینگلیزیش ده‌ری ده‌كرد له‌بیر بكه‌ین .... ئه‌وه‌ سه‌رده‌می شێخیش (مه‌لیك محمود)ی كوردستان و ڕۆژنامه‌كانی بانگی حه‌ق .... هتد و ته‌نانه‌ت پاش یه‌ك ڕۆژ له‌یه‌كه‌م فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌رجه‌م زمانی فه‌رمانگه‌و حوكمداریه‌كه‌ی ده‌كات به‌كوردی، یان حسین حوزنی موكریانی و گۆڤاره‌كانی و نوسینه‌كانی و خزمه‌ته‌كانی بۆ ئه‌و زمانه‌ پاشان گۆڤاری گه‌لاوێژ و چه‌ندانی دیكه‌ نابێت له‌بیر بكه‌ین ..... یان مامۆستا توفیق وه‌هبی به‌گ كه‌ خاوه‌ن هه‌وڵی نه‌بڕاوه‌یه‌ بۆ پاراستنی زمانی كوردی . 

به‌ڵام له‌سه‌روو ئه‌مانه‌وه‌ به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌كی مێژوویی گرنگه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت له‌ پێش ئیسلام و ته‌نانه‌ت پاش هاتنی ئه‌و ئاینه‌ش له‌سه‌رده‌می عه‌بباسیه‌كان كورد خاوه‌نی زمان و ڕێنووسی تایبه‌تی خۆی بووه‌ ته‌نانه‌ت كتێب و نوسراویش به‌و زمانه‌ هه‌بووه‌ له‌ خه‌زانه‌ی به‌غداد هه‌ڵگیراوه‌ .. 

ئه‌ویش نوسه‌ری دیاری سه‌رده‌می عه‌بباسی ابن وحشیه‌ النبگی له‌ كتێبی "شوق المستهام فی معرفه‌ رموز اڵ‌قلام" كه‌ له‌ساڵی (291ك /905ز ) وه‌فاتی كردووه‌ و كتێبه‌كه‌شی له‌ (241هـ / 856م)، نوسیوه‌ هه‌روه‌ك له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌ خۆی دیاری كردووه‌، ئه‌م كتێبه‌ باسی ده‌یه‌ها زمانی كۆنی كردووه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ڕه‌مز و نیشانه‌كانی ئه‌و زمانانه‌شی شیكار كردووه‌ .  
باسێكیشی ته‌رخان كردووه‌ بۆ زمانی كوردی و تێیدا ده‌ڵێت : "قه‌ڵه‌مێكی دیكه‌ له‌ قه‌ڵه‌مه‌ كۆنه‌كان كه‌ چه‌ند پیتێكی زیاده‌ی له‌ ڕێسای پیته‌كان تێدایه‌ پێی ئه‌وترێت كوردان بڕوا وایه‌، كه‌ ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ بینوشادو ماسی سوراتی پێی نوسیوه‌ و سه‌رجه‌م زانسته‌كان و هونه‌ره‌كانی كۆكردۆته‌وه‌ و به‌و زمانه‌ پێی نوسیوه‌ و ئه‌مه‌ش وێنه‌كه‌یه‌تی" (هاوپێچ وێنه‌كه‌ی داده‌نێین) . 

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌وێت وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات و به‌رنامه‌ی هه‌بێت و زانسته‌كان به‌كوردی بكات و له‌و كۆلێجانه‌ش كه‌ خۆیان خوێندن تێیاندا به‌ زمانی ئینگلیزیه‌، دێت بڕیار ده‌رده‌كات بۆ به‌لاوه‌كی دانانی ئه‌م زمانه‌ و بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ كۆلێجه‌ زانستیه‌ په‌تیه‌كان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌ وڵاتانی دونیا ئه‌م كۆلێجانه‌ش سه‌رباری زمانی بیانی كه‌ زمانی زانسته‌كه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆشیان ئه‌و زانستانه‌ی پێ بنوسرێته‌وه‌ وه‌ك زمانی فارسی كه‌ زمانی خوێندنی ئێرانه‌ بۆ پزیشكی و زانسته‌كانی تر یان زمانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وروپا .... هتد . 

ڕاسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بۆخۆی بۆ خزمه‌تی خوێندكاره‌ و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ داڕشتن و شیعر و ئه‌ده‌ب و ڕێزمان خه‌ریك بكه‌ن زیاتر گرنگی ده‌ده‌ده‌ن به‌ئاست به‌رز بوونه‌وه‌یان له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ خوێندنی داهاتوویان له‌و كۆلێجه‌ زانستیه‌ په‌تیانه‌ پێویستیانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نیه‌ چوونكه‌ زمانی ئینگلیزی بۆخۆی ماندوویان ده‌كات له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌واوكاری مه‌نهه‌جی خووێندنی قۆناغی ئاماده‌ییه‌ و كه‌ده‌بێت له‌و زمانانه‌ ته‌واوی بكه‌ن و فێرببن، بۆیه‌ من ده‌ڵێم به‌ڵێ بۆ گرنگی دان و پێشخستنی زمانی كوردی و په‌ره‌پێدانی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تی و شارستانیه‌تی خۆمان و نه‌خێر بۆ وه‌لا نانی زمانی نه‌ته‌وه‌ییمان .   


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP