بەپەلە

فیدراڵى یان كۆنفیدراڵى له‌ برى جیابونه‌وه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 24-10-2019 - 3184 جار خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌تا:

له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌داین، به‌ڵام هه‌مان كاریگه‌رى 1988و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ى نیه‌، هه‌مان كاریگه‌رى نابێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى دنیا له‌ دوێنێ به‌ ئاگا تره‌، دنیا له‌ رێى مۆبایله‌وه‌ بووه‌ به‌ هه‌مان گونده‌ى پێشتر باس ده‌كرا، شێركۆ بێكه‌سى شاعیر له‌ خاچ و مارو رۆژژمێرى شاعیرێكدا له‌ دڵه‌وه‌ سوپاسى كامێرا ده‌كات، كامێرا كه‌ ئازاره‌كانى كورد ده‌باته‌ ماڵه‌كانى دنیاوه‌ ،لێ ئێستا ته‌كنه‌لۆژیاى زوو بینین و مامه‌ڵه‌ى راسته‌وخۆ له‌ گه‌ڵ چاو زۆر خێرا تره‌ له‌ ساڵى 1991و هاوارى كۆڕه‌وه‌كه‌، بۆیه‌ دڵنیام دۆخى ئێستامان باشتره‌، گه‌رچى هێشتا له‌ ڕووى خۆخاوه‌نیه‌وه‌ هه‌ر له‌و شوێنه‌ین كه‌ له‌ سه‌رده‌مى كۆڕه‌ودا تیاى بووین ، بێگومان ئه‌مه‌یان به‌شێكى زۆرى په‌یوه‌سته‌ به‌ خۆمانه‌وه‌، دژایه‌تى ناوخۆى خۆمان ، هه‌ر وه‌ها پێكه‌وه‌ نه‌بوون و پێكه‌وه‌ نه‌گونجانى خۆمان.

هه‌ڕه‌شه‌كه‌ گه‌وره‌یه‌، گه‌له‌ كۆمه‌و هاوسۆزى هه‌یه‌، راى گشتى له‌ زۆر شوێن له‌ گه‌ڵمانه‌، ئه‌وان گوێیان له‌ هاوارى ئێمه‌یه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا گه‌له‌ كۆمه‌و هه‌ڕه‌شه‌ى توند هه‌یه‌، له‌م قۆرته‌ش ده‌رده‌چین، ئه‌م دۆخه‌ش تێده‌په‌ڕێنین، به‌ڵام هێشتا نازانین ئه‌رێ ئێمه‌ چیمان ده‌وێت، ئێ خۆ ده‌بێت پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێ چۆن بژین و ئاینده‌مان چۆن بێت، ئێمه‌  ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌مان هه‌بێت ده‌توانین هه‌ڕه‌شه‌كه‌ تێك و پێك بده‌ین، وه‌ك چۆن له‌ كۆبانى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌مان تێك و پێك دا، چۆن له‌ رابردوودا له‌ به‌رانبه‌ر قڕكردنا كۆڕه‌ومان هه‌ڵبژارد.

كوردستان دابه‌شكراوه‌ به‌ سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تا، ئه‌مه‌ هه‌واڵ نیه‌و شتێكیش نیه‌ كه‌س نه‌یزانێ، قسه‌كه‌ لێره‌دا له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌مانه‌وێت له‌مه‌ودا له‌ ته‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌دا چۆن بژین، ئه‌وه‌ چه‌ند جارێكه‌ دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا باس له‌ كۆتاى هێنان به‌و شه‌ڕه‌ ناكۆتایه‌ ده‌كات كه‌ به‌ بۆنه‌ى چه‌وسانه‌وه‌ى كوردو له‌ به‌رابه‌ردا ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى چه‌وسێنه‌راندا هه‌یه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ چۆن كۆتاى دێت زۆر قسه‌و باس ده‌كرێت، یه‌كڕیزى كوردو پێكه‌وه‌ بوون، یه‌كخستنى هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى كورد، بیركردنه‌وه‌ له‌ كارى زیاترى دیبلۆماسى، هه‌روه‌ها به‌ ته‌نگه‌وه‌ بوونى یه‌كتر بێ ئه‌وه‌ى پارچه‌یه‌ك كێشه‌ بۆ ئه‌وى تر دروست بكات، هه‌موو ئه‌مانه‌ قسه‌و باسیان له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان نمونه‌یه‌كى بێوێنه‌ى خۆ به‌ڕێوه‌به‌رى دیموكراتى نیشانى ئه‌وانى تر دا، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ كوێر بینه‌ ئه‌وانى تر نه‌بینه‌كان ئه‌و بابه‌ته‌  گرنگه‌یان نه‌بینى كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا تێزێكه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌و سیستمى ناوچه‌كه‌، كه‌ سه‌دان ساڵه‌ ناوچه‌ى شه‌ڕو كوشتنه‌وده‌سه‌ڵاتدارانى  گه‌لانى سه‌رده‌ست چنگیان سوره‌ به‌ خوێنى ئه‌و گه‌لانه‌ى داواى سه‌ره‌تایترین مافى خۆیان ده‌كه‌ن.

ئه‌ركى ئاكارى سه‌رانى دنیایه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكاو روسیاو ئه‌وروپا چى دى كۆتاى به‌م كوشت و بڕه‌ بێنن، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت،  مافى ئه‌و گه‌لانه‌ بدرێت كه‌ سه‌دان ساڵه‌  شه‌ڕ له‌ پێناوى ئازادیدا ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت گه‌لى كورد كه‌ سه‌دان ساڵه‌ به‌ ناهه‌ق خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ى دابه‌شكراوه‌و به‌رپرسیاره‌تى ئه‌و دابه‌شكردنه‌ش لانى كه‌م له‌ 100 ساڵى رابردوودا له‌ ئه‌ستۆى ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاو براوه‌كانى شه‌ڕى جیهانى یه‌كه‌م بووه‌ " به‌ تایبه‌ت فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیا " .

كورد چى بكات؟

ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ پێویسته‌ كورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كى داگیركراوى خاكه‌كه‌ى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ ببینێ و به‌و جۆره‌ داواى مافه‌كانى بكات كه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجه‌كه‌دا ده‌گونجێت ، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ پڕۆژه‌یه‌كى فراوان و هه‌مه‌ لایه‌نى هه‌بێت و داوا له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا بكات هاوكارى بن بۆ كۆتاى هێنان به‌و شه‌ڕو شۆڵه‌ى به‌رده‌وام له‌ سه‌رخاكى كوردستان و به‌جه‌سته‌ى كورد ده‌كرێت و چه‌كى هه‌موو وڵاتانى دنیاى له‌ سه‌ر تاقیده‌كرێته‌وه‌ ، كوردستان له‌ هه‌ر به‌شێك پێویسته‌ خواست و داواكانى به‌و جۆره‌ بخوازێ كه‌ ده‌گونجێت واته‌ هه‌ر به‌شه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و خواسته‌ به‌رێته‌ پێشه‌وه‌و ناچارییش نه‌بێت له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا په‌نا نه‌باته‌ به‌رچه‌ك ، هه‌رچه‌ند دوژمنه‌كان فاشى و سته‌مكارن و له‌ هیچ سڵ ناكه‌نه‌وه‌ نمونه‌ى سه‌دام له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌فرین و سه‌رێكانى.

1- باكورى كوردستان:

هه‌ڵبه‌ت بارودۆخى باكورى كوردستان پێویستى به‌ ته‌كان و جوڵه‌یه‌كى دیكه‌ى دیموكراسى و فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌نكه‌ره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌كانى له‌ ته‌ك مافى مرۆڤ و ئازادى و دیموكراسیدا بێنه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌و ئه‌م قۆناغه‌ باكورى كوردستان پێویستى به‌ چه‌ك نیه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سوپاى په‌روه‌رده‌ كراو به‌ فاشیه‌ت، پێویسته‌ باكورى كوردستان له‌ رێگه‌ى هه‌ده‌په‌و ئازادیخواز و هێزى ناتوندو تیژى توركه‌وه‌ به‌ هاوكارى وڵاته‌ دیموكراسیه‌كانى ئه‌وروپاو به‌ تایبه‌ت یه‌كێتى ئه‌وروپا پڕۆژه‌ى فیدراڵى ئاماده‌ بكات له‌ چوار چێوه‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دیموكراسیداو كار بكرێت بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سیاسه‌تى قه‌یوم، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان وه‌ك چه‌كێك دژى دیموكراسى و به‌ بیانووى هاوكارى تیرۆره‌وه‌ به‌ كارى ده‌هێنن، دیاره‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى  ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاو وڵاتان گره‌نتى بده‌ن و زه‌مینه‌ى دیموكراسى بڕه‌خسێنن، زۆر ئاساییه‌ به‌ یه‌كجارى په‌كه‌كه‌ ده‌ست له‌ خه‌باتى چه‌كدارى هه‌ڵبگرێت، خه‌باتى چه‌كدارى له‌ باكورى كوردستان ناچارى بووه‌و له‌ پێناوى مانه‌وه‌دا بووه‌، واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا خه‌باتى چه‌كدارى بۆ به‌ گژا چوونه‌وه‌ى جینۆ ساید بووه‌، به‌ڵام توركیا به‌ هاوكارى ئه‌مه‌ریكاو ناتۆو ئه‌وروپا توانیویه‌تى ئه‌و خه‌باته‌ ره‌وایه‌ بخاته‌ لیستى تیرۆره‌وه‌، له‌ كاتێكا ئه‌وه‌ى كارى تیرۆر ده‌كات له‌توركیا ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ك كه‌سى تر، هه‌ركات دیموكراتى هه‌قیقى بێته‌ دى و مافه‌كانى گه‌لى كوردو گه‌لانى دیكه‌  دانى پیا بنرێت هیچ پێویستى هێزى چه‌كدار نامێنێت ، كه‌ زۆربه‌ى تورك زۆر باش ده‌زانن بۆ كورد په‌ناى بردوه‌ته‌ به‌ر ئه‌و كاره‌ ، پڕۆژه‌ى فیدراڵى هاوشێوه‌ى ئه‌ڵمانیا یان شێویه‌ك له‌ هه‌رێمه‌كانى كه‌نه‌دا ده‌توانێت توركیا بكاته‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوو دیموكراته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌ دیموكراتیزه‌ كردنى توركیا به‌و شێوه‌یه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ، چه‌مكى ده‌وڵه‌تى سته‌مگه‌را هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و كوردو تورك له‌ برى وه‌ك دوو دوژمن یان دوو نه‌یار بژین ده‌بنه‌ دۆست و هاوكارى یه‌كتر.

2- رۆژهه‌ڵاتى كوردستان:

كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر خه‌راپ له‌ كوردى ده‌خرێت و چه‌مكى ئێرانى بوون به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت به‌و مانایه‌ى جیاوازیه‌كى ئه‌و تۆ نیه‌ له‌ نێوان گه‌لانى ئێراندا ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا تا ئێستا باشترین تێكۆشه‌رانى كوردى رۆژهه‌ڵات هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى داواى ئازادى و دیموكراتیزه‌ كردنى وڵاتیان كردووه‌ ، رووبه‌ڕووى تیرۆرو كوشتن و له‌ دار دان بوونه‌ته‌وه‌ له‌ داردان و تیرۆرى تێكۆشه‌رانى وه‌ك قازى و هاوڕێكانى، قاسملوشه‌ره‌فكه‌ندى و كاك فوادى سوڵتانى و ده‌یانى تر زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى گه‌لانى ئێران گه‌یاندووه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا حزبه‌ كورستانیه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان خواستى په‌ره‌پێدانى دیموكراسى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ى نێوان گه‌لى فارس و گه‌لى كوردن  و له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كوردێك نادۆزیته‌وه‌ رقى كوێرانه‌و ناسیونالیستانه‌ى هه‌بێت به‌رانبه‌ر فارس و ئه‌ده‌ب و میوزیكى فارسى ، نه‌ك ئه‌وه‌ كورد هونه‌رمه‌ندو شاعیرو میوزیكزانى فارس به‌ به‌ شێك له‌ خۆیان ده‌بینن.

كۆمارى ئیسلامى بۆ یه‌كجار نه‌یویستوه‌ له‌ راستى ئه‌و گیان و باوه‌ڕه‌ى كورد بگات و هه‌میشه‌ سه‌ركوتى كردوون ، له‌م دۆخه‌ى ئێستاى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان په‌ره‌پێدانى ئازادى فه‌رهه‌نگى و داواى خوێندن به‌ كوردى و خزمه‌تكردنى ناوچه‌كانى كورده‌وارى زۆر گرنگه‌و ده‌كرێت كۆمارى ئیسلامى له‌ كارى ئاوادا ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ به‌ڕووى خۆیدا بكاته‌وه‌و له‌ رێگه‌ى تره‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ى نێو ده‌وڵه‌تى " سود بینین له‌ خواسته‌كانى پیاوێكى وه‌ك به‌ هادینى ئه‌ده‌بو كه‌سانى دیكه‌ى وه‌ك نیكبه‌خت له‌ ناوخۆدا رۆڵى زۆرى ده‌بێت له‌ ئاشتكردنه‌وه‌دا".

ئه‌و دۆخه‌ سیاسیه‌ داخراوه‌ى ئێستاى ئێران زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانێ درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نى بدات له‌ نێو ئه‌و گۆڕانكاریه‌ گه‌ورانه‌ى له‌ دنیادا ڕووده‌ده‌ن، له‌ راستیدا گه‌لانى ئێران، گه‌لانێكى هۆشیارو خوێنه‌وارن و ناتوانن دابڕاو بن له‌ دنیا.

3-باشورى كوردستان:

ئه‌وه‌ى له‌ باشورى كوردستان هه‌یه‌ تا راده‌یه‌كى زۆر جیاواز تره‌ له‌دۆخى به‌شه‌كانى تر، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ باشور ئه‌ویش نه‌بوونى یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌ییه‌، گرفتى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شێوازى یه‌كڕیزى هه‌ر لایه‌نه‌ ده‌یه‌وێت به‌و جۆره‌ بێت كه‌ له‌ خزمه‌تى خۆیدا بێت، ره‌نگه‌ له‌مه‌دا پارتى پشكى زیاترى له‌هه‌موو ئه‌وانى تر به‌ربكه‌وێت، پارتى یه‌كڕیزى باشورى به‌و جۆره‌ ده‌وێت هه‌موو له‌ سایه‌و سێبه‌رى ئه‌وداو له‌ ژێر بڕیارى ئه‌ودا بن ، ئه‌مه‌ش گرفتێكه‌ تا ئێستا پارتى هه‌نگاوى بۆ چاره‌سه‌ركردنى نه‌ناوه‌" من خۆم ئومێدم به‌ مه‌سرور بارزانى هه‌یه‌ ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێنێ "، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم و پارله‌مان پێویسته‌ به‌ هه‌ر نرخێكه‌ پارێزگارى لێبكرێت ، هه‌رچه‌ند له‌ ڕووى تواناو ئاوه‌زه‌وه‌ پارله‌مان به‌رده‌وام له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ به‌ به‌راورد به‌ خولى پێش هه‌ر خولێكى تر، له‌ راستیدا ئه‌ركى حزبه‌كانه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن ،ئایه‌ كێ ده‌نێرنه‌ پارله‌مان و بۆچى؟.

هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 1991ه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌ 2003به‌ دواوه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ بنیاد نانه‌وه‌ى عێراقدا گێڕا، هه‌رچه‌ند ده‌یان گیرو گرفتى چاره‌سه‌ر نه‌كراوى له‌ گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام زه‌مینه‌ زۆرله‌ باره‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌ ناوخۆیدا سیستمى كۆنفیدراڵى په‌ره‌ پێبدات، به‌و جۆره‌ى پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان درك به‌ بوونى خۆیان بكه‌ن ، راسته‌ كورد له‌ ریفراندۆما خواستى سه‌رو كۆنفیدراڵى تا جیابوونه‌وه‌ى هه‌بوو ، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌و خواسته‌ بۆ ئێستاو ئه‌م قۆناغه‌ خواستێكى نه‌یوستراوه‌ له‌ زۆر لاوه‌ ، كه‌واته‌ ده‌كرێت له‌ چوار چێوه‌ى عیراقدا په‌ره‌ به‌ سیستمى خۆ به‌ڕێوه‌به‌رى دیموكراتى بدرێت به‌ شێوازى كۆنفیدراڵى ، ئه‌مه‌ش خزمه‌تێكى گه‌وره‌ به‌ شیعه‌و سونه‌و كوردى عیراق ده‌كات و عیراق له‌ ململانێى خوێناوى ناوخۆ رزگار ده‌كات.

4- رۆژئاواى كوردستان:

ئه‌ركى ئاكارى ئه‌ورپاو ئه‌مه‌ریكاو دنیایه‌ رێز له‌ ویست و خواستى خه‌ڵكى تێكۆشه‌رى رۆژئاواى كوردستان بگرن، به‌ قوربانى دانى زیاتر له‌ 35 هه‌زار شه‌هیدو بریندارو كه‌مئه‌ندام، گه‌وره‌ترین شه‌ڕیان بۆ ئارامى و ئاسایشى دنیا كرد، تا ئێستا چه‌ندین جار دۆناڵد ترامپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاو ماكرۆنى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نساو سه‌ركرده‌و سه‌رۆكه‌كانى دیكه‌ى دنیا گه‌واهیان به‌و قوربانى دانه‌ گه‌وره‌یه‌ داوه‌، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ توركیا و به‌ تایبه‌ت ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان زۆر سه‌رسه‌ختانه‌و سه‌رشێتانه‌ به‌ گژ ئه‌و شه‌ڕڤانه‌ ئازایانه‌دا ده‌چنه‌وه‌و به‌ تبرۆریستیان ناو ده‌به‌ن و به‌ چه‌كى ناتۆ كوشت و بڕیان ده‌كه‌ن، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ بوارى دیبلۆ ماسى و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریدا رۆژئاواى كوردستان رۆڵێكى گه‌وره‌ى ئاشتیخوازانه‌ ده‌گێڕێت ، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ دنیا جگه‌ له‌وه‌ى به‌ چاوى رێزه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌و مه‌زنایه‌تیه‌ بكه‌ن ، هه‌روه‌ها بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌رتاقاى قوربانى دانه‌كه‌یان مافیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر سوپاسى تره‌مپ و كه‌سانى تر به‌س نیه‌، به‌ باوه‌ڕى من جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستورى ئاینده‌ى سوریادا كورد بوونى دانپیانراو بێت جۆرێك له‌ خۆسه‌ریش له‌ ناوچه‌ زۆرینه‌ كوردیه‌كان پیاده‌بكرێت و هه‌روه‌ها هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات وه‌ك هێزى فه‌ڕمى بناسرێن.

به‌ڕه‌چاوكردنى ئه‌و بارو دۆخه‌ى هه‌یه‌ پێویسته‌ دنیا به‌رپرسیاره‌تى خۆى له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد به‌ڕێوه‌ ببات، سه‌ره‌ڕاى سه‌رنج و ره‌خنه‌ رۆڵى سه‌رانى دنیا به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاو ئیداره‌كه‌ى، روسیا، فه‌ڕه‌نسا و گه‌لى فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو یه‌كێتى ئه‌وروپاو كۆمكارى عه‌ره‌بى و میسرو سعودیه‌ و زۆر وڵاتى دیكه‌ ئه‌رێنى و جێى ستایشه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP