بەپەلە

هەنێ کێشە

پەیکار عوسمان - 19-10-2019 - 2456 جار خوێندراوەتەوە

١- سمارتفۆن
باشترین شتی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سمارتفۆن، ئەوەیە کە بەدەست هەموومانەوەیەو ئەم گشتگیرییە ئەگەرچی بۆ سەرمایەو قازانجێشبێت، بەڵام ڕەهەندێکی عەدالەت و ناجیاکاریی تێدایە..
بەڵام خراپترین شتی، ئەوەیە کە زۆرینەمان، لە بەشە غەریزییە ئاژەڵییەکەی خۆمانەوە بەکاریئەهێنین، نەك لە بەشە باڵا عەقڵییەکەمانەوە! لە حەزو کاردانەوەو سودو قازانجەوە بەکاریئەهێنین نەك لەبیرکردنەوەوە!
باشترین نمونەش ترەمپە لە تویتەرو کوردە لە فەیسبوك.
هەموو تویتێکی ترەمپ، بە کەمترین فلتەری بیرکردنەوەدا ئەڕواو تەنیا مەسەلەی سودو قازانجێکی پەتییە، کە ئەمە بنەمایەکی نائەخلاقییە، چونکە شتانێك هەن لەسەرو سودو قازانجەوەن، شتانێك هەن چاکن ئەگەر زەرەریشی بۆ من هەبێت، خراپن ئەگەر قازانجیشی بۆم هەبێت.
زۆرینەی پۆستی کوردیش لە فەیسبوك، کاردانەوەیە، کاردانەوەش شتێکی ئاژەڵییە نەك عەقڵیی، پشیلەیەکیش پێ بنێ ی بە کلکیدا کاردانەوەیەك هەر ئەنوێنێ!
کاردانەوە یەکەم شتی دوای ڕووداوەو یەکەم شتیش عەقڵی گەرەك نیە، هەر بە حەزو غەریزە ئەتوانی بەڕێیکەیت.
بۆیە هەمیشە لە ساتی یەکەمدا، بێدەنگی باشترین قسەیەو قسە هەڵگرە بۆ ساتەکانی تر.

٢- سوریا
کێشەی سوریا ئەوەیە کە چیتر ئەوێ، وڵاتێك نیە لەسەر ئەرز، بەڵکو وڵاتێکە بە ئاسمانەوە!
لەڕاستیدا ئەوانەی لەسەر ئەرز شەڕەکە ئەکەن، بەقەت ئەحەی کوڕەداوێیان بەدەست نیە، شتەکان بەدەست ئەوانەیە کە خاوەنی ئاسمانی سوریان.

٣- بایکۆت
ئەگەرچی بایکۆتی کاڵا، بەرگرییەکی جوانی هۆشیارانەیە، بەڵام کێشەی بایکۆت و هەرشتێك کە بەرامبەر تورکیا بیکەیت، ئەوەیە کە پشکی کوردی باکوری تێدایەو بەر ئەویش ئەکەوێت!
ئەم چوار دەوڵەتە ئەگەرچی ناوچەوانێکی خراپیش بن، بەڵام تازە بمانەوێ و نەمانەوێ، ناوچەوانی ئێمەشن و کە تفێكیان تێئەکەین، بەشێوەیەك لە شێوەکان بەر ناوچەوانی خۆمان ئەکەوێتەوە!
یەعنی ئەو کاڵایەی بایکۆتی ئەکەیت، ڕەنگە لە کارگەیەکی ئامادەوە هاتبێت و بژێوێ کۆمەڵێ خێزانی ئامەدی لەسەربێت!

٤- شەخسپەرستیی
لە ڕۆژئاوا حیزب حیزبی فکرە، بۆیە "مەزڵوم کۆبانێ" پەنجا تەلەفونی تریش لەگەڵ ترەمپ بکات، لای خۆیان مەوزوع نیەو کابرا ئیشی خۆی ئەکاو ئەوەش ئەکەوێتە ناو ئیشەکەیەوە.
بەڵام لای ئێمە چونکە حیزب حیزبی شەخسەو حیزبی فکر نیە، ئیتر تەنیا لە ڕەهەندی شەخسەوە ئەتوانین لە شتەکان تێبگەین، بۆیە مەزڵوممان کرد بە تەیارە!
عەقڵی سیاسی ئێمە، هێشتا عەقڵی قەبەلییەو تەنیا لە شێخی قەبیلەوە ئەتوانێ سەیری دنیا بکات! ئیتر ناشتوانین ڕۆژئاوا لە بەهاکانییەوە ببینین، بەڵکو بۆ بینینی ڕۆژئاوا، پێویستمان بە شێخێکە کە بۆی دروستبکەین و لەوێوە سەیری وێنەکە بکەین.

٥- چەك
کێشەی چەك ئەوەیە، بە چەکەوە ناتوانین پاشکۆ نەبین، کێشەی ئێمەش هەر ئەو پاشکۆیەتیەیە!
گەندەڵترین حیزبی ئێمەو پاکترین حیزبی ئێمە، لەوەدا فەرقییان نیە، کە لە چەکەوە هەردوکیان ئەبنە پاشکۆی ئەملاولا.
خاڵی لاوازی کەسایەتی ئێمە چەکە، خاڵی لاوازی عەقڵیشمان هەر ئەوەیە کە ئەمە نازانین!

٦- ئەمریکا
کێشەی ئێستای ئەمریکا، هەرئەوەنیە کە سەرۆکەکەی کابرایەکی شبرو شێتەو هەرچی هات بەدەمیا ئەیڵێ..
بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ترەمپ بۆئەوە نەهاتووە سەرۆکێكبێت لەناو سیستەمدا، بەڵکو ئەو هەمان حەزی پۆتین و ئەردۆگانی هەیەو ئەیەوێ خۆی سیستەم بێت! بۆ ئەمەش هەموو شتێک ئەکات. لەناوخۆ دەس بۆ هەموو کارتێک ئەبات لەپێناو قەرەباڵغیی، تەنانەت مەسەلەی ڕاسیزمیش! لە دەرەوەش، دوورنیە گۆبەنێکی گەورەی جیهانی دروستبکا بۆئەوەی دیموکراسی ناوەوەی ئەمریکای پێ پەكبخاو ببێ بە یەکەم دیکتاتۆری مێژووی ئەمریکا "ئەگەر نەوەستێنرێ".

٧- مەرگ
مەرگ شتێکی ئاسایی بێ کێشەیە، بەڵام دوو شت کێشەی بۆ دروستئەکەن، یەکەم پیشەسازی مەرگ، دووەم بازرگانی مەرگ!
یەعنی مەرگ خۆی کێشەنیە، ئەوە کێشەیە کە سیاسەت و کولتورو کۆمەڵگا.. ببنە کارگەی بەرهەمهێنانی مەرگ. ئەوەش کێشەیە کە بەرهەمەکە بازاڕی هەبێ و بازرگانی پێوەبکرێ و حیزب و ڕاگەیاندن و منو تۆ نان و پیازی پێوەبخۆین.

۸- جیهان
کێشەی ئەم جیهانە ئەوەیە، مرۆڤ گەیشتووە بە مرۆڤایەتی لە ئاستی تاکدا، بەڵام لە ئاستی نەتەوەدا هێشتا نەگەیشتووەو حەزارەتی ئینسان پێویستە قۆناغێکی تریش ببڕێت!
مەسەلەن ئێستا باوی ئەوە نەماوە دوو گلادیەیتەر یاری لەسەر مەرگ بکەن و خەڵکیش چەپڵەیان بۆلێدەن. بەڵام هێشتا دوو نەتەوە یان دوو وڵات ئەدرێ بەیەکاو جیهانیش سەیرئەکا!

۹- تەحلیل
کێشەی تەحلیل ئەوەیە، کۆمەڵێ موحەلیلی نەخۆش، تەحلیل بۆ سلوکی کۆمەڵێ سیاسی نەخۆش ئەکەن! لەکاتێکا بۆ کارەکە پێویستە هەردوو تەرەف ساغبن!

۱۰- مرۆڤ
کێشەی مرۆڤ ئەوەیە، هەموو مرۆڤێک دوو مرۆڤە! مرۆڤێک بۆ خۆی، مرۆڤێکیش بۆ کۆمەڵگا.
جا لەبەرئەوەی تۆ هەمیشە دووەمیان ئەبینیت، ئیتر نازانی یەکەمیان کوێ ی ئەیەشێ!

۱۱- خۆشەویستی
خۆشەویستی ڕاستەقینە، ئەوەیە کە هیچت لە بەرامبەر ناوێت. ژیانی زەوجیيش، ئەوەیە کە بەردەوام شتت لە بەرامبەر ئەوێ. جا کێشەکە ئەوەیە، ئێمە ئەمانەوێ ئەم دوو دژە کۆبکەینەوە!!

۱۲- قسەی خەڵک
ئەزانی قسەی خەڵک چیە؟ هەر قسەکانی خۆتە، هەرئەوەیە کە تۆش ئەیانڵێیت! جا کە تۆ گەیشتیتە ئەوەی هەمان قسە نەکەیت، ئیتر بۆت گرنگ نیە ئەوانیتر بیکەن و لێرەشەوە قسەی خەڵک تەواوئەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP