ئه‌ردۆغان و کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی پاش شه‌ڕه‌که‌ی ڕۆژئاوا

سەروەت هەڵەبجەیی - 19-10-2019 - 14422 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و به‌ پێشێلکردنی به‌ها مرۆڤییه‌کان له‌م ماوه‌یه‌دا شه‌ڕێکی له‌ دژی کوردانی ڕۆژئاوا ده‌ستپێکرد که‌ له‌ ڕێکه‌وتنێکی له‌ گه‌ڵ جێگری سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا و به‌ چه‌ندین مه‌رج و به‌ڵێنی ئه‌مریکییه‌کان ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕاگیراوه‌.
ئه‌ردۆغان و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بۆ به‌لاڕێدابردنی سرنجی خه‌ڵک و ڕای گشتی له‌م وڵاته‌ په‌نا بۆ سه‌پاندنی شه‌ڕی دژ به‌ کوردانی ڕۆژئاوا ببه‌ن

 

هه‌ر چه‌نده‌ ئاسۆی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ هێشتا دیار نییه‌ به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی له‌ تورکیا وایکردووه‌ که‌ ئه‌ردۆغان و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بۆ به‌لاڕێدابردنی سرنجی خه‌ڵک و ڕای گشتی له‌م وڵاته‌ په‌نا بۆ سه‌پاندنی شه‌ڕی دژ به‌ کوردانی ڕۆژئاوا ببه‌ن.

ئێستا شه‌ڕه‌که‌ به‌ پێی ڕێکه‌وتنی نێوان ئه‌ردۆغان و مایک پێنس ڕاگیراوه‌ و شه‌قامی تورکیا ڕه‌نگه‌ هیچ بیانوویه‌ک به‌ ده‌ستی سه‌رۆک کۆماری ئه‌م وڵاته‌وه‌ نه‌بینێت که‌ به‌رده‌وامی ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی به‌ لاوه‌ قبووڵکراو بێت. ئه‌و گرفتانه‌ چین که‌ ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌وان هه‌وڵ ده‌دات قه‌یرانه‌کان بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کان. به‌ گشتیش شه‌ڕه‌که‌ به‌ په‌که‌که‌ و کوردانی ڕۆژئاوا ده‌فرۆشێت.
ئابوری تورکیا له‌ ئێستادا به‌ هه‌لومه‌رجێکی دژواردا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ڕێژه‌ی بێکاری و هه‌ڵئاوسان به‌رز بووه‌ته‌وه‌

 

ئابوری تورکیا له‌ ئێستادا به‌ هه‌لومه‌رجێکی دژواردا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ڕێژه‌ی بێکاری و هه‌ڵئاوسان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌های لیری تورکی هێنده‌ جێگیر نییه‌ و به‌ بچووکترین کێشه‌ی سیاسی تورکیا له‌ گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا تووشی داته‌پین ده‌بێت. ڕه‌خنه‌کانی خه‌ڵک له‌ به‌رات ئالبه‌یراک وه‌زیری دارایی و زاواکه‌ی ئه‌ردۆغان ڕووی له‌ زیاتربوون کردووه‌.

پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵه‌ کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی بووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بێت به‌ هه‌ر شێوازێک له‌ کۆنگره‌ی داهاتوو چاره‌سه‌ر بکرێن.

گۆڕانکاری له‌ کابینه‌ی ئه‌ردۆغان و دوورخستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیره‌کان بووه‌ته‌ داواکارییه‌کی گشتی له‌ تورکیا.

سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا شڵه‌ژان و سه‌رلێشێواوی پێوه‌ ده‌بینرێت. ئه‌نکه‌ره‌ له‌ گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی په‌یوه‌ندییه‌کی باشی نییه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بیش به‌رده‌وام گله‌یی خۆیان له‌ لێدوانه‌ تونده‌کانی ئه‌ردۆغان ڕاگه‌یاندووه‌.

کێشه‌کانی تورکیا له‌ گه‌ڵ قوبرس وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

پرسی ئاواره‌کانی سوریا وه‌ک کێشه‌یه‌کی سیاسی، ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ تورکیا ماوه‌ته‌وه‌.

عه‌لی بابه‌جان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ڕکابه‌ره‌ سیاسییه‌کانی ئه‌ردۆغان سه‌رقاڵی ڕێکخستنی کار و چالاکییه‌ سیاسییه‌کانی خۆیانن.

دۆخی ته‌ندرووستی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆکی مه‌هه‌په‌ و هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی ئه‌ردۆغان هێنده‌ جێگیر نییه‌، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ئاکه‌په‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ گه‌ڵ پارته‌که‌ی میراڵ ئاکشنه‌ر ڕوون نییه‌.
تورکیا له‌ پاش کوده‌تا شکستخواردووه‌که‌ی ساڵی 2016 له‌ که‌شێکی ئه‌منی تایبه‌تدا به‌ سه‌ر ده‌بات، ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌م وڵاته‌دا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزمترین ئاست

 

تورکیا له‌ پاش کوده‌تا شکستخواردووه‌که‌ی ساڵی 2016 له‌ که‌شێکی ئه‌منی تایبه‌تدا به‌ سه‌ر ده‌بات، ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌م وڵاته‌دا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزمترین ئاست، به‌ بیانووی کوده‌تاوه‌ پۆل پۆل نه‌یاران و دژبه‌رانی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان دادگایی و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کان ده‌کرێن، ئه‌م دۆخه‌ش پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگای داد له‌ تورکیا ڕووبه‌ڕووی پرسیاری جیدی بووه‌ته‌وه‌ و ده‌کرێت بڵێین که‌ بووه‌ته‌ ئامرازی ده‌ستی ئه‌ردۆغان بۆ پاکتاوکردنی نه‌یاره‌کانی.

له‌مانه‌ش گرنگتر، ئه‌ردۆغان و پارتی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا هیچ سیاسه‌تێکی ڕوونیان بۆ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی کورد نییه‌ و به‌ده‌ر له‌ گرتن و دادگاییکردنی سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانی سه‌ر به‌ هه‌ده‌په‌ ڕووداوێکی نوێ نه‌بینراوه‌.

به‌ ته‌واوبوونی شه‌ڕی ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌ردۆغان خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌دا ده‌بینێت. دوور نییه‌ ناوبراو جارێکی دیکه‌ بۆ به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی له‌ تورکیا، قه‌یرانه‌کان بباته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP