بەپەلە

توركیا براوه‌ نیه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 18-10-2019 - 12361 جار خوێندراوەتەوە

1
توركیا و ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان له‌ دۆخێكى باشدا نین ، راسته‌ تره‌مپ وه‌ك دۆست و هاوپه‌یمان یارمه‌تى ئه‌وانى دا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌ك براوه‌ ده‌ربچن ، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت ، كه‌ ئێستا لاى زۆربه‌ى ئه‌مه‌ریكیه‌كان و لاى دنیاش ئه‌ردۆغان جێى متمانه‌ نیه‌و میلیشیاتوركمان و عه‌ره‌به‌كانى هیچیان له‌ داعش كه‌متر نیه‌ ، بیرمان نه‌چێت ئێستا له‌ سایه‌ى قوربانى دانى شه‌ڕوانانه‌وه‌ كورد باس و خواسى هه‌موو دنیایه‌و هێشتا له‌ سه‌ره‌تاى هه‌نگاوه‌كانیشداین ، راسته‌ كورد قوربانیه‌،راسته‌ تره‌مپ و ئه‌ردۆغان بیرله‌ ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندى ده‌كه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌موو هه‌نگاوه‌كان پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر زه‌وى رووده‌دات دانپیانانێكى جیهانیه‌ به‌ بوونى كوردا له‌و ناوچه‌یه‌ ، پێشتریش تره‌مپ وتبوى كورد بۆ خاكى خۆیان شه‌ڕده‌كه‌ن ، ئێستا له‌ سه‌ر ئاستى ناوخۆى توركیاو ئه‌مه‌ریكا زۆرن ئه‌وانه‌ى له‌ ئه‌ردۆغان و تره‌مپ رازى نین ، له‌ به‌رانبه‌ردا زۆرن ئه‌وانه‌ى ئازاره‌كانى كورد ده‌بینن.
بیرمان بێت  ئه‌ردۆغان هه‌سه‌ده‌ى وه‌ك تیرۆریست باس ده‌كرد ئێستا ناچاره‌ ئاشتیان له‌ گه‌ڵ بكات .
2
له‌ ئێستادا سێ هه‌نگاو زۆر گرنگن:
یه‌كه‌م : هه‌وڵدانى لۆبى كوردى بۆ ئه‌وه‌ى توركیا له‌ ناتۆ ناشرین بكرێت و ناردنى وێنه‌ى  قوربانى و سڤیل كوشتن و سته‌مكاریه‌كان بۆ ئه‌ندامانى ناتۆو رسوا كردنى ئه‌و ئه‌ندامه‌یان " بۆ ئه‌مه‌ ده‌كرێت سود له‌ هه‌موو دۆستێك وه‌ربگیرێت " ئیسرائیل و فه‌ڕه‌نساو وڵاتانى دیكه‌ جێگه‌ى ئه‌وه‌ن ئه‌م پرسه‌یان له‌ ته‌كا بوروژێنرێت .
دووه‌م : به‌رزكردنه‌وه‌ى خواستى كورد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ باكورى كوردستان داواى كۆنفیدراڵى بكات ، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو رێگه‌یه‌كى دیبلۆماسى تاقیبكرێته‌وه‌و پڕۆژه‌ ئاماده‌ بكرێت ، له‌مه‌دا هه‌ده‌په‌ به‌ هاوكارى ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ ده‌كرێت رۆڵى كاریگه‌رى هه‌بێت ، وڵاتانى عه‌ره‌بیش به‌ تایبه‌ت میسر ده‌كرێت هاوكاربن .
سێیه‌م : بانگه‌وازى په‌كه‌كه‌ بۆ ئاشتى و ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى ده‌سبه‌ردارى شه‌ڕ بن له‌ گه‌ڵ توركیا و ده‌ست له‌ چه‌ك هه‌ڵگرن ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكاو فه‌ڕه‌نساو لایه‌نگه‌لى دیكه‌ ،پاڵپشت و به‌شدارى پرۆسه‌كه‌ بن ،هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنى په‌كه‌كه‌ له‌ لیستى تیرۆر، له‌ كاتێكا ده‌ركه‌وت توركیاو ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌ تیرۆریستن و له‌ هیچ سڵ ناكه‌نه‌وه‌ ، له‌به‌رانبه‌ردا كورد تا بتوانێت ئاشتیخوازه‌و ئه‌مه‌ش له‌ خۆ به‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاوادا ده‌ركه‌وت .
3
تره‌مپ و ئه‌ردۆغانیش زۆر باش ده‌زانن تا پرسى كورد چاره‌سه‌رى ریشه‌یى نه‌كرێت ، ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئارامى به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت ، ده‌ستكارى كردنى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ شه‌ڕى نه‌ته‌وه‌یى ده‌خاته‌وه‌ و ئه‌ردۆغانیش ئه‌مه‌ باش ده‌زانێت ، ئه‌ردۆغان له‌ ناوخۆى توركیادا كوردو توركى به‌ شێوه‌یه‌ك كردووه‌ به‌ دوژمنى یه‌كتر ، ته‌نانه‌ت كارگه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ى رقیان له‌ بانگ و ئاڵاو گۆرانى یه‌كتریش بێت ، ئه‌مه‌ دواجار سه‌رى ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى ده‌خوات ، كورد تا ئێستا دۆڕاو نیه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رۆژئاواو باكورو دوو به‌شه‌كه‌ى تریش خۆمان بۆ ئاینده‌ ئاماده‌ بكه‌ین .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP