بۆچی ئاگربڕەکەی ڕۆژئاڤا 120 کاتژمێرە؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 18-10-2019 - 110726 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا لەسەر ئاگربڕی 120 کاتژمێری بۆ ئەوە نیە بزانرێت ئایا ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو زێد و سنوری نێودەوڵەتی خۆیاندا بەقوڵایی 20 مایل دەکشێنەوە یان نا، خۆ ئەگەر واش بێت ئەوە تەنھا دیوێکی ڕوکەشییە.

لەڕاستیدا ئەو 120 کاتژمێرەی دانراوە بۆ دڵنیابون نیە لەنیازپاکی ھەسەدە، بەڵکو بۆ دڵنیابونە لەبۆچونی سەرەکیترین یاریکەری گۆڕەپانەکە کە پۆتین و ڕوسیایە.

لەماوەی ئەو 120 کاتژمێرەدا کە لە ڕێکەوتنی پێنجشەممەی ئەنقەرەی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەماوەی کاتی ئاگربڕ ناوی ھاتوە، بڕیاروایە ھەردو سەرۆکی تورکیا و ڕوسیا (ئاردۆگان و پۆتین) لە  شاری Sochi کە شارێکی گەشتیاری سەر دەریای ڕەشی ڕوسیایە یەکتری ببین کەدەکاتە ڕۆژی 22ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کەئەوەش کتومت یەکسانە بە ماوەی ئەو 120 کاتژمێرەی بۆ ئاگربڕ دیاریکراوە.

ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا کە ھاوپەیمانی حکومەتی سوریایە و ئێستا بەڕێکەوتن لەگەڵ ھەسەدە گەڕاوەتەوە ڕۆژئاڤا ھەرگیز ئاسان نیە. لەماوەی ئەم ئاگربڕەدا کە لەبنەڕەتەوە بۆ کۆبونەوەی نێوان پۆتین و ئاردۆگان دیاریکراوە. ھەسەدە کە لانیکەم لەخاڵی بەراییدا بەھۆی ئاگربڕەوە گرەوی ناسنامەی بردەوە، دەشتوانێت لەم ماوە كورتە چارەنوسسازەدا بەھۆی تێگەیشتن لەململانێی زلھێزە جیھانی و ناوچەییەکاندا، مەترسی لەدەستچونی خاک و سەروەریش بەسەر ڕۆژئاڤادا، کەمتر بکاتەوە. ڕەنگە ئەوە ئاسان نەبێت، بەڵام مەحاڵیش نیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP