كورد‌و تورك؛ پایەماڵی سیاسی‌و ناهامسایی نەژادی

موئمین یاسین زەڵمی - 14-10-2019 - 2544 جار خوێندراوەتەوە

بە درێژای سەدان ساڵ هەردوو نەتەوەی كورد لەناكۆكی‌و ململانێ‌و دانەجیڕە‌و تەنانەت شەڕ‌و كاولكاریدا بوون، بۆیەش دەڵێم كورد‌و تورك، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرچوار وڵاتەكە (عێراق‌و ئێران‌و سوریا‌و توركیا) پەیوەندییەكانی كورد‌و تورك بخەینەڕوو، ئایا كێشەكە هەژموونی سیاسی‌و پایەماڵی مافی نەتەوەییە، یان پێكەوەهەڵنەكردنی كۆمەڵایەتی‌و ناتەبایی هامساییە كەكاریگەری لەسەر ڕەوشەكە توندتر كردۆتەوە.

بە گوێرە ئەوەی كەژمارەی هاوڵاتیانی كورد لەباكوری كوردستان لەكوردەكانی پارچەكانیتری كوردستان زیاترە، زۆرترین چاو دەخەینە سەر ئەم پارچەیە‌و راستییەكی حاشاهەڵنەگریشە كەناكۆكی‌و ململانێكانی كورد‌و تورك لەتوركیادا كاریگەری گەورەی لەسەر تێكرای دووركەوتنەوەكانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە هەبووە‌و دەبێت.

ئەوەی لەتوركیا بینراوە‌و زانراوە پایەماڵی مافی نەتەوەیی‌و بەرزكردنەوەی كێرڤی رەگەزپەرستی بووە، ئەوەتا توركیا گەورەترین كێشەی بووەتە قەزیەی كوردی‌و كوردیش گەورەترین كێشەكانی هەر لەناو توركیادایە. كاتێ دەڵێین كێشە دەبێ ئەوە تۆخ بكەینەوە كەلە قوتابخانەی سەرەتایی‌و خوێندن بەزمانی دایكەوە كوردەكانی توركیا كێشەیان هەیە تا دەگاتە دینداری‌و بازرگانی‌و گەشتیاری‌و بازاڕگەری‌و ڕۆشنبیری‌و دیوێكی تەواو داگیرساوی كۆمەڵایەتی، درك بەم راستیانەی كەناكۆكی نێوان كورد‌و تورك لەگەڵ ئەوەی مێژینەیە بەڵام زۆر قووڵیشە‌و بەیەكداچوونی ئەو دوو نەتەوەیە هەر بەناتەندروستی ماوەتەوە‌و گەورە سیاسەتوان‌و لێكۆڵەرانی هەردوولاش ئەوەیان باش روونكردۆتەوە كەتا زەمینەی كۆمەڵایەتی وئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەنێوان كورد‌و توركدا نەڕەخسێنرێت، ناتوانرێت ئاشتەوایی سیاسی بەرقەرار بكرێت. لەیەكێك لەدوایین لێدوانەكانیشیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەگەڵ باسكردنی ناكۆی دووسەد ساڵەی ئەم دوو نەتەوەیە، هەوڵی نێوەندگیری نێوان كورد‌و تورك بەیەكێك لەبژاردەكان دەزانێت.

لە لایەكیتریشەوە لەدوایین پەیامی خۆیدا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكاری كوردستان كەلە ئیمراڵییەوە پەیامەكەی بڵاوكردۆتەوە بەروونی ئەم پرسە شیدەكاتەوە. ڕۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2019 ، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامەكەیان بڵاوكردەوە، كەباس لەئاشتی‌و پێكەوە ژیان دەكات.

نزیكەی دە ساڵە بارودۆخی سیاسی سوریا شێواوە‌و بەتەنیشتییەوە جۆرێك لەدەسەڵاتی خۆسەری بۆ كورد لەرۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە بەریەككەوتنی كورد‌و تورك راستەوخۆ نەبووە، بەپێچەوانەوە بەریەككەوتنی كورد‌و عەرەبەدۆستەكانی توركیا گەرمتركراوەتەوە كەتوركیا بۆ پارێزگاری لەئاسایشی ناوخۆی خۆی‌و مەترسی لەدروستبوونی هەرێمێكیتریتری كوردی لەرۆژئاوای كوردستان بەروونی ڕاگەیاندووە‌و ئەمەشی نەشاردۆتەوە، توركیا زۆر نالەبارانە پێی وایە كەئەگەر كورد لەرۆژئاوا بەهێز بێت ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناوخۆی توركیا، ئەمەش دەكرێت وەك فاكتێكی سیاسی بخوێنرێتەوە، بۆیەش لەچەند ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵەكانی توركیا بۆ ئەوە بوون كەكورد لەسوریادا لاواز بكات، چەندین رێگای جیاوازیشی گرتۆتەبەر، هەر لەهەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی نێوان كورد‌و كوردەوە تا پشتیوانی نەیارانی كورد لەرۆژئاوا‌و بەهێزكردنی هێزە ئیسلامییە چەكدارەكانی سوریا. 

توركیا لەسەرەتای روداوەكانی سوریاوە كێشەی گەورەی ئەوەیە كەبەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەوانیتردا ناگونجێت‌و خۆشی ناتوانێت رێگەی خۆی بگرێتە بەر بۆیەش وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد توركیا هەوڵی زۆریدا پێش ئۆپەراسیۆنەكە‌و تا ئەوەش كەگڵۆپی سەوزی بۆ كرا شتی زۆری بەخشی.

لە عێراقیشدا كەتاكە هەرێمی فیدراڵی كوردی هەیە ئەزموونی كێشە‌و ناكۆكی‌و ناتەبایی نێوان كورد‌و تورك مێژینەیە، بەڵام ئەوەی وایكردووە كەمتر ئەم ناكۆكییانە رەنگبدەنەوە یەكەم ئامادەگی كورد بووە بەبەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی‌و پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستاندا‌و لەلایەكیتریشەوە ئەو پەیوەندییە سیاسی‌و بازرگانی‌و ئەكادیمیەی كەلە نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا هەیە، چونكە لەلایەك دڵنیاییدان بووە بەتوركیا كەهەرێمی كوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، لەلایەكیتریشەوە بەرزكردنەوەی سەقفی هەماهەنگی كلتوری‌و فەرهەنگی نێوان هەردوو نەتەوەكە‌و هەردوو دەسەڵاتەكە بووە تا ئەو ئاستەی پۆستی باڵای حكومیش دراوەتە توركمانەكان.

هەرچی پەیوەندی بەرۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەیە، ئەگەرچی زەمینەیەكی كۆمەڵایەتی لەبار بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو نەتەوەی كورد‌و تورك لەپارێزگاكانی ئێراندا نیە، بەڵام هەوڵە شەڕانگێزییەكانی زۆر تۆخ نەكراونەتەوە، گومان لەوەدا نیە كەلەرووی كۆمەڵایەتییەوە كورد‌و تورك تێكەڵییان بۆ دروست نەبووە‌و تائێستاش لەزۆرینەی نوكتە‌و قسەخۆشەكانیدا كورد، توركەكان بەنمونەی ناتەندروستی مامەڵە دەهێننەوە‌و توركەكانیش كورد بەشەڕانگێزی دەشوبهێنن.

لەپاش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لەچەند رۆژی رابردوووودا تا دێت زیاتر جیاوازییە نەژادی‌و نەتەوەییەكان زەقتر دەبنەوە، لەلایەكەوە باسی بایكوتی هەرجۆرە مامەڵەیەكی بازرگانی‌و سیاسی‌و كلتوری‌و ئەكادیمی‌و كۆمەڵایەتی‌و گەشتیاری نێوان كورد‌و تورك دەكرێت‌و لەلایەكیتریشەوە نەتەوە خەتابار دەكرێت.

بۆیەش لەگەڵ باوڕی تەواوم بەوەی كەكوردیش وەك هەرنەتەوەیەكیتری سەرزەوەی پێویستە خاوەنی كیان‌و مافی سەربەخۆیی خۆی بێت دەبێت ئەو راستییە زیاتر لەبەرچاوبگیرێت تا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون‌و مرۆڤسەنتەری دیدێكی كۆمەڵایەتی هاوبەش بۆ پێكەوەهەڵكردنی كورد‌و تورك نەخرێتەوە ئەوا نەك هەر جیاوازییە نەتەوەیەكان زەقتر دەكرێنەوە بەڵكو شەڕانگێزی‌و توندڕەوی‌و رەگەزپەرستی زیاتر پەرەدەسەنێت‌و ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت بەتایبەت بۆ زۆرینەی هاونیشتیمانیانی كورد لەباكور‌و رۆژئاوای كوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP