xendan ads

زرت و زل و زەبەلاح

هونه‌ر تۆفیق - 17-03-2017 - 3592 جار خوێندراوەتەوە

هونەر تۆفیق 
 
نابێت ، ناشێت ، ناكرێت  كە هەر شتێك زرت و زل و زەبەلاح بێت ، مانای ئەوە بدات ئەو زلیە دەكاتە پیت و فەڕ و بەرەكەت.

لە سروشتدا چەندەها جۆر درەختی زل و زەبەلاح هەیە كەچی دەنكێك میوە بەرهەمی نیە خێربداتەوە. بۆیە پێگە و ڕۆڵ ، بە زلی و زەبەلاحی نیە، بەڵكە بە بەروبەرەكەتەوەیە.

ئەم ڕێسایەی سروشت بۆ حیزب و مرۆڤیش هەمان یاسایە، تۆ حیزبێكی چەندە زرت و زل و زەبەلاح بیت كە خێر و بێرت بۆ خەڵك و نیشتمان نەبێت، لەو دارە زلە دەچێت كە قەد و پەلوپۆت چەندە پەرش و بڵاوبێت بەقەد بنە سێوێك سوودت نیە،  تۆ وەك حیزب ، قەد و لق و پەل و حوكمت با سەرتاپاگیربێت ، ئەگەر كەمترین ئاستی كارەبا و ئاوت نەبێت لەو درەختە زڕە دەچیت بەقەد دەوەنێك پەرش و بڵاویت ، بەڵام لە بڕینەوەتدا نەبێت ( بۆ تەختە و دار ) بە زیندوویی  كەڵكی هیچیت پێوە نیە.

 لەو  لۆریەی ساڵە دەچێت كە ڕۆژێكیان بە پێچەوانەی یاسایی هاتووچۆوە بەرەو ژوور ڕووبەڕووم هات ، رێگاكەی لێ گرتم، هێشتا ئەو زیزبوو لەوەی كە دەبوو من لەبەرخاتری ئەو ڕاوەستم سەرباری سەرپێچیە یاساییەكەی توڕەبوو بەوەی ئەو لۆریەكی زرت و زل و زەبەلاحە بە ١٥ تۆن بارەوە چۆن دەبێت ڕاوەستێت . لە كاتێكدا سالە هەر ئیجازەی سایەقیشی نەبوو !! 

دەگێڕنەوە دوو خوشك ڕۆژانە دەچنە سەركانی و لەوێوە بە گۆزەكانیانەوە ئاو دێننەوە بۆ ماڵەوە .. یەكێكیان گۆزەیەكی زەبلاحی پێ یە و هەموو ڕۆژێك پڕ بە گۆزەكەی ئاو دێنێتەوە ، ئەوی تریان گۆزەیەكی بچوكی شڕەی شەقبردووی پێ یە ، تادەگاتەوە ماڵەوە نیوەی لێدەچۆڕێت . پاش یەك دووساڵ لەم ئاو هێنانی گۆزەی سەركانیە، كچەی گۆزە زل بەدایكی دەڵێت من باشتر و شایستەترم لە خوشكەكەم چونكە بە گۆزەی گەورەی پڕ لەئاوەوە دێمەوە، خوشكەكەشم هەمیشە بەو گۆزە شكاوەیەوە تا دەگاتەوە ماڵەوە نیوەی لێدەڕژێت ..

 دایك دێتە وەڵام دەڵێت : كچم ڕاستە تۆ گۆزەكەت گەورە و پڕە و هیچت لەبەر ناچۆڕێت ، بەڵام لەبیرت نەچێت ئەو گوڵ و گوڵزارەی سەر ڕێگا،  لەنێوان ماڵ و كانیەكەدا بە ئاوی چۆڕاوەی گۆزە شكاوەكەی خوشكەكەت بەرهەم هاتووە . ئەگەر ئەو لێچوون و لێڕژانەی گۆزەكەی ئەو نەبووایە ئەو هەموو گوڵە بەسەر ئەو ڕێگایەوە شین نەدەبوون . لەبەر ئەوە گۆزەی زرت و زل و زەبەلاح ئەگەر دوو چڵ گوڵی پێ ئاو نەدرێت مەرج نیە باشتربێ لەو گۆزە شكاوەی گوڵزارێكی بەسەر ڕێگاوە سەوزكردبێت !!


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP