بەپەلە

کورد، نەتەوەی بێ دەوڵەت

توانا ئەحمەد خەیات - 13-10-2019 - 1816 جار خوێندراوەتەوە

هەموو جارێک  دوای کارەسات و نەهامەتییەکان کە بەسەر گەلی کوردا دێت، کورد  دەبێتەوە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامە ناوخۆیی و جیهانییەکان، لە ئێستاشدا دوای هێرشە داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ سەر  ڕۆژئاوای کوردستان، دیسان کورد وەک نەتەوەیەکی بێ پشت و پەنا، وەک  نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو  بۆتەوە جێگە باس و خواسی ڕۆژنامەو  دەزگا میدیایە جیهانییەکان .

کوردەکان کێن و لە کوێ دەژین؟

کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتن، ژمارەیان نزیکەی 25 بۆ 35 ملیۆن کەسە ، بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراون کە بریتین لە ( تورکیا ، ئێران، عێڕاق، سوریا)، کورد  بنچینەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلی هیندۆ ئەوروپی لە هۆزەکانی ماد.

لەڕووی ئاینەوە، زۆرینەی کوردەکان  لە موسوڵمانی سونەن، کەمینەیەکیش  لە غەیرە موسوڵمان، لە ڕووی سیاسیشەوە کوردەکان زۆربەیان سەر بە حزبە عیلمانیەکاننو  ژمارەیەکیشیان سەر بە حزبە ئاینییەکانن.

ڕوبەری نیشتیمانی کوردەکان  نزیکەی نیو ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە دابەش بووە بەسەر  تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا.

بەپیێ سەرچاوە جۆراو جۆرەکان، ژمارەی کوردەکان لە نێوان 25 بۆ 35 ملیۆن کەسە، کە زۆرینەیان لە ووڵاتی تورکیادایە  ( لە تورکیا ژمارەی کوردەکان نزیکەی 12 بۆ 15 ملیۆن کەسە دەکاتە ڕێژەی ٪20 ی کۆی دانیشتوانی تورکیا، لە  ئێران ژمارەی  کوردەکان  نزیکەی 6 ملیۆن کەسە ، کە دەکاتە  ڕێژەی کەمتر لە ٪10 ی کۆی دانیشتوانی ئێران .  لە عێراقدا ژمارەی کوردەکان نزیکەی 5 بۆ 6 ملیۆن کەسە کە دەکاتە ڕێژەی  ٪15 بۆ 20٪  ی کۆی دانیشتوانی عێراق .  لە سوریادا ژمارەی کوردەکان  زیاترە لە یەک ملیۆن کەسە  کەدەکاتە ڕێژەی٪15 ی کۆی دانیشتوانی سوریا ).

سەرەڕای ئەو چوار ووڵاتە، ژمارەیەکی زۆر لە کورد لە هەریەک لە ووڵاتانی  ئازەربایجان، ئەرمینیا، لوبنان  و ئەوروپا  بەگشتی و بەتایبەتی لە ووڵاتی ئەڵمانیا  دەژین، 
بە تەنها لە ئەڵمانیا ژمارەی کوردەکان  نزیکەی سەدان هەزار کەسە. 

لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا  دوای ڕوخانی  دەسەڵاتی عوسمانیەکان، خەریک بوو خەونی  گەلی کورد بێتە دی و دەوڵەتێکی تایبەت بە کورد دروست ببێت، لە  پەیمانامەی  سیڤەردا کە لە ساڵی 1920  ئیمزا کرا،  تێیدا دان بە مافی گەلی کوردا نرا و بەڵێنی  دروست کردنی ووڵێتێکی سەربەخۆ  بە کورد درا لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و ناوچەی موسڵ.  بەڵام ئەم خەونە  لە گۆڕ نرا  دوای سەرکەوتنی  موستەفا کەمال ئەتاتورک  لە تورکیادا، بە هۆیەوە هاوپەیمانان لە جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر پەشیمان بونەوەو و ئەو پەیماننامەیان گۆڕی بە  ڕێکەوتننامەی  لۆزان   لە ساڵی 1923 دا، کە بە هۆی ئەم ڕێکەوتننامەیەوە گەلی کورد دابەش کرا بەسەر  تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا. 
    
بە هۆی داخوازی مافی چارەنوس و مافی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کوردەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی  تورکیا – ئێران – عێراق و سوریاوە  بەردەوام  پشگوێ خراون و سەرکوت کراون و مافەکانیان پێشێل کراوە، بە بیانووی پاراستنی یەکێتی خاکی ئەو دەوڵەتانە.  

لە سوریا  بە هەمان شێوەی پارچەکانی تری کوردستان  بۆ ماوەی چەندین سەدە  لە لایەن حکومەتی بەعسی سورییەوە مافی کوردەکان پێشێل کراوەو  بەردەوام سەرکوت کراون،  لە ساڵی 2011 دا دوای سەرهەڵدانی شەر لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆسزیۆنی سوریاو  حکومەتی بەشار ئەسەد  کوردەکان هەڵوێستێکی بێلایەنیان هەڵبژارد و  جەنگیان بەرامبەر بە بە حکومەتی سوری ئەنجام نەدا، لەسەروبەندی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە هاوینی ساڵی 2014 دا هێزە کوردییەکان  بە شێوەیەکی کاریگەریانە کەوتنە جەنگ لەگەڵ  هێزە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، لەم جەنگەشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی یەپەگە ( یەکینەکانی پاراستنی گەل)  بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان  کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرا  سەرکەوتنێکی مێژوویان تۆمار کرد و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لەم هێزە تیرۆریستتیە پاک کردەوە.

لە ساڵی 2016 دا لە ڕۆژئاوای کوردستان  ئیدارەیەکی خۆبەرێوەبەری ڕاگەیەنرا لە ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوری سوریا، کە لە چەند کانتۆنێک پێکهاتبوو. هەر زوو بە زوو ئەم هەرێمە سەربەخۆییەی ڕۆژئاوای کوردستان  کەوتە بەر هەڕەشەی  دەوڵەتی تورکیا، بە ئاشکرا   چەندین جار  بڕیاری لەشکرکێشی دەدرا بەمەبەستی   ڕوخاندنی ئەو هەرێمە کوردییەی  ڕۆژئاوای کوردستان ، بەڵام بونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە  ئەم هەڕەشەو گوڕەشانەی دەوڵەتی تورکیای  راگرت تاکو  ساڵی 2019.

دوای ڕێککەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆگان سەرۆکی  تورکیا ، سوپای تورکیا لە 9 ی ئۆکتۆبەری 2019 دا  بڕیاری لەشکرکێشی داو جەنگی دژی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

نەتەوەی کوردی بێ دەوڵەت لە دوای  ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە بەردەوام  غەدری مێژووی لێکراوەو  خەونی دروستکردنی دەوڵەتی لێ زەوت کراوە، پانۆڕامای ئەو غەدرە مێژوویانە بەم جۆرەیە :

ڕوخاندنی  کۆماری مەهاباد دوای چەند مانگێک لە ڕاگەیاندنی، دوای پاشگەزبونەوەی  دەوڵەتی سۆڤێت و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران ئەو کۆمارە ڕوخێنرا.

خامۆش کردنی شۆڕشی شێخ سعیدی پیران لە باکوری کوردستان لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک.

نسکۆی شۆڕشی مستەفا بارزانی لە باشوری کوردستان  بە هۆی ڕێککەوتنامەی جەزائیر لە نێوان  ‌وێڕاق و ئێراندا.

ڕەتکردنەوەی ڕاپرسییەکەی ساڵی 2017 ی باشوری کوردستان بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە لایەن  ووڵاتانی دنیاوە.

بەو هیواییەی ئەم غەدرە مێژوویە لە ڕۆژئاوای کوردستان دوبارە نەبێتەوەو دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بە تایبەتی ئەمریکا پشت نەکاتە  گەلی کورد لە ڕۆژائاوا و  ئەو هەرێمەی کە بە خوێنی چەندان ڕۆلەی کوردستان دروستکراوە  ڕادەستی تورکیای نەکات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP