بەپەلە

توركیاو كڕین و فرۆش به‌ خوێنى ئاواره‌ سوریه‌كانه‌وه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 12-10-2019 - 2442 جار خوێندراوەتەوە

1

 له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هه‌ر به‌رپرسێكى توركى قسه‌ى كردبێت ، زۆر بێئابڕوانه‌  كارتى ئاواره‌كانى  سوریاى به‌ ڕووى ئه‌وروپادا به‌رز كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ رابردودا توركیا له‌ به‌رانبه‌ر داڵده‌دانى ئاواره‌كان هه‌میشه‌ پاره‌ى له‌ ئه‌وروپاو رێكخراوه‌كان وه‌رگرتوه‌، ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر دژى له‌شكر كێشێكه‌ى بن ئه‌وا ئاواره‌كان به‌ره‌و ئه‌و روپا ده‌نێرێت، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ نا ئاكارى و نامرۆییه‌ى توركیا پێمان ده‌ڵێت بۆ توركیا مه‌رگ و مان و برسێتى و ئاواره‌ بوونى سوریه‌كان هیچ كێشه‌ نیه‌و ئه‌و وه‌ك چه‌كى ده‌ستى خۆى به‌ كاریان دێنێت و حسابى مرۆڤیان بۆ ناكات، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ هاوپه‌یمانه‌  بێئاكاره‌كانى توركیا نمونه‌ى ئیسپانیا، قه‌ته‌ر، پاكستان و ئه‌وانه‌ى تا ئێستا له‌ گه‌ڵ دڕنده‌یى ئه‌ردۆغاندان نایانه‌وێت ئه‌م راستیه‌ ببینن.

2

له‌م شه‌ڕه‌ى توركیادا كه‌ به‌كوردى ده‌فرۆشێت، ئاواره‌كان بیانون و لاى توركیا هیچ نرخێكیان نیه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ش توركیا به‌ خودى سوریه‌ به‌ كرێگیراوه‌كانى خۆى شه‌ڕى كورده‌كانى سوریاو خه‌ڵكى سوریا ده‌كات و ده‌شیه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر سوریادا بگرێت، وه‌ك چۆن پێشتر له‌ حه‌له‌ب و ئیدلب و عفرینیش واى كردو بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كانى خۆى ئه‌و شارو شارۆكانه‌ى وێرانكرد، توركیا مه‌به‌ستێتى هه‌موو سوریا وێران بكات، شه‌ڕه‌كه‌ش به‌ سوریه‌كان بكات به‌ پاڵپشتى فڕۆكه‌و زریپۆش و كۆماندۆى توركى، یانى ئه‌وه‌ى بۆ تورك گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ سوریا وێران بێت و كوردیش به‌ بچوكترین مافى خۆى نه‌گات، بۆ ئه‌مه‌ش بیانوى ئاواره‌كان دێتێته‌وه‌، ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ توركیادا ڕووبه‌ڕووى زۆرترین سوكایه‌تى ده‌بنه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتى چنینه‌وه‌ى بوندقدا كه‌ هه‌موو جۆره‌ سوكایه‌تیه‌كیان پێده‌كرێت تا ده‌گاته‌ ده‌ستدرێژى سێكسى.

3

توركه‌كان له‌م مامه‌ڵه‌ ناشرینه‌دا هیچ نرخێك بۆ مرۆڤ دانانه‌ن، ناشرینیه‌كى گه‌وره‌یه‌ كوردێك  هه‌بێت تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ بڕوا به‌ تورك و ئه‌ردۆغان بكات و وه‌ك  موسوڵمان سه‌یریان بكات، ئێستا توركه‌كان به‌ بیانوى نیشته‌ جێكردنى ئاواره‌و  به‌ كرێگیراوه‌كانى خۆیان كه‌ ئه‌وه‌ درۆیه‌كى گه‌وره‌یه‌ سه‌دان هه‌زار كوردیان ئاواره‌ كردووه‌، سه‌دان هه‌زار خه‌ڵك له‌ زێدو خاكى خۆیان هه‌ڵده‌كه‌ندرێن و ئاواره‌ ده‌كرێن بۆ نیشته‌ جێكردنى به‌ ناو ئاواره‌ى دیكه‌، ئه‌مه‌ چ سوكایه‌تیه‌كه‌ به‌ مرۆڤى سورى، ئایه‌ كه‌س نیه‌ ئه‌م سوكایه‌تیه‌ وه‌ك خۆى ببینێت. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP