ئەمریکا بۆ پاشەکشەی لە ڕۆژئاوا کرد ؟

داستان خارگێڵانی - 11-10-2019 - 3715 جار خوێندراوەتەوە


سەرەتا چۆڵکردنی کوردستانی سوریا و پاشەکشەکردنی هێزی ئەمریکا پلانێکی ئیقلیمی گەورە وە سیناریۆیەکی داڕێژراوی وردی لەپشتەوەیە تاکۆتایی یاریەکە هەمووی دانراوە هەمووان ئاگاداربوون لە پلانەکە و پێش ئەوەی ئەم باسە بێتە ئاراوە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە گۆڕانکاری بەڕێوەیە. 

کۆمەڵێک سیناریۆ لە ئارادان کە بۆ ئەمریکا پاشەکشەی کرد لە کوردانی ڕۆژئاوا کە خۆی گەورەی کردن و نەش و نمای پێکردن ئێستا بۆ وا بە ئاسانی هاوڕێی نیوەڕێ دەبێت و دەستبەرداریان دەبێت.

بە پێی سیناریۆیەک کە گوایە ئەمریکا لە پشتەوە خەنجەر لە تورکیا دەدات و گۆڕەپانی بۆ چۆڵ دەکات و پەلکێشی یاریەکی دەکات کە لە نیوەیدا نەتوانێت بیتەدەرەوە و لەو ڕێگەیە وە دەیەوێت ئابووری تورکیاش وەک ئێران ویران بکات و دەسەڵاتی رەهای تورک سنوردار بکات وە هەر ئەمریکاش بوو تا ئێستە فتحڵا گولەنی داڵدەداوە و لە کاتی خۆیدا بەکاریدێنێت وە دەزانێت تورک ناتوانێت ڕێک کەوێت لەگەڵ پرسی کورددا بۆیە بۆ گرتنی ماسیەگەورەکە قولاپێک هەڵدەدات کە سەرەکەی کوردەکانی پێوەیە، ئیدی ئەمە گرنگ نییە بۆی کە کوێ وێران دەبێت کێ دەکوژرێت تاکەی بەردەوام دەبێت چونکە گۆرەپان گۆرەپانی خۆی نییە.

یەکێکی تر لە سیناریۆکان ئەوەیە کە هێزە کوردییەکانی سوریا پاڵپشتی کوێرانەی پلانەکانی ئەمریکا ناکەن و لە کۆمەڵێک پرسی نوێدا پشتگیری ناکەن و یارمەتی دەر نین لە بەرژەوەندیە باڵاکانی ئەمریکا لە سوریا بۆیە ئەگەر هەیە ئەم چۆڵ کردنە بۆ ترساندن و لاوازکردنی ئەو هێزە کوردیانەبێت و راستەوخۆ وتنی ئەو دروشمەبێت بە کوردان کە گەر ئەمریکا نەبێت ئێوە هیچ نین پارویەکی زۆر بچوکن بۆ دوژمنان و کەس پاڵپشتیتان ناکات بۆیە دەبێت تا سەر دۆست و گوێڕایەڵ و ئەڵقە لە گوێ و جێبەجێکەری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بن.

بەپێی سیناریۆیەکی دی ئەمریکا دەیەوێت سوریایەکی نوێ بونیاد بنێت بە دەسەڵاتی نوێ و هێزی نوێ و پالپشتی نوێ بۆ تەواو لاواز کردنی ڕوسیا لە سوریا و پێدانی بەشێکی زۆری خاکی سوریا بە تورکیا و خستنە بەر تموحی تورکیابێت بۆ سوریا، لای ئەمریکا باشترەکە سوریا دوو دەوڵەتی گەورە بەڕێوەی ببەن و ئاسان دەبێت شێوان و دەست خستنە ناو چەقی ماڵێکەوە کە دوو گەورەی  هەبێت، بۆیە روسیاش تەواو دژی ئۆپەراسیۆنەکەیە و وەزیری ناوخۆی لە نزیکەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات و سەردانی لایەنە کوردیەکانی تر و عێراق دەکات بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی دژی ئۆپەراسیۆنەکە و پوچەڵکردنەوەی سیناریۆکەی  ئەمریکا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP