xendan ads

دیداری سلێمانی چی پێ بوو؟

د. ئەحمەد مەحمود - 15-03-2017 - 4144 جار خوێندراوەتەوە

د.ئەحمەد مەحمود


گوتراوە "گوتنی ڕاستی تاڵە" هەر بۆیەش هەنووكە، كەمن ئەوانەی سەر ڕاستانە شرۆڤە و شیكاری بارودۆخی سیاسی هەرێم دەكەن، زۆر  سەركردە و كەسایەتی سیاسی هەن پەیچ و ئەكاوەنتەكانیان خاوەنی سەدان هەزار لایكن، زۆرترین كۆمێنت و لێدوانیش دەبینین لە سەر پۆستەكانیان، لەكاتێكدا هەگبەیان بەتاڵ و پڕ لە خەوشە. ئەفسوس گەلەكەم كەم سەرنج دەدات، قوڵ بیر ناكاتەوە، تێڕانامێنێت، گەنجەكانمان بە جدی  پرسیار ناكەن، بۆیە وەڵامی گەورە و باشیان دەست ناكەوێت. لێرەوە دەخزێمە ناو باسوخواسی كۆتا دێداری زانكۆی سلێمانی، كە ساڵانە زانكۆی ئەمریكی ڕێكی دەخات لە ژێر چاودێری دكتۆر بەرهەم ساڵح، چەند سەرنج و كورتە پەیامێك دەخەمەڕوو:

یەكەم: لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی دیدارەكە بە وردی سەرنجمدا بە حەق تێگەیشتم بەڕێز دكتۆر بەرهەم  لە ناوخۆی یەكێتی و گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و ناوچەكە  بەكەسێكی هەڵكەتوو دادەنرێت لە ڕێكخستنی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی حیزبەكەی و هەرێمی كوردستان، تاكە كەسە هەڵگری سیفات و خەسڵەتەكانی جەنابی مام جەلالە، كە هەوڵ دەدات پەیوەندیە دەرەكیەكانی بەكار بێنێت بۆ خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەی و دروستكردنی لۆبی بۆ مافی چارەی خۆ نوسینی میلەتەكەمان بەڵام بەداخەوە ماڵ لە ماخۆی حەرامە.

دووەم: سەركردە و بەرپرسانی هەرێم هەر وەك لەداهاتی نیشتیمانی و سەرچاوەكانی بە دەستهێنان پارە و چۆنیەتی خەرجكردنی  شەفاف نین لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیان، ئەواش لەپەیوەندیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ دراوسێكانمان سەرڕاست و راستگۆ نین لەگەڵ یەكتر و خەڵكەكەشیان، هەر بۆیەش تائێستا هاونیشتیمانیان تێگەیەشتنێكی دروستیان نییە بۆ چەمكی ئاسایشی نەتەوەی، زۆربەمان بەرچاوڕۆشن نین سەبارەت بە ئایندەی سیاسی گەلەكەمان، دۆژمن و دۆست لێك جوێ ناكەینەوە، نازانین كام هاوكێشە لە بەرژەوەندی وڵاتە؟ لەناوخۆی ئێڕاقدا لەگەڵ شیعە بین یان سوننەكان؟ لەسەر ئاستی دەرەوە لەگەڵ ئێران بین، یان توركیا؟ رووگەی ئەمەریكا یان رووسیا هەڵبژێرین؟ یان لەگەڵ هەموویان بین بەهاوسەنگی؟ یان هیچیان؟  هەموو ئەمانە لە سایەی نەبوونی ستڕاتیژی نەتەوەیی و نەبوونی شەفافیەت لەم جۆرە پرسانە. بەڵام دیداری سلێمانی توانی ئەجینداو كاراكتەرە جیاوازەكان بێنێتە سەر سەحنی كوردستانی، لەبەردەم ڕای گشتی بیروبۆچونەكانیان سەبارەت بە ئایندەی ناوچەكە و كوردیش لەو ناو كۆیەدا  بخەنەڕوو،  كە تا ئاستێكی باش لە ژێر رۆشنایی ئەم تێزە جیاوازانەی مشتوماڵ كران دەتوانین خوێندنەوە بۆ پێشهات و رووداوە چاوەڕوانكراوەكان بكەین بە ئامانجی ئامانجە نەتەوەییەكانمان.

سێیەم: لەژێر رۆشنایی خاڵی پێشوو، هەم وەك ڕاسپاردەیەكیش بۆ بەڕێز دكتۆر بەرهەم:  ئەم باسوخواس و سەرەداوانەی لە لایەن لایەنە جیاوازەكان خرانە بەردەم بەشداربوان، ئەوە دێنن توێژینەوەیان لەسەر بكرێت، بەمەبەستی سوود لێوەرگرتنیان لە هەنگاوە سیاسیەكانی هەرێم و چۆنیەنیەتی مامەڵەكردنی درووست لەگەڵ پێشهاتەكان.

چوارەم: لەپەڕاوێزی دیدارەكەشدا چەسپاوتر لەجاران تێگەیشتم چارەی راستەقینە و كۆتا بۆ هەموو لایەكمان سازان و رێكەوتنە لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان.

پێنجەم: دیداری سلێمانی باشتر و ڕوونتر جیاوازیەكانی بەرهەم ساڵحی دەرخست لەگەڵ سەركردەكانی تر، ناوبراو هێڵی بەرتەسكی حیزبایەتی تێپەڕاندوە حەق بەخۆم دەدە بڵێم: ئەو ئەمڕۆ لەجیاتی هەموو كورد بیر دەكاتەوە هەر ئەمەشە لەناو خۆی حیزبەكەی بە قوڕسی هەزم دەكرێت.

شەشەم: بۆخەڵكی پایتەختی رۆشنبیری: مەگەر لە بەرهەم ساڵح تان دڵسۆز تر فكر رۆشنتر هەیە؟ لەبەر دوو هۆ حەقە ئێوە زیاتر شانازی بەناوبراوەوە بكەن یەكەمیان: خەڵكی شاری ئەدەب و هونەرە. دووەمیان ئەگەر هەر كارێكی باش كرابێت بۆ سلێمانی لەسەردەمانی ئەو بوو.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP