ئه‌ردۆغان و كڵاوه‌كه‌ى تره‌مپ

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 10-10-2019 - 5123 جار خوێندراوەتەوە

1
كڵاوه‌كه‌ى تره‌مپ 

 
هه‌رچى سه‌یرى تویته‌كانى دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌م ، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌ردۆغان كڵاوى بۆ ئه‌و پیاوه‌ دووریوه‌ و له‌ نێو خۆى ئه‌مه‌ریكا به‌ ته‌واوه‌تى ناشرینى كردووه‌ ، تێناگه‌م ئه‌مه‌ چۆن رویداو نهێنى چیه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكات پێشتریش پۆتنى له‌ كاتى كوشتنى دیبلۆماته‌كه‌ى روسیادا خستبوه‌ هه‌مان دۆخه‌وه‌ .ئاخر ئه‌م تره‌مپه‌ زۆر گه‌مژه‌یه‌ ، رێك وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ نوام چۆمسكى له‌ باره‌ى سه‌رۆكه‌كانى ئه‌مه‌ریكا وه‌ ده‌یڵێت ، شه‌ڕ شه‌ڕى ئێستایه‌و ئه‌و باسى جه‌نگى جیهانى دووه‌م ده‌كات ،ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌ كڵاوى كراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ سوڵتانه‌ توركه‌كه‌ به‌ڵێنى پێداوه‌ ژن و مناڵ نه‌كوژێت ، ئاخر تورك و به‌ڵێن شتى واهه‌یه‌؟.


2
حكومه‌تى هه‌رێم و قسه‌یه‌ تر 

هه‌موو نیگه‌رانى و به‌یان و قسه‌و باسه‌ كانى دژى توركیا ، جێى ده‌ستخۆشین ، به‌ڵام هه‌نگاوى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ من لام وایه‌ هه‌ڵوێستى دژى توركیا له‌ ئێستادا كوردانه‌و بوێرانه‌یه‌ ،سێ كار بكات ، یه‌كه‌م راگرتنى رۆیشتنى نه‌وت بۆ توركیا ، دووه‌م  داخستنى ده‌روازه‌ى برایم خه‌لیل ئه‌گه‌ر ئه‌م دوانه‌ بۆ ماوه‌ى كاتیش بن ، سێیه‌م ده‌ركردنى باره‌گاو بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانى توركیا له‌ سه‌ر سینگ و به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان.


3
سوپاس فه‌ڕه‌نسا 

جارێكیان له‌ فه‌ڕه‌نسا بووم له‌ پاریس كۆنگره‌یه‌ك هه‌بوو له‌ سه‌ر كورد ، چه‌ند فه‌ڕه‌نسیه‌ك باسى هه‌ڵوێست و پشتگیرى خۆیان بۆ كورد كرد له‌ رابردوودا ، من له‌ سۆزو ئاكارى فه‌ڕه‌نسیه‌كان تێده‌گه‌م ، له‌ ناویاندا ناسیاوى سیاسى و رۆژنامه‌وانیم هه‌ن و پێشتر له‌ سه‌ر كورد جوامێرانه‌ هاتونه‌ ده‌نگ ، ئێستاش پێموایه‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كان له‌ هه‌موو لازیاتر له‌ خه‌مدان ، ئه‌و كچ و كوڕانه‌ى له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌بنه‌ قوربانى هه‌ندێكیان دۆست و هاوڕێى كۆشنه‌رو فه‌ڕه‌نسیه‌كانى دیكه‌ن ، هاتنه‌ ده‌نگ له‌ سه‌ر ئه‌وان له‌ لایه‌ن فه‌ڕه‌نساوه‌ سوپاسى گه‌ره‌ك ، مێژوو هه‌ڵوێستى ئاكارى و نا ئاكارى ون ناكات.


4
توركیا ده‌كه‌وێت 

شه‌ڕى عفرین و شه‌ڕى ئێستا جیاوازن، توركیا تا كوێ ده‌ڕوات، ده‌توانێ چى بكات، ئایه‌ ده‌توانێ هه‌موو كوردى رۆژئاوا له‌ ناودات، دنیا هه‌روا ته‌ماشا ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت كوردیش له‌ ئه‌وروپاو باكورى كوردستان هه‌ر ته‌ماشاكه‌ر نابن ، توركیاى ئه‌ردۆغان ئێستا له‌بن بارى 450 ملیار دۆلار قه‌رزدایه‌ ، دۆستێكى هه‌قیقیشى نیه‌ ،هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نیه‌ بۆیه‌ ئه‌مڕۆش نه‌بێت،   رۆژى كه‌وتنى توركیا دێت ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌گه‌ر ئه‌و سوپاو جاشه‌ى توركیا زوو نه‌كشێنه‌وه‌  رۆژئاوا ده‌بێته‌ گۆڕستانى سه‌ربازه‌كانیان .  


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP