كورد لەبەردەم غەدری مێژوودا

سەروەر عبدالرحمن - 10-10-2019 - 1262 جار خوێندراوەتەوە

رابردووی كورد لە هیچ نەتەوەیەك ناچێت، مێژووێكی شێوێنراو، پڕە لە قارەمانیەتی بەلام خیانەتیشی كەم نین، تژی لە قوربانی بۆ گەلانی دراوسێ و ئاین و ئایدیۆلۆجیاكان، بەلام چەوساوەو خەڵەتێنراو لەلایەن سەردەستەی هەمان گەلانەوە بەناوی ئایین و ئایدیۆلۆجیاو پەیامی پیرۆز! جارێك بەناوی برایەتی گەلانەوە خەڵەتێنراوە، جارێكی تر بەناوی برای ئایینییەوە، جارێك بەناوی هاوڕێیانی شیوعیەوەو جارێكی تر لەپەنای ئالای مرۆڤایەتیدا! ئەوەی لەهەمووی سەیرترەو مرۆڤ توشی شۆك دەكات، ئەم گەلە وێرای ئەوەی بۆ چەندین جار و لەیەك كوندا مار پێوەی دەدات، كەچی دەرسی لێ وەرنەگرتووەو لەسەر هەمان خۆشباوەڕی و ساویلكەیی بەردەوامە.
هەر دوێنێ بوو دوای تەواو بوونی جەنگی دووەمی جیهانی سۆڤیەت وەك كارتێكی فشار تا كاری بە كورد هەبوو، پشتیوانی كۆماری كوردستان بوو لە مهاباد

 

هەر دوێنێ بوو دوای تەواو بوونی جەنگی دووەمی جیهانی سۆڤیەت وەك كارتێكی فشار تا كاری بە كورد هەبوو، پشتیوانی كۆماری كوردستان بوو لە مهاباد، بەلام لەگەل بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەل ئێراندا بە چەند گالۆن نەوتێك فرۆشتی و پشتی تێكرد و كۆمارە تاقانەكەی گورگانخواردوو دا!
 سیاسەتەكەیان ئەوەندە نامۆڕالانە بوو كە خودی هێنری كیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەو سەردەمەدا نەیتوانی بیشارێتەوە 

 

هەر دوێنێ‌ بوو دوای ئەوەی ئەمەریكاو ئێران بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی عیراقدا وێك هاتەوە، بەچەند ئیمتیاز و دەستكەوتێكی ئابوری و سیاسی پشتیان لەكورد كرد و شۆڕشی میللەتێكی مەزلومیان كردە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و شۆڕشی ئەیلولیان كۆتایی پێ هێنا! سیاسەتەكەیان ئەوەندە نامۆڕالانە بوو كە خودی هێنری كیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەو سەردەمەدا نەیتوانی بیشارێتەوە كە لە بیرەوەرییەكانیدا نوسیویە: سیاسەتێكی بێ ئەخلاقانەمان لەبەرامبەر كوردەكاندا پەیڕەوكرد، نە پشتیوانیمان كردن و نە وازیشمان لێ هێنان خۆیان تەدبیری ئوموری خۆیان بكەن تا بەدوای ئە‌لتەرناتیڤێكی تردا بگەڕێن!
هەر دوو ساڵ لەمەوبەر بوو لەكاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا بەناو دۆستە نزیكەكانی كورد كە شەڕی تیرۆریان بەیەكەوە دەكرد پشتیان لە كورد كرد

 

هەر دوو ساڵ لەمەوبەر بوو لەكاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا وەك مافێكی سەرەتایی میللەتێكی مەزلوم (بەهەموو ئەو تێبینیانەش كە لەسەر كات و میكانیزمی پرۆسەكە هەبوون)، بەناو دۆستە نزیكەكانی كورد كە شەڕی تیرۆریان بەیەكەوە دەكرد پشتیان لە كورد كرد و هەمان سیاسەتی نامۆڕالانەیان لەهەمبەر كورد و پێشمەرگەی هاوسەنگەریاندا دووبارە كردەوە!
ئەوەی ئەمڕۆش لە رۆژئاڤادا دەگوزەرێت، دووبارە بوونەوەی هەمان مێژووە، بێ مۆڕاڵی هەمان بەناو دۆستی زلهێزە، ساختەچیەتی هەمان پەیامی بەناو مافی مرۆڤ و پێشكەوتنخوازیە! 

 

ئەوەی ئەمڕۆش لە رۆژئاڤادا دەگوزەرێت، دووبارە بوونەوەی هەمان مێژووە، بێ مۆڕاڵی هەمان بەناو دۆستی زلهێزە، ساختەچیەتی هەمان پەیامی بەناو مافی مرۆڤ و پێشكەوتنخوازیە! ساویلكەیی هەمان كوردی دڵسافە! دەوڵەتی توركیا لەژێر پەردەی ئاییندا پەلاماری كوردی موسوڵمان دەدات، كەچی مەلاكانی راسپاردووە تا زەمینەی كۆمەلایەتی بۆ شەڕەكە خۆش بكەن، توركە نەژادپەرستەكان پشتیوانی سەرسەختی دەكەن، كۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێرەوە پشتیوان و رێگەخۆشكەرە كە ئەگەر بەدەستیشی نەبێت لەدژی كورد بەدڵیەتی، شۆڤینیەكانی عیراق سەرباری خراپی بارودۆخی خۆیان، بەم پەلاماردانانەی رۆژئاڤا كەوتونەتە هەلەكە سەماو پشتیوانی خۆیانی بۆ دەردەبڕن! ئەمەریكای بەناو دۆستی ستراتیژیی چەند ساڵەی هاوسەنگەری شەڕی دژ بەتیرۆر چرای سەوزی بۆ داگیرساندووەو رێكەوتنی ژێربەژێری لەسەر پشتی كورد لەگەڵ توركدا ئیمزا كردووە!

ئەمانە هەمووی دووبارە بوونەوەی مێژوو نەبن چین! غەدری مێژوو نەبن چین! بێ مۆڕاڵی هەڵگرانی هەرچی پەیام و ئایین و ئایدیۆلۆجیای بەناو مرۆڤایەتی نەبن چین كە لەسەرەوە بانگەشەی بۆ دەكەن و ژێربەژێریش لەپێناو بەرژەوەندییەكی تایبەتی و كاتیدا هەرچی پەیامە دەیخەنە ژێر پیانیانەوە!
لە رابردوودا كورد هەمیشە بەتەنها بووە، ئەو قسەیە زۆر راستە كە دەڵێت تەنها چیاكان دۆستمانن! 

 

لە رابردوودا كورد هەمیشە بەتەنها بووە، ئەو قسەیە زۆر راستە كە دەڵێت تەنها چیاكان دۆستمانن! چونكە هەرچی خۆی بەدۆست دانا دوای گەیشتن بە ئامانجەكانی لەپێناو بەرژەوەندیەكی بچوك درۆی لەگەل كورد كرد! پرسیار ئەوەیە ئاخۆ هۆكارەكەی چیە!؟ ئایا لەراستیدا ئەوە رووی راستەقینەی ئەوانە بووە كە لەساتی گەیشتن بەدەسكەوت و بەرژەوەندییەكانیان دەمامكی روویان هەڵدەماڵن!؟ یا گەمژەیی و كورتبینی سەركردەكانی كورد بووە بەدرێژایی ئەو مێژووە نەیانتوانی نەتەوەكەیان بگەیەننە كەنارێكی ئارام!؟ 

تاكە رێگەی رزگاری و سەرفرازیی كورد، تەنها و تەنها یەكڕیزی و یەكێتی نەتەوەییە، ئەگەر كوردانی هەرچوار پارچە پشتگیری یەكتری نەكەن، هەرچی شێوازی خەباتی دبلۆماسی، سیاسی، ئابوری، چەكداری، راگەیاندن و هەموو شێوازەكانی تر، لەناوەوە و دەرەوەی كوردستان نەخرێتە گەڕ و یەكدەست و یەكگرتوو نەبن، ناكرێت چاوەڕوانی هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێكی تر بكەین پشتگیریمان بكات، كورد تا ئەو رۆژەی بەجدی یەكگرتوو نەبێت، هەرگیز لەو مەزلومیەتە دەرناچێت و وەك هەمیشە لەبەردەم دەروازەكانی شكستدا ئێشكگر دەبێت و رۆژانەش مێژوو خۆی بەسەردا دووبارە دەكاتەوە! چونكە دەبێت لەو راستیە بگەین كە هۆكاری سەرەكی ئەو كارەساتانە كوردبوونە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP