ڕێگاکانی بەردەم کورد

فرمێسک عوسمان - 10-10-2019 - 2533 جار خوێندراوەتەوە


دەستپێکردنی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕووداوێکی کت وپڕ و لە ناکاو نیە لە کاتێکدا زیاد لە دوو ساڵە تورکیا  بە وتار و کردار بە گوێی ھەموو کورد و ڕۆژئاواو و جیھاندا ئەم باسە دەچرپێنێت، بەڵام بە داخەوە، وەک ھەمیشە کە لە مێژووی کوردا ھەیە، ھەڕەشە و پیلانەکان بە جدی و گرنگیەوە وەرناگیرێت، ھەتا دەبنە واقیع و ئیتر تاڵیەکەی دەمار بە دەماری کورد ئەڕوات!  ڕەنگە تاکە جیاوازی ئەمڕۆ بۆ کورد لەگەڵ ڕابردوودا  ئەوەبێت  پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیاو میدیا ئەو دەرفەتەما پێدەبەخشێت کە دەنگ و ڕەنگمان  بگاتە جیھان، ئەگەر نا، وەک ڕابردوو، کورد نە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و نە خاوەنی سیاسەت و ھەڵوێستێکی نیشتمانی یەکگرتوو و نە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانی کوردییە، کە ئەمڕۆ بتوانین بەرگری لەم  خاکە بکەین کە لە ھەموو لایەکەوە بێڕەحمانە پەلامار دەدرێت!

ئەمڕۆ ھێرشەکان بوون بە واقیع و دەستیان پێکرد، کورتخایەن بێت یان درێژ خایەن، کورد پێویستی بە جوڵانێکی بەپەلە ھەیە لە ناوچەکە، چونکە مەترسیەکانی تورکیا  تەنھا بۆسەر ڕۆژئاوا نیە، بەڵکو بۆ ھەموو ناوچەکەو کوردستانی باشوریش مەترسییە کە ڕەنگە لە داھاتوودا ئەگەرەکانی زیاتر دەرکەون، کەواتە پێویستە کورد چی بکات لەم ھەلومەرجەدا؟ 

جوڵاندی باکوری کوردستان

پشتیوانییە جیھانی و دەرەکییەکان گرنگ و کاریگەرن، بەڵام ھیچ کاریگەرییەک وەک جوڵاندنی شەقامی نێوخۆی تورکیا نیە! کوردانی باکور، ھەرچەندە دەزانین شەڕی ئازادیتان سەخت و دوور ودرێژە، بەڵام لەبەردەم گۆڕانکارییە ھەرێمی و جیھانیەکان پێویستە پشو درێژتر بن! لەسەرجەم شارە کوردییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانی ملیۆنی دژ بە داگیرکاری تورکیا ئەنجام بدەن وەک بە بیرھێنانەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کە کورد بەشێکی گەورەن  لە تورکیاو ئارامی تورکیا پەیوەستە بە  ئاشتی تورکیا لەگەڵ کورد، نەک ھەوڵدان بۆ سڕینەوەو  لەناوبرنی کورد!  ھەرواھا گۆڕینی ئاراستەی خەباتی ھێزە چەکدارە کوردییەکانی باکور بەرەو تورکیا. 
 
یەکخستنی ھەڵوێستی باشوری کوردستان

یەکەم جار ئەگەر لە باشورەوە دەستپێبکەین، زۆر گرنگە ئێستا کێشە نێوخۆیی و حزبیەکانی نێو کوردستان بەلاوە بنرێت و ئەنجومەنێکی سیاسی بەپەلە لە سەرجەم  حزبەکان دروست بکرێت بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی کوردستانی باشوور، ھەڵوێستێک کە شایەنی ئەو دەستدرێژییانە بێت کە تورکیا بە شەرعیەتی دەزانێت و بە ناوی دروستکردنی ناوچەی ئارام خاکی ڕۆژئاوا داگیردەکات و پرۆسەی پاکتاوکردنی کوردەکان دەستپێدەکات. ھاوکات، یەکخستنی دەنگی میدیای باشوری کوردستان بە جۆرێک سەڕەرای ناکۆکییە نێوخۆییەکان وێنایەکی یەکگرتووی نیشتمانی کوردستانی باشوور پیشانی جیھان بدات. پیشاندانی ھەڵوێستی جیاواز و  پەرتەوازەیی  لە میدیای کوردی کاریگەری لەسەر  ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە پلەی یەکەم و شەڕڤانان و بە دڵنیایەوە ھەڵوێستی جیھانیش دەبێت. 

بە ھەند وەرگرتنی پشتیوانییە جیھانییەکان

ئاشکرایە لە قۆناغەکانی مێژووی کوردا، ھەرگیز وەک ئەمڕۆ کورد پشتیوانیەکی جیھانی بۆ دروست نەبووە کە  زۆر وڵات و زۆر کەسایەتی گرنگی جیھانی پرۆسەکە بە دەستدرێژی وخیانەت لە کورد ناو ببەن! ئەم ھەڵوێستانە بۆ ئازایەتی و جوامێری شەڕڤانانمان دەگەڕێتەوە کە توانیان  سەرکەوتن بەسەر دڕندەترین  گروپی تێرۆریستی داعشدا تۆمار بکەن، ھەربۆیە گرنگە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کورد لە وڵاتانی دەرەوە دەستبکەن بە دروستکردنی لۆبی و پشتیوانی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بە شێوەیەک کە بتوانن خەڵکی نێوخۆی ئەو وڵاتانە  بھێننە سەر شەقامەکان، بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە پشتیوانییانە کاریگەری لەسەر ھەڵوێستی حکومەتی ئەو وڵاتانە دەبێت.

ڕۆژئاوا

ڕۆژئاوا، بەشە گرنگەکەی کوردستان کە ئێستا ڕووبەڕووی ئاگری شەڕی داگیرکەران دەبێتەوە  زیاتر لە ھەموو کات پێویستی بە سیاسەت کردنێکی ژیرانە ھەیە،   سەرکردەکانی  کورد پێویستە بە دووربن  لە  بڕیاری سیاسی تاکڕەوی  و بە شێوەیەکی فراوان   و بە شێوەی ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەل ھاوکارە نێوخۆیی و دەرەکیەکانیان لە پەیوەندی بەردەوامدا بن، ھەموو کات بەرگریکردن نامانگەیەنێتە سەرکەوتن!  ئەزموونەکانی کۆبانی و عفرین بەڵگەن!.


سەرکردەکانی ڕۆژئاوا پێویستە  باس لە مەترسی و ھێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتگیر و فراوان بکەن، تەنھا ڕۆژئاوا نەکەن بە بابەتی وتارەکانیان، ئەتوانین بڵێین گەڕانەوە بۆ سوریاو دانوستان ڕەنگە ھەنگاوێکی باش بێت، بە ڵام بە ئاگایی لەگەڵ پلانەکاندا کە دوور نیە پیلان بێت بۆ ناچارکردنی کورد بۆ ھێنانەوەی سوریا بۆ ناوچەکە بە دەستی خۆیان! 

کارتێکی گرنگی دەستی کوردەکانی سوریا ئەو ھەزاران داعشەن كە ئێستا لە زیندانەکانی ژێر دەستی کوردەکانن کە دەتوانرێت بکرێتە  پرسێکی جیھانی گرنگ و لە سەروبەندی سەرقاڵبوونی شەڕڤانان بە شەڕی تورکیا ئەو زیندانیانە ناتوانرێت ھەروا لە ژێر کۆنترۆڵدا بن، وە دووریش نیە ڕووبەڕووی گروپێکی نوێی تێرۆریستی ببینەوە بە ناوێکی نوێ کاتێک ترەمپ پێمان دەڵێت 100% داعش تەواو بووە. 

سەرکەوتن بۆ ڕۆژئاوا


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP