ئه‌ردۆغان و پلانێکی کۆپیکراو بۆ رۆژئاوای کوردستان

سەروەت هەڵەبجەیی - 8-10-2019 - 1632 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هیچ کات بێ کێشه‌ و قه‌یران نابێت. له‌م ماوه‌یه‌دا هێرشه‌کانی ئارامکۆ بووه‌ جێی سرنجی جیهان به‌ گشتی و کاردانه‌وه‌ی زۆری به دوای خۆیدا هێنا. هێشتا دۆخی ناوچه‌که‌ له‌ پاش ئه‌و هێرشه‌ هێور نه‌بووه‌ته‌وه‌ که‌ تورکیاش به‌ پلانی هێرشکردنه‌ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاڵۆزییه‌کان زیاتر ده‌کات.
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ حه‌فتا و چواره‌مین دانیشتنی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان پلانێکی وڵاته‌که‌یی بۆ باکوری سوریا که‌ به‌ لای ئێمه‌ی کورد وه‌ک ڕۆژئاوای کوردستان ده‌ناسرێت، به‌ وێنه‌ و نه‌خشه‌وه‌ خسته‌ڕوو. 
پلانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان ناوچه‌یه‌کی ئارامه‌ به‌ قووڵایی 32 کیلۆمه‌تر له‌ باکوری خاکی سوریا و له‌ نزیک سنوره‌کانی باشوری تورکیا به‌ درێژایی 480 کیلۆمه‌تر که‌ تێیدا درووستکردنی 10 شار و 140 گوند پێشبینی کراوه‌ و ئه‌نکه‌ره‌ ده‌یه‌وێت تا 3 ملیۆن ئاواره‌ی سوریای تێدا نیشته‌جێ بکات.
پلانه‌ به‌رزه‌فڕه‌که‌ی ئه‌ردۆغان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسایه‌کی نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ کرده‌وه‌ دوژمنایه‌تی تورکیا له‌ گه‌ڵ کورد ده‌باته‌ قۆناغێکی نوێ و مه‌ترسیدار و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئامانجه‌که‌شی ئاشکرایه‌، له‌ناوبردنی ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان، به‌ڵام ئه‌ردۆغان وه‌ک هه‌میشه‌ بیانووی ئاواره‌کانی هێناوه‌ته‌وه‌.
ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی ڕۆژئاوای کوردستان که‌ به‌ ڕای چاودێران له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی که‌میدا بووه‌ته‌ نموونه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی ئیداره‌دان و پێکه‌وه‌ژیانی پێکهاته‌کان و ته‌نانه‌ت هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌کی باشتر، له‌ گه‌ڵ ده‌سکه‌وته‌ مه‌زنه‌که‌ی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر که‌ له‌ کۆبانێ ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ جیهان ڕوونتر کرده‌وه‌، به‌ لای ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیاوه‌ قبووڵکراو نییه‌. زیاترین په‌یوه‌ندی له‌ نێوان گه‌لی کورد له‌ ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بینراوه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ و بوونی هێزه‌کانی وه‌ک په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ که‌ خاوه‌ن یه‌ک ئایدۆلۆژیا و بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازین، تورکیا و به‌ تایبه‌ت ئه‌ردۆغانی تۆقاندووه‌. 
تورکیا له‌ یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌م دراوسێ نوێیه‌، له‌ گه‌ڵ سوپای به‌ ناو ئازادی سوریا که‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی قه‌یرانی سوریا به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن ئه‌نکه‌ره‌وه‌ بۆ ئامانجی تایبه‌تی ئه‌ردۆغان پاڵپشتی کراوه‌، له‌ دژی ڕۆژئاوای کوردستان هاته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌وه‌. تورکیا ناوچه‌کانی ڕۆژئاوای فۆراتی که‌ کانتۆنی عفرین و به‌شێک له‌ کانتۆنی کۆبانێ بوو، له‌ دوو پرۆسه‌ی سه‌ربازیدا به‌ ناوه‌کانی قه‌ڵغانی فۆرات و چلی زه‌یتون له‌ ساڵی 2018 داگیر کرد و ئه‌و ناوچانه‌ که‌وتنه‌ ژێر داگیرکاری تورکیا و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی سه‌ر به‌م وڵاته‌. ئه‌م ناوچانه‌ 4 هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ له‌ خاکی سوریا له‌ خۆ ده‌گرێت. له‌ ڕۆژئاوای فۆرات ته‌نیا شاری گرنگی ڕۆژئاوای کوردستان که‌ هێشتا له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ داگیر نه‌کراوه‌، شاری گرنگ و ستراتیژی منبجه‌ که‌ پێشتر له‌ ڕێکه‌وتنێکی نێوان په‌یه‌ده‌ و ڕووسیا و حکومه‌تی دیمه‌شق به‌ هاوبه‌شی، ڕێگری له‌ که‌وتنی ئه‌م شاره‌ کرا.
به‌ڵام تورکیا به‌ نیگه‌رانی و هه‌ستیارییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی فۆراتیش ده‌ڕوانێت، ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و گاز و گرنگ له‌ ڕووی کشتووکاڵییه‌وه‌ له‌ کانتۆنی جزیره‌. تورکیا به‌رده‌وام چاوی هه‌ڕه‌شه‌کانی له‌ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ش بووه‌ به‌ڵام به‌ هۆی بوونی ئه‌مریکا یان نێوه‌ندگێڕی ئه‌م وڵاته‌وه، پلانی هێرشی سه‌ربازی تورکیا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ که‌ په‌یه‌ده‌ له‌ ساڵانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش زیاتر وه‌ک هاوپه‌یمانێکی ئه‌مریکا له‌ سوریا بینراوه‌.
حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان له‌ ناوخۆی تورکیا بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌م ناوچه‌یه‌ گوشارێکی زۆری له‌ سه‌ره‌. بۆ نموونه‌، ده‌وڵه‌ت باغچه‌لی سه‌رۆکی مه‌هه‌په‌ و گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ په‌رله‌مانی تورکیا به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان گرتووه‌ و داوای هێرشی سه‌ر ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی فۆراتی کردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ تورکیا ده‌بێت ناوچه‌یه‌کی ئارام به‌ قووڵایی 30 کیلۆمه‌تر له‌ سوریا بکاته‌ ئه‌مری واقیع.
تورکیا مێژووی په‌که‌که‌ی‌ له‌ باکوری سوریا له‌ بیر ماوه‌ و له‌و کاته‌دا حافیز ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری ئه‌م وڵاته‌ ئه‌و کارته‌ی له‌ په‌یوه‌ندی و ناکۆکییه‌کانی له‌ گه‌ڵ ئه‌نکه‌ره‌ به‌ کار ده‌هێنا، له‌و قۆناغه‌دا و تا ڕێکه‌وتنی ئه‌ده‌نه‌ له‌ ساڵی 1998، ده‌یان هێرشی په‌که‌که‌ له‌ باکوری سوریاوه‌ له‌ دژی تورکیا جێبه‌جێ کرا.
ئه‌ڵبه‌ت پلانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان بۆ درووستکردنی ناوچه‌یه‌کی ئارام له‌ قووڵایی خاکی سوریا پلانێکی نوێ نییه‌ و له‌ ڕاستیدا سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 1963 له‌ لایه‌ن به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری سوریا له‌ حه‌سه‌که‌ به‌ ناوی محه‌ممه‌د ته‌له‌ب هه‌لال پێشنیار کرابوو که‌ ده‌ستپێکردنی له‌ شاری سه‌ریکانی له‌ ڕۆژئاوا ده‌بوو و به‌ درێژایی 280 کیلۆمه‌تر و قووڵایی 10 تا 15 کیلۆمه‌تر له‌ نزیک سنوره‌کانی تورکیا به‌رده‌وام ده‌بوو تا به‌ سنوره‌کانی عێراق له‌ ڕۆژهه‌ڵات بگات و له‌م پلانه‌دا عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان له‌ شوێنی کوردان له‌ 332 گوندی ئه‌م ناوچانه‌ نیشته‌جێ ده‌کران به‌ڵام پلانه‌که‌ به‌ هاتنه‌سه‌رکاری حافیز ئه‌سه‌د له‌ ساڵی 1970 به‌ ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌کرا.
به‌ بۆچوونی من پلانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌مجاره‌ش ناچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و هیچ یه‌ک له‌ وڵاتانی ئێران و ڕووسیا وه‌ک دوو کاراکته‌ری گرنگی به‌شدار له‌ سوریا ڕه‌زامه‌ندییان له‌ سه‌ر نییه‌ و ئه‌مریکاش به‌ دڵی ئه‌ردۆغان پاڵپشتی له‌م پلانه‌ ناکات، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌ش له‌ بیر بکه‌ین

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP