كۆتایی شه‌راكه‌ت و سیناریۆی نوێی په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی-پارتی..!

عەدالەت عەبدوڵا - 7-10-2019 - 28719 جار خوێندراوەتەوە

شه‌راكه‌ت و تاكڕه‌وی له‌ فه‌رمانڕه‌واییدا، دووانه‌یه‌كی دژ به‌یه‌ك و پێچه‌وانه‌ن. ده‌بێ كۆمه‌كی به‌رپرسانی هه‌رێم بكه‌ین كه‌ خۆیان نه‌خه‌نه‌ داوی دووانه‌یه‌كی وه‌هاوه‌

 

شه‌راكه‌ت و تاكڕه‌وی له‌ فه‌رمانڕه‌واییدا، دووانه‌یه‌كی دژ به‌یه‌ك و پێچه‌وانه‌ن. ده‌بێ كۆمه‌كی به‌رپرسانی هه‌رێم بكه‌ین كه‌ خۆیان نه‌خه‌نه‌ داوی دووانه‌یه‌كی وه‌هاوه‌، یان به‌ سیاسه‌تی، عه‌ره‌ب وته‌نی(الكیل بالمكیالین) هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرن!. به‌ڵێ هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌، ئه‌گه‌رچی كورد، به‌ به‌راورد، به‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌ عێراق و هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌، كه‌مینه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ په‌رله‌مانیشدا به‌ رێژه بێت‌ ناگاته‌ 19%ی كورسییه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه، به‌ڵام به‌رده‌وام داوای وابووه‌ كه‌ ده‌بێ، وه‌ك دووه‌م نه‌ته‌وه، ره‌چاو بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما سیاسییه‌ش له‌ فه‌رمانڕه‌واییدا هاوبه‌ش بێت.

واته‌، خۆمان، وه‌ك كورد، ده‌زانین كه‌ ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ی له‌ به‌غدای داوای ده‌كه‌ین بنه‌مای یاسایی و دیموكراتیی نییه‌، به‌ڵكو بنه‌ماكه‌ی ته‌نها سیاسییه‌

 

واته‌، خۆمان، وه‌ك كورد، ده‌زانین كه‌ ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ی له‌ به‌غدای داوای ده‌كه‌ین بنه‌مای یاسایی و دیموكراتیی نییه‌، به‌ڵكو بنه‌ماكه‌ی ته‌نها سیاسییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێداگری ده‌كه‌ین، له‌مه‌شدا كارێكی خراپمان نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌، هیچ نه‌بێ، گره‌نتی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ناوی زۆرینه‌وه، سته‌م له‌ كورد نه‌كرێت‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ خراپه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئێمه‌ له‌ به‌غدا داوای شه‌راكه‌ت بكه‌ین له‌ كاتێكدا كه‌ كه‌مینه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌رێمدا ئه‌م پره‌نسیپه‌ به‌ ناوی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ پێشێل بكه‌ین و شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌

 

ئه‌وه‌ی كه‌ خراپه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئێمه‌ له‌ به‌غدا داوای شه‌راكه‌ت بكه‌ین له‌ كاتێكدا كه‌ كه‌مینه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌رێمدا ئه‌م پره‌نسیپه‌ به‌ ناوی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ پێشێل بكه‌ین و شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌!. لێره‌شدا مه‌به‌ستمان روون و راشكاوه‌. پارتی دیموكرات، ئیمزای رێككه‌وتنامه‌ی شه‌راكه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا كردووه‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و باڵاده‌ستیی خۆیه‌وه‌ له‌ ناو حكومه‌تدا، ئه‌م شه‌راكه‌ته‌ ره‌چاو ناكات!. هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وا ته‌قدیر بكرێ، ئه‌و زۆرینه‌یه،‌ مافی ئه‌وه‌ت پێده‌دا رێككه‌وتنامه‌كان پشتگوێ بخه‌یت و به‌ ئاره‌زوو هه‌ڵوێست وه‌ربگریت و لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ریش بێده‌نگ و ملكه‌چ!. 

له‌دواهه‌ڵبژاردنی(2018)ی هه‌رێمدا، پارتی دیموكرات ته‌نها له‌ دهۆك و هه‌ولێردا براوه‌ بوو‌، له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌دا‌ نه‌ك وه‌ك ركابه‌ره‌كانی له‌ هه‌ولێر و دهۆك نه‌بوه‌ هێزی دووه‌م و سێیه‌م‌، به‌ڵكو دوای دروستبوونی نه‌وه‌ی نوێ، هێزی چواره‌م و پێنجه‌میشی پێك نه‌هێنا!، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵده‌دات كه‌، به‌هۆی كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانه‌وه‌، هه‌م هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ركابه‌ره‌كه‌یدا بسه‌پێنێ و هێزی ركابه‌ریان تێدا بێ ده‌سه‌ڵات بكا، هه‌م به‌ ناوی زۆرینه‌شه‌‌وه، شه‌راكه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ترداو رێككه‌وتنه‌كانی‌، له‌كاری په‌رله‌مانی و ‌حكومه‌تیشدا، پشتگوێ بخات!.

ئاماژه‌كانی پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ مه‌ترسیدارانه‌، چین؟: -

یه‌كه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت له‌ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانداو بێده‌سه‌ڵاتكردنی ته‌واوه‌تی جێگره‌كه‌ی ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی كه‌ وه‌ك رابردوو له‌سنوری نفوزی حزبه‌كه‌شیدا(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌) ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت كه تیایاندا یه‌كێتی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌!. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌، دوای 27 ساڵ، شتی وا رووبدات!.

دووه‌م: دانانی كۆمه‌ڵێك یاریده‌ده‌ر بۆ سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ زۆربه‌یان به‌ ئینتیما سه‌ربه‌ پارتی دیموكراتن، ئه‌وه‌ش له‌و بوارانه‌دا كه‌ وه‌زاره‌تی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌و پێویستییان به‌وه‌ نییه‌ یاریده‌ده‌ریان بۆ دابنرێت!.

سێیه‌م: رێگری زۆرێك له‌ بریكاره‌ وه‌زیره‌كانی پارتی دیموكرات‌ له‌كاری وه‌زیره‌كانیاندا كه‌ سه‌ربه‌ یه‌كێتی و گۆڕاندا بن(له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ بریكاری وه‌زیری ئه‌وتۆ هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت بڕیاری جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشی راگرتووه‌!).

چواره‌م: هه‌ڕه‌شه‌ی ئیستفزازییانه‌ی په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكرات بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌ر بڕیارو یاسایه‌ك به‌ لۆژیكی زۆرینه به‌بێ حسابكردن بۆ تێزی هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر.‌

پێنجەم: ره‌چاونه‌كردنی سیاسه‌تی یه‌كێتی و گۆڕان و هێزه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ حكومه‌تدا سه‌باره‌ت به ئاشكراكردن و رێكخستنه‌وه‌و چاكسازی له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات و سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم. له‌مه‌دا، پارتی دیموكرات نایه‌وێت (250) هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ0-ی عێراقی بكرێت و موماته‌ڵه‌ له‌م پرسه‌دا ده‌كات، ئه‌و هێزانه‌ی تریش پییانوایه‌ ئه‌مه‌ دواجار ده‌نگی به‌رهه‌ڵستكارانی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ناوه‌نده‌ ره‌سمی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێراقدا زاڵ ده‌كات و ئاكام ده‌بێته‌ هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ موازه‌نه‌ی 2020دا و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووریی هه‌رێم.‌ 

خاڵی زۆر مه‌ترسیدار له‌ رێگه‌ی كابینه‌ی نوێدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌، رێككه‌وتنامه‌كانی شه‌راكه‌تی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان، مردار بكرێنه‌وه‌و حساب بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر نه‌كرێت

 

به‌ مانایه‌كی تر، خاڵی زۆر مه‌ترسیدار له‌ رێگه‌ی كابینه‌ی نوێدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌، رێككه‌وتنامه‌كانی شه‌راكه‌تی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان، مردار بكرێنه‌وه‌و حساب بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر نه‌كرێت و سبه‌ی رۆژیش مه‌‌زه‌نده‌ بكرێت كه‌ كابینه‌كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك روی تێ ناكات!. 

تا ئێستا روون نییه‌ ئه‌مه‌ی رووده‌دات سیاسه‌تی پارتی دیموكرات خۆیه‌تی‌، یان هی خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت!، چونكه‌ هه‌موو ئاگادارین كه‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تی پارتی نه‌بووه‌ له‌ قۆناغی نێچیرڤان بارزانیدا

 

له‌ شوێنێكی تریشدا وتومانه‌ كه‌ ‌تا ئێستا روون نییه‌ ئه‌مه‌ی رووده‌دات سیاسه‌تی پارتی دیموكرات خۆیه‌تی‌، یان هی خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت!، چونكه‌ هه‌موو ئاگادارین كه‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تی پارتی نه‌بووه‌ له‌ قۆناغی نێچیرڤان بارزانیدا. له‌ده‌ورانی ئه‌ودا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی نفوزی حزبه‌كه‌یدا هه‌بوو، بۆیه هێشتا، ئه‌م پرسه‌ روون نییه‌،‌ ئه‌وه‌ی كه زۆر‌ به‌ زه‌قی روونه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌، هی هه‌ر كێ بێت، مینێكی چێنراوه‌و دره‌نگ یان زوو به‌ پایه‌كانی كابینه‌كه‌و به‌ دیاریكراویش به‌ په‌یوه‌ندیی هه‌ردوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌دا ده‌ته‌قێته‌وه‌و ته‌نها له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كێتی وه‌ستاوه‌‌. 

ئه‌وه‌ی له‌ سنوری زانیاریی ئێمه‌دا بێت، یه‌كێتیی نیشتمانی قبوڵ ناكات كه‌ له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا كه‌ هێزی یه‌كه‌مه‌، بێ ده‌سه‌ڵات بێت

 

ئه‌وه‌ی له‌ سنوری زانیاریی ئێمه‌دا بێت، یه‌كێتیی نیشتمانی قبوڵ ناكات كه‌ له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا كه‌ هێزی یه‌كه‌مه‌، بێ ده‌سه‌ڵات بێت، رێگه‌ نادات زوو زوو وه‌زیره‌كانیشی سكاڵای بێ ده‌سه‌ڵاتیی له‌ ناو حكومه‌تدا بۆ به‌رز بكه‌نه‌وه‌و له‌ دیاریكردنی سیاسه‌تی حكومه‌تدا وه‌زیری كارتۆنی بن‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ پێشێلكردنی رێككه‌وتنامه‌كانی شه‌راكه‌تن له‌ نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه‌دا كه‌ به‌بێ ئه‌و رێككه‌وتنامانه‌ نه‌ په‌رله‌مان ده‌یتوانی له‌فۆرمێكی نیشتمانیدا كۆبێته‌وه‌، نه‌ حكومه‌تیش پێك ده‌هێنرا‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیشیان هه‌بان، ئه‌وا ته‌نها وه‌ك په‌رله‌مانی حزبێك و چه‌ند هاوپه‌یمانێكی و ئیداره‌ی زۆنێكی دیاریكراو ده‌مایه‌وه‌.

ئێستا، دیسانه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان ئاڵۆزن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ زه‌قیش گوزارشتیان لێ نه‌كرێ. یه‌كێتی داوای دانیشتنی له‌ پارتی كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌و پارتی ره‌تی كردۆته‌وه‌

 

ئێستا، دیسانه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان ئاڵۆزن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ زه‌قیش گوزارشتیان لێ نه‌كرێ. یه‌كێتی داوای دانیشتنی له‌ پارتی كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌و پارتی ره‌تی كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گومانی زۆری لای سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی دروستكردووه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا دیراسه‌ی چه‌ند سیناریۆیه‌ك ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌و پابه‌ندكردنی پارتی دیموكرات به‌ رێككه‌وتنامه‌كانی شه‌راكه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كان سه‌ربگرن ئه‌وا ره‌نگه‌ كابینه‌ی حكومه‌تیش، قۆناغ به‌ قۆناغ، كارنامه‌كه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمدا بچێت بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ریش نه‌گرن و له‌ جێی شه‌راكه‌ت هه‌وڵی تاكڕه‌وی و پشتگوێخستنی تێزی هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر بدرێت، به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی كه‌ خاوه‌نی ناوچه‌ی نفوزی خۆیه‌تی و هێزی براوه‌ی یه‌كه‌مه‌ تیایدا، ئه‌وا چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ تاوتوێكردنی پلان(B)ی یه‌كێتی، سه‌رله‌نوێ، بێته‌ ئاراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ مادده‌ی(119)ی ده‌ستوری عێراقی!، پێش ئه‌و پلانه‌ش، چڕبوونه‌وه‌ی گفتوگۆش له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP