خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و رۆڵى پارتى

دانا مەنمی - 6-10-2019 - 7530 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان شێوازێکی شارستانی سەردەمیانەیە بۆ بەدیهێنانی داواکارییە رەواکان، بەڵام هەندێکجار خۆپیشاندان بە ئاقارێکی هەڵەدا دەبرێت، ئەجێندای دەرەکی و ناوەکی تێکەڵ دەکرێت و بەلاڕێدا دەبرێت، بۆ یەکلایکردنەوەی حساباتی سیاسی نێوان نەیارە سیاسییەکان بەکاردێت، ئەمەش بە زەرەرو زیانی خه‌لك تەواودەبێت ،ئەم خاڵە وا دەکات سەرجەم خۆپیشاندەران وریابن و نەکەونە داوی ئەو هەڵانەوە کە خۆپیشاندانەکە بۆ ئامانجی لاوەکی و ناڕوون دەبات و لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆپیشاندەران نییە، خۆپیشاندانی ئاشتیانەو دوور لە کاری تێکدان و سوتان، دەسەڵات ناتوانێت سەرکوتی بکات و هێز بۆ رێگریکردنی بەکاربێنێت.
سه‌ره‌تای مانگی ته‌مموزی ساڵی ۲۰۱۸ خۆپیشاندان له‌ پارێزگای به‌سره‌ بە هۆی نەبوونی هەلی کارو نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌و كه‌می كاره‌با و خراپی ژینگه‌ و کەمی خزمەتگوزاری ده‌ستی پێكرد

 

سه‌ره‌تای مانگی ته‌مموزی ساڵی ۲۰۱۸ خۆپیشاندان له‌ پارێزگای به‌سره‌ بە هۆی نەبوونی هەلی کارو نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌و كه‌می كاره‌با و خراپی ژینگه‌ و کەمی خزمەتگوزاری ده‌ستی پێكرد، هه‌ڵبه‌ت یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی پارێزگای به‌سره‌ له‌و كاته‌دا به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ خوێ بوو له‌ئاوی‌ ناوچه‌كه‌دا، پاش ئه‌وه‌ی‌ كۆماری ئیسلامی ئێران رێڕه‌وی‌ ئاوی هه‌ردوو روباری‌ كارون‌و كه‌رخای‌ گۆڕی‌ كه‌ پێشتر ده‌هاتنه‌ ناو (شه‌ت ئه‌لعه‌ره‌ب)‌و به‌مه‌ش ئاوی‌ شه‌ت ئه‌لعه‌رب كه‌می‌ كرد‌و ئاوی‌ خوێیاوی‌ ده‌ریای‌ به‌سه‌ردا زاڵ بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ هه‌ردوو روباری‌ دجله‌‌و فورات‌و گه‌یشتنی‌ ئاوی‌ ده‌ریا تاكو ناوچه‌ی‌ تخوم ئه‌لقورنه‌ (۷۸ كم باكوری‌ ناوه‌ندی‌ به‌سره‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوری‌ ٥٥۰ كم باشوری‌ به‌غدای‌ پایته‌خت) هه‌موو ئه‌مانه‌ بونه‌ مایه‌ی‌ دروستبونی‌ كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌‌و ژینگه‌یی‌‌و كشتوكاڵیی‌‌و له‌ئه‌نجامیشدا كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ جوتیاران به‌ره‌و ناوه‌ندی‌ به‌سره‌ ده‌ستی‌ پێكرد‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاژه‌ڵ مرداربونه‌وه‌. 
جیاوازی له‌ نێوان خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ۲۰۱۸ و ئه‌مساڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆپیشاندانانەكانی پارساڵ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو ئاڕاسته‌ی ده‌كرد 

 

جیاوازی له‌ نێوان خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ۲۰۱۸ و ئه‌مساڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆپیشاندانانەكانی پارساڵ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو ئاڕاسته‌ی ده‌كرد ، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر وادەردەکەوێت کە شۆرشى برسیەکان بێت و بەشێوازێکى مه‌ده‌نیانه‌یه‌ و هێزی شه‌قام و خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ی ببە‌‌ن ، داخوازییەکانیش داخوازی چاکسازی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی داواكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ره‌ كه‌ ده‌بوایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ساڵێك له‌مه‌وبه‌ربه‌ڵێنیان دا جێبه‌جێی بكردایه‌و دڵی خه‌ڵكیان خۆش بكرادایه‌ ،به‌ڵام نه‌یانكرد ، هەربۆیە لەناو خۆپیشاندانەکانى ئەم جارە تورەیى خەڵک تا ئەو ئاستەیە کە دواى روخاندنى حکومەت بکەن، چونکە دانیشتوانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق ژیانیان بووەتە پارچەیەک لە نەهامەتی و تراژیدیا، رۆژانە به‌ ده‌ست گرتن و راوەدونان و فڕاندن و تیرۆرکردن وبرسێتی و خراپی دۆخی ئابوری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی ده‌ناڵێنن و بێزاربوون لەو هەموو ماڵوێرانییەی لەسەر دەستی فەرمانڕەواکانیان دووچاری دەبن. 
 دیوی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستێوه‌ردانی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی تێدایه‌ 

 

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ پشتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ چی ده‌گوزه‌رێت؟ بێگومان دیوی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستێوه‌ردانی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی تێدایه‌ ،خاڵی لێكچونیش له‌ نێوان داواكاری خۆپیشانده‌ران و واقیعی حاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ كه‌ دوور نییه‌ خه‌ڵكی كوردستان بۆ داواكردنی مافه‌كانیان ئیلهام وه‌ربگرن له‌و دۆخه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق خوڵقاوه‌ و شه‌قامی كوردیش بجوڵێت ، دیوی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كانی عیراق كۆبونه‌وه‌كانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیوێزی ئێران له‌ عێراق ، له‌نیوان نێچیرڤان و مه‌سرور به‌رزانیدا له‌گه‌ڵ بالیۆزی ئێران رەنگە بۆ ئەوە بێت هوشدارى بدرێتە پارتى لەسەر تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئه‌منی یه‌ له‌ عێراق دا ، لای خۆیه‌وه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی‌ به‌غدا و شاره‌كانی‌ تر، دوو ده‌روازه‌ی‌ سنووری‌ له‌گه‌ڵ‌ عیراق داخست و بەشێک لە راوێژکارە سەربازیەکانى راسپارد بۆهاوکارى حکومەتى عێراق. 
خۆپیشاندانه‌كانی عێراق بۆ پارتى زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی ڕیفراندۆمه‌ ، لەوەش زیاتر لەخۆگرتنى سوننەو ئەو کەسانەیە کە بە بەعسى بوون تێوەگلاون

 

بەڵام بەپێچەوانەوە لایه‌نێكی تری خۆپیشاندانه‌كانی عێراق بۆ پارتى زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی ڕیفراندۆمه‌ ، لەوەش زیاتر لەخۆگرتنى سوننەو ئەو کەسانەیە کە بە بەعسى بوون تێوەگلاون،  لەرابردوو ڕیفراندۆم لەدواى شەرى داعش هاتە پێشەوە کە بەداخەوە   (هێزو خاك و هاوپه‌یمانیه‌تی ) له‌ ده‌ست کورد دەرهێنا، پێدەچێت ئەم جارەش پارتى خەیاڵى ئەوەى هەبێت بەهۆى بارگرژیەکانى ئێستاى عێراقەوە بتوانێت، ڕیفراندۆمه‌کەى لە تەمومژیى ئاڵۆزیەکاندا بخاتەوە سەر مێزى گفتوگۆ. ئەمەش لەبەرامبەر ئەوەى کە لەبەرەى پشتەوە هەولێر حەوشەیەک بێت بۆ‌كۆبونه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان و سوننە نارازییەکان تا بەبەرنامەیەک یان کودەتا بکرێت بەسەر حکومەتەدا یان هەلى جیابوونەوەى بەشێک لەسوننەکان برەخسێت و بەهۆیەشەوە ئەوان پشتیوانى بەرنامەکەى پارتى بکەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌تێكچوونی دۆخی عێراق بكه‌نه‌وه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم ، واباشتره‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گفتوگۆو دیالۆگی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و دراوسێكان بڕه‌خسێنن

 

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌تێكچوونی دۆخی عێراق بكه‌نه‌وه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم ، واباشتره‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گفتوگۆو دیالۆگی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و دراوسێكان بڕه‌خسێنن كه‌ جۆرێك له‌ متمانه‌ لانیكه‌م له‌ نیوان كورد و عه‌ره‌ب بنیات بنرێت كه‌ خه‌ونی سه‌ربه‌خۆی وه‌ربگێرین بۆ واقیعی سه‌ربه‌خۆی ،نه‌ك له‌ ژێر دروشم و شیعاراتی قه‌ومیدا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دۆخێک کە ئاکامەکەى دیار نەبێت وەک ئەوەى لەدواى ریفراندۆم بەسەر کورد داهات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP