xendan ads

هەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای شەڕی موسڵ

چێنەر عەلی جۆڵا - 14-03-2017 - 2506 جار خوێندراوەتەوە


چێنەر عەلی جۆڵا

قۆناغی دوای شەڕی موسڵ و کۆتایی هێنان بەداگیرکارییەکانی گروپی تێرۆریستی داعش لە عیراق بووەتە باس و خواستی گەرمی سیاسی لەهەرێمی کوردستان بێت یان لەعیراق، لەو نێوانەشدا باس لەپرۆژەو ئەجندای جیاواز دەکرێت بۆ ئەو قۆناغەو دەستپێشخەری بۆ فۆرمێکی سیاسی نوێ لەئارادایە لەلایەک بۆ عیراق و لەلایەکی تریشەوە بۆ ئایندەی موسڵ، کەبێگوومان لەرووی ئیداری و قانونی و سەربازییەوە وەک موسڵی پێش داعش نابێت ئەمەش وا دەکات دەرگای ململانێی سیاسی نوێ بکرێتەوە، هۆکارەکەش گرنگی موسڵە لەرووی نەتەوەیی و ئابوری و پێگەی جوگرافی و ململانێی مێژوویی هەرێمایەتیی لەسەری و چەندین هۆکاری تر، بەجۆرێک کە کار گەیشتوەتە ئەو ئاستەی تورکیا هێزی سەربازی هێناوەتە سنورەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ئێرانیش ئەجندای تایبەتی خۆی هەبێت لە ناوچەکە.

لەم نێوانەشداو لەدۆخێکی سیاسی و سەربازی وا ئاڵۆزدا گرنگە بپرسین ئاخۆ هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە دەکات؟؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هەرێمی کوردستان هەم گرنگەو هەم قورسە، گرنگە چونکە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی شاری موسڵەو هاوسنورە لەگەڵ هەرێم و کێشەی خاکی هەیە لەناوچەکەو ئەمە جگە لەقوڵایی ستراتیژی بۆ پاراستنی هەرێم کە هاتنی داعش سەلماندنی لەگەڵ گرنگی ئابوری موسڵ بۆ هەرێمی کوردستان تا دەگاتە بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، نابێت ئەوەش لەیاد بچێت کە لەهەڵبژاردنە جیاوازەکانی عیراقدا بەدەستهێنانی سەنگ و پێگەی بەهێز لەعیراق بەشێکی بۆ دەنگەکانی کورد دەگەڕێتەوە لەموسڵ، کە ژمارەیەکی باش نوێنەریان دەچێتە ئەنجومەنە جیاوازەکان.

سەبارەت بە قورسی و گرانی قۆناغی ئایندەش بۆ هەرێمی کوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کەپێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتنی گشتگیری بۆ قۆناغی دوای داعش لەموسڵ ئەنجام نەدا، ئەمەش وا دەکات کە هەرێمی کوردستان دووچاری ململانێی سەخت بێتەوەو بخزێتە چوارچێوەی سیناریۆو ئەجندە جیاوازەکان کە داڕێژەران و بەڕێوەبەرانی کارتی بەهێزتریان لەدەستدایە، بۆ نموونە حکومەتی عیراق دوای رزگارکردنی موسڵ دەبێتە براوەو یاریچی یەکەم و ئەجنداکانی خۆی راستەوخۆ جێبەجێدەکات و هەر لەئێستاوە سەرەتاکانی دەرکەوتووە کاتێک ناوبەناو داوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت لەناوچەکەو بەحوکمی ئەمری واقیع بەپشتیوانی نێودەوڵەتی هێزەکانی عیراق جۆرێک باڵا دەستییان دەبێت بە حەشدی شەعبیشەوەو وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکاو روسیاو تورکیا و ئێرانیش زیاتر بەدوای لەناوبردنی داعش و خوڵقاندنی ئارامی ناوچەکە دەگەڕێن، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە حکومەتی عیراقی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەربکات.

''ئەجندای حکومەتی عیراق لەموسڵی دوای داعش''

هەرچەندە حکومەتی عیراق ئەجنداو بەرنامەی خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش رانەگەیاندووە بەڵام بێگوومان بەرنامەی خۆی داناوە کەخۆی دەبینێتەوە لەبەرجەستەکردنی وێناکردنی خۆی وەک براوەی یەکەم و پراکتیزەکردنی، واتە خۆی دەکاتە خاوەن بڕیاری سەرەکی لەناوچەکە، هەر لەبەر ئەوەشبوو پێش دەستپێکردنی پرۆسەی (وا هاتین نەینەوا) هیچ رێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ هەرێم ئەنجام نەدا، چونکە پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە ناچار ئەبوو واز لەهەندێک داواکاری و بەرژەوەندییەکانی بهێنێت، واتە بڕیار لەسەر ئایندەی موسڵ دەکەوتە دەستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی، بەڵام لەئێستادا حکومەتی عیراقی وا مامەڵە دەکات کەخۆی بڕیاردەری سەرەکییە ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە حکومەتی عیراقی کار بۆ ئەوە دەکات موسڵ لەرووی ئیدارییەوە بەم شێوەو پێکهاتەیەی ئێستاوە بهێڵێتەوە، چونکە لەتبوونی موسڵ بۆ چەند پارێزگایەک یان بوونی بەهەرێمێکی فیدراڵ مانای لاوازبوونی پێگەی حکومەتی ئیتیحادییە لەناوچەکەو ئەمە جگە لەوەی کە دەرگای گۆڕانکاری بەرووی پارێزگاکانی تری عیراقیشدا دەکاتەوە. بۆیە پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان ئامادەبێت بۆ ئەم قۆناغە سەختەی ململانێی سیاسی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی کە کاریگەری و ئاسەوارەکانی بۆ سەر هەردوو لایەن دەبێت و لەدەستدانی هەر ناوچەیەکی کوردستانی لەسنوری موسڵ کاردەکاتە سەر ناوچەکانی تری کوردستانیش کەچارەنووسیان یەکلایی نەکراوەتەوە.

لێرەشدا ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجە ئەوەیە کە لەم پرۆسە ئاڵۆزەدا هەرێمی کوردستان بەرنامەو ئەجندای روون و یەکگرتووی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قۆناغەداو تەنانەت نەبووەتە ئەولەویەتی کاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بەهۆی دۆخی چەق بەستووی هەرێم و کێشە ناوخۆییەکانەوە، کە ئەمەش بەزیان و زەرەری هەرێم دەشکێتەوەو نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردستان سودی لێدەبینن، بۆیە جێگەی خۆیەتی کەوا بەپەلە کاربکرێت بۆ دانانی بەرنامەو ئەجندایەکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی موسڵی دوای داعش، کەهێزو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەشداربن لەدارشتنی لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکانی تری موسڵ، چونکە ئەوانیش رۆڵیان دەبێت لەدیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکەو پەراوێزناخرێن و تا چەند هەرێم پەیوەندی بەهێزی لەگەڵیان هەبێت ئەوەندەی تر دەتوانێت سودمەندبێت لەداهاتووی موسڵ، هەر لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری جوڵەو بەرنامە ئیقلیمییەکان بێت کە پێکهاتەی سوننەو رازیکردنیان پانتایی فراوانی لەئەجنداکانیان هەیە، بۆیە قۆناغی دوای شەڕی موسڵ و لەناوبردنی داعش گرنگ و چارەنوسسازە بۆ ئێستاو ئایندەی هەرێم، کە پێویستی بە بەرنامەو یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان هەیە ئەگەرنا پەراوێز خستن و ململانێی سەخت و پاشاگەردانی چاوەڕوانمان دەکات، هەر پارێزراوبێت خاک و گەلی کوردستان.

*جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP