بۆ دكتۆره‌ ئارشیفیه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 5-10-2019 - 2263 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵیش گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ردلۆڤانى خودا، شانسى ئه‌وه‌م هه‌بووه‌ كه‌ زۆر جار له‌ خزمه‌تى ئه‌و پیاوه‌دا بوومه‌ بۆ به‌غداو كه‌ركوك، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند دۆستێكى گه‌نج سه‌ریان لێدا بووك ووتبووى ئه‌رێ له‌تیفه‌كه‌ وه‌زعى چۆنه‌، زۆر جار ته‌له‌فونم بۆ ده‌كردو هه‌واڵیم ده‌پرسى، جارێكیان وتم دكتۆر ته‌ندروستیت چۆنه‌، له‌و وشه‌ى ته‌ندروستیه‌ زۆر نیگه‌ران بوو، وتى تۆش لێم مه‌به‌ به‌ ئێرانى ته‌ڵه‌به‌كان، قسه‌ زۆر كراو هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى له‌ كاك نه‌وشیروان گرت و وتى ئه‌مه‌ چیه‌ دروستى كردووه‌ و ده‌یه‌وێت چى بگۆڕێ، منیش زۆر به‌ نه‌رمى هه‌وڵم ده‌دا قسه‌ى بۆبكه‌م، خۆش ئه‌وه‌بوو چه‌ند رۆژ دواتر كاك نه‌وشیروان چووبووه‌ سه‌ردانى ئیتر نازانم له‌وێ ره‌خنه‌كانى گرتبوون یان نا، ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وابزانم بۆ گه‌شت  چووبووه‌ قه‌ره‌داخ، ته‌له‌فونى بۆ كردم زۆرمان قسه‌ كرد ، دیسان به‌زم و ره‌زمى سیاسى تیا بوو، باسى كزى چاوه‌كانى كردوو وتى خه‌ریكه‌ له‌ ده‌ستیان ده‌ده‌م، لام وایه‌ وتارێكى كورتم له‌ سه‌ر چاوه‌كانى نووسى، 30 ساڵ پتره‌ من ئه‌و پیاوه‌ ده‌ناسم و هه‌میشه‌ شتى لێوه‌ فێر ده‌بم، ده‌ى قسه‌و نوكته‌ى خۆشیشمان هه‌بوو، یه‌ك دوو جار به‌ فڕۆكه‌ نا به‌ ئۆتۆمبیل چووینه‌ته‌ به‌غدا، جارێكیان یادى شاعیرى ناسراو محه‌مه‌د مه‌هدى جه‌واهیرى بوو، عه‌ره‌به‌كان به‌گشتى رێزى زۆریان لێده‌گرت و له‌ ئوستادو دكتۆر به‌و لاوه‌یان پێناگووت، هه‌موو ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ له‌ به‌رى ده‌وه‌ستان، ئه‌ویش هێور هێور باسى جه‌واهیرى و به‌غداو ئه‌ده‌بى عه‌ره‌بى و گۆرانى شاعیرى بۆ ده‌كردن، جارێكیش بۆ یادى گۆران پێكه‌وه‌ بووین خاتونێكى گۆشتنى تێكسمڕاوى خڕو خه‌پانى ته‌مه‌ن سه‌رو په‌نجا ساڵێكى ئاشورى كار گوزارى هۆتێله‌كه‌ بوو،سپى و جوانیش بوو  زۆر سه‌یرى دكتۆرى ده‌كرد ، وتم دكتۆر ئه‌و خاتونه‌  له‌وه‌ ده‌چێت حه‌زى لێكردبیت  ووتى به‌خوا ره‌نگه‌ حه‌زى له‌ گیرفانم كردبێت ، وتم ده‌ى ئه‌وه‌ش حه‌زه‌ ، پێكه‌نى و هیچى نه‌گوت.

بۆ پرسى نوسه‌ران هاته‌ كه‌ركوك و پێكه‌وه‌ زۆرمان قسه‌ كرد، ئه‌و ده‌یووت هه‌رچۆنێكه‌ ناكرێت نوسه‌ران  به‌و تۆخیه‌ زه‌ردو سه‌وز بكرێن و بوارى هه‌ناسه‌ى ئازادانه‌یان بۆ نه‌مێنێته‌وه‌  باسى ئه‌وه‌شى كرد كه‌ مام جه‌لال نایه‌وێت نوسه‌ران بحزبێنرێن، داواى لێكردم له‌ یه‌كێتى نوسه‌ران به‌شدار بم، من به‌ بڕووبیانوى جیا جیا خۆم له‌ كاره‌كه‌ دزیه‌وه‌، به‌ڵام زۆرى لێنه‌كردم، دڵنیابوو له‌وه‌ى زۆرم لێبكات ناچارم قسه‌ى نه‌شكێنم ، به‌ دڵیش حه‌زم به‌ كاره‌كه‌ نه‌بوو، دكتۆر پیاوێكى ئارشیفى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، خۆى له‌ فه‌رهه‌نگێكى گه‌وره‌ ده‌چوو له‌ سه‌ر هارو مار زانیارى هه‌بوو، له‌ رۆژو سه‌عات و ساڵ و لاپه‌ڕه‌ى كتێب و ته‌نانه‌ت  ورده‌كارى زۆر وردا  ده‌تووت  كۆمبیوته‌ره‌، زۆریشى ده‌خوێنده‌وه‌و ده‌بینى و داخى له‌ ناجۆرى و خراپى ده‌خوارد.

له‌ ساڵى 1994 ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌ په‌یمانگاى پێگه‌یاندنى كادیران له‌ هه‌ولێر مامۆستام بوو، بیرم نایه‌ت بۆ هیچ پرسیارێك ده‌سته‌ وه‌ستان بووبێت ، ئیتر له‌ دیرۆك و ئه‌ده‌به‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ناساو ته‌ى كردنى بۆشاییه‌كان، له‌ ته‌ك دكتۆرا یاده‌وه‌رى و قسه‌ى خۆش و گفت و گۆى زۆرمان هه‌بووه‌، به‌ داخم كه‌ نه‌متوانى له‌م دوا دواى ته‌مه‌نه‌یدا  سه‌رى لێبده‌م، كێشه‌كه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ كاته‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌و پاش نیوه‌ڕوان له‌ سه‌عات 5 به‌ دواوه‌ ده‌یتوانى خه‌ڵك ببینێت منیش هه‌ر جاره‌و به‌ هۆیه‌ك بۆم رێكناكه‌وت، ئاسوده‌ بنوو ئوستاد ته‌مه‌نێكى پڕ به‌خشش و دانسقه‌ت هه‌بوو، ده‌زانم له‌وێنده‌ر له‌ته‌ك دكتۆر كه‌مالدا له‌ كونجێكى به‌ هه‌شتا به‌شیر موشیر ده‌دۆزنه‌وه‌و كۆڕى كوردانه‌ گه‌رم ده‌كه‌ن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP