بەپەلە

مام ڕێبەرێک گەورەتر لەمردن

به‌رهه‌م ساڵح - 3-10-2019 - 3814 جار خوێندراوەتەوە


دوو ساڵ لەمەوبەر، مام و مامۆستا و ڕابەرمان، مامجەلال ماڵئاوایی لێکردین. ماڵئاوایی مامجەلال، بەتەنھا بۆ ئێمەمانان کۆستێکی گەورە نەبوو، بەڵکو کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە، بۆ کوردایەتی و عێراق و ناوچەکە مایەی پەژارەیەکی سەرتاسەری بوو.

مامجەلال، وێڕای ئەوەی ڕێبەرێکی پشودرێژی کوردایەتی نوێخوازبو، لەھەمان کاتدا، لە سەر ئاستی عێراق سەرکردەیەکی ئازا و دیموکراتخواز بو، سەرکردەیەک لە مێژویی زێڕینی خۆیدا، وێڕای ئەوەی بەڕەوایەتی زۆرەوە سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئازدیخوازی کوردستانی دەکرد، لەھەمانکاتدا، لەناو شۆڕشی نوێی چیاکانی کوردستاندا، توانی بناغەی ھاوپەیمانی و ھاوخەباتیەکی مێژوویی پتەو لەگەڵ ئازادیخوازانی عێراق و سەرکردە و ھێزە ڕەسەکانی لەدژی زوڵم و دکتاتۆریەت بەرپابکات. کەسەرئەنجام ئەم ڕۆژ و ڕۆژگارانە جیاوازانەی کوردستان و عێراقی ئازادی دوای تاکڕەوی لێکەوتەوە.

 ژیانی مامجەلال، ژیانی ڕێبەرێکی ناوازەی زیاتر لە نیو سەدەی پڕ لەسەروەری و دەسکەوت شانازییە، بۆ کوردستان ئەو ھەر سەرکردە دیارەکەی ئەوسای پارتی و ھەر ڕێبەرە بوێرەکەی شۆڕشی ئەیلول و ھەر دامەزرێنەری یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردستان نیە، بەڵکو ئەندازیاری و گۆڕانکاریە گەورە و ڕیشەییەکان بوو، ئەو گۆڕانکاریانەی ئەو بەدوربینیەکی زۆرەوە پێشبینی پێشھاتەکانی تیاکرد و  لەسایەیدا دەرفەتە گەورەکان بۆ کوردستان ڕەخسان و ئەزمونی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ھەروەک چۆن بۆ یەکەمجار لە مێژوویی خوێناویی و پڕ جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی عیراقدا، دەرفەتی ئەوە بۆ کورد ڕەخسا دوای ئەنفال و جینۆساید و ھەڵەبجە بە ھەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتیک کوردێک، شۆڕشگێڕێک، پێشمەرگەیەک، سیاسیەکی خاکی و خاوێن بکات بەسەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی خۆی.

یادەوەری و ناوی مامجەلال، ناوێکە بۆ ھەردەم تێکەڵە بە زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی بێوچان، تێکەڵە بە خەباتی شێلگیرانەی سەردەمە ھەر سەختەکان، تێکەڵە بە مێژوویی زێڕینی قوربانیدان و بەدیھاتنی دەسکەوتە مەزنەکان. ناوی مامجەلال ناوێکە تێکەڵە بە بوێری، تێکەڵە بە پێداگری و پشودرێژی، تێکەڵە بە حیکمەت و ڕێگەچارە جوان و نایابەکان. ناوێکە مێژوو وەک سیمبوڵێک لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلاندا، بۆ ھەمیشە لەلاپەڕە پڕشنگدارەکانی خۆیدا بەشانازی وەک تۆرمارێکی زێڕینی نەمر دەیھڵێتەوە.

ئێستاش دوای دوو ساڵ بۆمن كە سەرنج لەکۆچی دوایی مام و مامۆستا و ڕابەرم دەدەمەوە، لەھەرکات زیاتر دەزانم من چ فێرکارێکی گەورەم لەدەسچو، دەزانم چ پاڵپشت و پشتیوانێکی کەم وێنەم لە پەرۆشی و دەسگرۆیی و دڵسۆزی لەدەستداوە ، فیرکارێک، کە ھەموو خەسڵەتە جوانەکانی مامۆستایەتی و پەرۆشیەک کەھەموو نۆرمە جوانەکانی دڵسۆزی باوکانەی بەدەر لە دڵڕەقیەکانی ناو سیاسەت تیادا کۆببۆوە. بۆیە پڕ بەدڵ دەڵێم بیرت دەکەم مامە گیان، دڵنیابە درێژە بەڕێگا و ڕێبازەکەت دەدەین، خواستە گەورە بەدینەھاتوەکانت، لەناو یەکێتی و کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بەدیدەھێنین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP