هەواڵی ئەمڕۆ

دکتۆر مستەفا زەڵمی و سەدام حسێن

دانا هەڵەبجەیی - 26-09-2019 - 14692 جار خوێندراوەتەوە


ساڵی 1985، ئاسودەڕەوانی برام ( کەریمی ڕەسام،  شۆڕش جاف) لەلایەن ئەمنی عامی ڕژێمی سەدامەوە گیرا، ئەوەش پاش ئەوە بوو کە گوایە لێبوردنی گشتتیە، خۆی وەک پێشمەرگەیەک ڕادەستی ڕژێم کرد، بەڵام بێ چەک. پاشان بردیان بۆ سەربازگەی ئەبوغرێب لە بەغدا.

بەڵام ئەو چوونەی کە بردیان بۆ بەغدا، ئیتر دەنگی نەما و  نە رەنگی. ئێمە عەوداڵی ڕێوشوێنی بووین، بەڵام بێ سوود بوو و نەماندۆزییەوە.

دوای سێ مانگ من و دایکم کەوتینە ڕێ بۆ بەغدا، چووین بۆ ماڵی مەلا مستەفا، مەبەستم دکتۆر مستەفا زەڵمی بوو  ( خزمان وامان پێ ئەووت). لە گەڕەکێکی لۆکسی بەغدا بوو، کە تەها موحدین مەعروف و بابەبکر ئاغای پشدەریش هەر لەو گەڕەکە بوون.

بە حوکمی ئەوەی هەم خودی دکتۆر هەم خێزانەکەیشی لەگەڵ دایکم خاڵۆزا و پورزا بوون، دایکمیان بە پلەیەکی زۆر خۆش ئەویست، ئەوە بوو کە هەفتەیەک میواندارییەکی گەرم وگوڕییان لێکردین.

لە مالەکەیدا هۆڵێکی گەورەی هەبوو کە هەزاران کتێبی تێدا بوو، ژووری نانخواردنی میوانای تایبەت و خۆماڵی جودا بوو، مامۆستا و من زۆربەی ئەوکاتانەی لە کار ئەگەڕایەوە لەو هۆڵە دائەنیشتین کە کتێبخانەکەی تێدا بوو، زۆر باس و خواستی بۆ ئەکردم،  زۆر کاریگەری لە سەر من دانا، لە ژیانی مەعریفی و تایبەتیمدا.

لە دوا ڕۆژی گەڕانەوەمدا فەرمووی ئەو کارتۆنە کتێبەم بۆ بەرەوە بۆ کتێبخانەی گۆران لە سلێمانی کە خاوەنەکەی مامۆستا ئەمین سەپان بوو، کتێبەکەی بە ناوی تەڵاق بوو، نزیکەی 600 لاپەڕە ئەبوو. پرسیم مامۆستا ئەو تەڵاقە ئەوەندە گرنگە کە ئەوەندە لاپەڕەت لەسەر نووسیوە؟، فەرمووی: هەرچەند طلاق خۆی 4 پیتە، بەڵام چوارسەد کێشەی زیاتری لە ناو کۆمەڵگە دروست کردووە، هیشتا کەمم ووتووە و زۆری ماوە. ئەوسا منیش لەو کاتەوە زانیم کە نازانم.

دایکم بۆ ئەوە هاتبوو کە واسیتەیەک بکەین و شوێنی کاک کەریمی برام بزانین، هیچ نەبێت دڵنیا بین لە وەی کە لە ژیاندا ماوە.

لەگەڵ کاک حاجی موحەمەدی کوڕی چووین بۆ سەربازگەی ئەبوغرێب، دڵنییایان کردین کە هەواڵگریی سەربازی براکەمیان ڕادەستی ئاسایشی گشتییان کردووە، ئیتر لەوە زیاتر هیچمان بۆ نەزانرا و نەکرا.

شەوێکیان پێکەوە هەموومان تەماشای تەلەفزێۆنمان ئەکرد کە سەدام حسێن مەدالیای ئازایەتی ئەبەخشی بە سەر ئەفسرە  پلەدارەکانی سوپاسی عێراقدا. سەدام مەدالیای بەدەرزییەوە ئەلکان بە سنگی ئەفسەرەکان و پاشان بە مەچەکێکی کراوە دەستی ئەکێشا بە شانی ئەفسەرکاندا،،. لەم کاتەدا جەنابی دکتۆر مستەفا زەڵمی ڕووی کردە من و دایکم، وە بە هێمنی و لەسەر خۆ پێی ووتین: کەریم تازە گیراوە و هەرچی بۆ بکەین سوودی نییە، ئەم گیرانەی ئەو وەکوو ئەوە وایە هەڵامەتت بێت، بەڵام هەرچەند حەبی پاراسیتۆڵیش بخۆیت، هەتا کاتەکەی خۆی تەواو نەکات هەڵامەتەکەت لە کۆڵ نابێتەوە، کەواتە با خۆمان هیلاک نەکەین ، ئەو هەر ئازاد ئەبێت.

پاشان ووتی تەماشاکەن ئەها سەدام چۆن ئەکێشیت بە شان و باڵی ئەفسەرەکاندا، تۆ گوێت لەوەیە کە چۆن ئەڵێت ئافەرم و بارەکەڵلا، بەڵام لە دڵی خۆیدا ئەڵێت؛ بە خوا کەری باشن.

پاشان تێگەیشتم کە چەند پێشبینییەکانی ڕاستن و چەند ڕوانگەی دیدی جیاوازە. ڕاستی کرد چونکە دوای سێ مانگ کەریمی برام هەرچەندە حکومی لە سیدارەدانی بۆ دەرچوو بوو و هەرچەند لە ژووری ئیعدامیشدا بوو، کەچی  لێبوردنی گشتیی ئازادی کرد و ئەو ئەفسەرانەشی کە سەدام حسێن مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشیبوون، لە بەرەکانی شەڕدا نەگەڕانەوە و هەر وەسفە بوو کە سەدام لە دڵی خۆیدا پێی ئەوتن و دکتۆر مستەفا بۆ ئێمەی ئاشکرا کرد.

تاکە مرۆڤی زانا لە ناو کوردا، ئەم مامۆستا زەڵمییە بوو، بەڵام مەلا و بانگخوازە و کوێرهزرەکان، ئەمیشیان وەک زەندیق و شیوعی لە قەلەم ئەدا، هەر وەک  چۆن زۆربەی زانا و داناکانی سەردەمی حوکمڕانی ئیسلام، یان کوژران یا بە زەندیقیان کردن.

بۆ من زۆر مایەی تێڕمان بوو، کە چۆن لە ناو جەرگەی بەغدا و لەو پلە و پایەدا، دکتۆر هیچ ترسێکی نەبوو لە سەدام، وە چەند غەمخۆری پێشمەرگەیەکی بی سەروشوێنی زیندانی بوو.

بە ڕاستی جەنابی دکتۆر و  سەدام حسین، دوو کاراکتەری سەمەرە بوون بۆ منێکی گەنجی ئەو سەردەمە. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP