بەپەلە

ئەردوغان لەبەردەم پایزێکی سەختدا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 24-09-2019 - 929 جار خوێندراوەتەوە

لە هەفتەی ڕابردوودا داود ئۆغلۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا جیابونەوەی خۆی لە پارتی داد و گەشەپێدان ڕاگەیاند ئەمەش پێش ئەوەبوو کە ئاکەپە بەفەرمی لە پارتەکەی دەری بکات .     
                       
داود ئۆغلۆ لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەنوسیەکەیدا ووتی ئاکەپە وازی لە ئەو بنەمایانە هێناوە کە لەسەری دامەزرابوو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردودا حیزب بەها و بنەما ڕەسەنەکانی لەدەست داوە ، لە لایەکی ترەوە ئەو پێکهاتەیەی کە ئێستا پارتەکە هەیەتی بە کەڵکی بەخۆداچونەوەو لێپێچینەوە نایەت چونکە لەئێستادا کەمینەیەکی کورتبین دەستیان بەسەر حیزبدا گرتوە ، لەلایەکی تریشەوە ووتی لە ئێستادا ئەم پارتە ناتوانێت وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت و ئەو گرفتانە چارەسەر بکات کە دەوڵەت بە دەستیەوە دەناڵێنێت پاشان ووتی پۆست و کورسی لەناو دەچن بەڵام بەها باڵاکان بۆ ئێستاو ئایندە دەمێننەوە ، لەبەر ئەوە بنیادنانی بزوتنەوەیەکی سیاسی لەژێر ئەو بنەمایانەدا کە بڕوام پێیەتی بەرپرسیارێتیەکە کە دەبێت بەرامبەر بە گەلانی تورکیا جێبەجێی بکەم.    
                                                 
دەست لەکار کێشانەوەی داود ئۆغلۆ لە پارتی داد و گەشەپێدان بە زەنگێکی مەترسیدار هەژمار داکرێت چونکە سەرکردەیەکی باڵای پارتەکە بووەو لە ڕابردودا پۆستی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پارتەکەشی لەدەستدابووە ، لەهەمان کاتدا لە سەردەمی ئەودا وڵات لە ئاستێکی باشی گەشەپێداندا بووە و تورکیا وەک ئێستا ڕوبەڕوی قەیرانی ئابووری وسیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەدا نەبوەتەوە.          
                      
هەر لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە کەپاشەکشەی پێکراوە پۆستی سەرۆکوەزیری و سەرۆکی پارتەکەیان لێسەندۆتەوە ، لەسەر هیچ کێشەیەکی گەندەڵی و نایاسایی و تاوانکاری نەبوە ، بەڵکو بەهۆی جیاوازی بیروڕاو ڕەخنەکانی بووە لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان لەڕوی بەڕێوبردنی پارتەکەو سیاسەتە ئابوریاکانی و دانانی کەسە نزیکەکانی لە پۆستە باڵاکان و گۆڕینی سیستمی دەسەڵات بۆ سەرۆکایەتی و لادانی سەرۆک شارەوانیەکان کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون کە دوایەمینیان لادانی سەرۆک شارەوانیەکانی ماردین و وان ودیاربەکر بوو .                 داود ئۆغلۆ لەناو پارتی داد و گەشەپێدان و لەناوخۆی تورکیاو لە ئاستی یەکێتی ئەوروپاو ئۆپۆزسیۆنیش  بە کەسێکی هاوسەنگ و میانڕەو سەیر دەکرێت لەناو پەرلەمانی تورکیاشدا سەنگی خۆی هەیە وهەر ئەو ڕۆژەش کە دەستی لەکار کێشایەوە پێنج ئەندام پەڕلەمانی ئاکەپەی لەگەڵدا بون. 
                                    
هەرچەند بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی ئێستای ئاکەپە بایەخێکی ئەوتۆ بەم ڕوداوە نادەن ودەڵێن کاریزمایی ئەردوغان زۆر لەوە گەورەترە کە بە داود ئۆگلۆو هاوشێوەکانی زیانی پێ بگات. بەڵام  بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لە ڕۆژنامە گەورەکانی تورکیاو دەرەوەش لەوبڕوایەدان کە دەستلەکارکێشانەوەی دامەزرێنەران و بەرپرسە باڵاکانی ئاکەپە شتێکی ئاسایی نیە چونکە بێجگە لە داود ئۆغلۆ چەندان کەسایەتی تری وەک عەلی باباجان و عەبدوڵا گوڵ و بەشیر ئەتەلای و چەندان کەسایەتی تری لەگەڵدایە کە هەمویان خاوەن کەسایەتی گەورەن لەناوخۆی تورکیادا.
                                     
پێش داود ئۆغلۆش عەلی باباجان دەستلەکار کێشانەوەی خۆی لە ئاکەپە ڕاگەیاند و بەڵێنی دروستکردنی پارتێکی سیاسی نوێی دا . بەپێی داتاو ڕاپرسییەکان پارتەکەی باباجان دەتوانێت زۆر کاریگەرتر بێت لە پارتەکەی داود ئۆغلۆ چونکە بەپێی نوێترین ڕاپرسی لە هەڵبژاردنی داهاتودا پارتەکەی داود ئۆغلۆ دەتوانێت ٪ ١-٤ بەدەست بهێنێت ، بەڵام پارتەکەی عەلی باباجان دەتوانێت لە ٪ ٣- ٦ دەنگەکان بەدەست بهێنێت بەڵام بەپێی ڕاپرسیەکی تر لە ئێستادا لە ٪ ٣٠ دەنگ نادەنەوە بە ئاکەپە و پارتەکەی عەلی بباجانیش لە ٪ ١٨ دەهێنێت  ، کە ئەمەش بەمەترسی گەورە هەژمار دەکرێت بۆ ئایندەی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیادا چونکە لە هەلبژاردنەکانی پێشودا ئەردوغان و پارتەکەی لە هیچ هەڵبژاردنێکدا دەنگی زۆرینەی هاوڵاتیانیان بەدەست نەهێناوەو لە دوبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵدا ئەو ڕاستیا بە ڕونی دەرکەوت.  لە ئێستادا پارتی داد و گەشەپێدان ڕوبەڕوی کۆمەڵێک قەیران بووەتەوە لە ناوخۆو دەرەوەدا لە ناوخۆدا ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتۆتە ٪ ١٥ ، ڕێژەی بێکاریش ٪ ١٣ هەتا ئێستاش بەدەست ئەم قەیرانە ئابوریانەوە دەناڵێنێت و نەیتوانیوە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزیتەوە لەبەر ئەوە هەمو گەلانی تورکیاو لایەنگرانی ئاکەپەش بەشوێن  کاریزمایەکدا دەگەڕێن بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بە سەرنجدان لە ١٨ ساڵی ڕابردوی دەسەڵات لە تورکیادا ئاکەپە و هەمو گەلانی تورکیا ئەو ڕاستیە دەانن کە گەشەکردنی ئابوری و بەرزبونەوەی ئاستی بژێوی وبوجەی تاک دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابورییەکانی عەلی باباجان و ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەش دەگەڕایاوە بۆ سیاساتەکانی داود ئۆغلۆو عبدوڵا گوڵ.  
                                  
بەپێی ئەم زانیاری و گۆڕانکاریانە پایزی ئەمساڵ بۆ ئەردۆغان وپارتی داد و گەشەپێدان وەرزێکی سەخت دەبێت چونکە بەرەوڕوی ڕاگەیاندنی دوو پارتی نوێ دەبن لەلایەن دوو کەسایەتی بەهێز کە لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە بون و خاوەن کەسایەتیەکی بەهێزن لە سەرتاسەری تورکیادا، ئەمەش ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە ڕێ خۆشبکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لەم هەڵبژاردنەش دا ئاکەپە توشی شکستی چاوەڕوانکراو دەکاتەوەو ئەو کاتەش موشەکەکانی ئێس – ٤٠٠ بەفریای ناکەون.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP