هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

بازگەی سماقوڵی

ئەرسەلان بایز - 22-09-2019 - 30981 جار خوێندراوەتەوە

*دوای سەردانە فەرمیەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ هەولێرو دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی پارتی و لێپرسراوە حكومیەكانی هەرێم. خەریك بوو ئاسودەییەك لە دەروونی كۆمەڵانی خەڵك چەكەرە بكات. بەڵام بەداخەوە رووداوەكەی بازگەی سماقووڵی سەر لەنوێ بارودۆخەكەی گەڕاندەوە چوار گۆشەی یەكەم. (تۆ بڵێی ئەو رووداوە بۆ لەباربردنی ئەو سەردانە نەبێت..؟).

*سەرلەبەیانی رۆژی (19/9/2019) بازگەی سماقووڵی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە تەنیا سێ كیلۆ مەتر لە بازگەی (ی.ن.ك) دوورە، رێگایان بە (كاك مەحمود سەنگاوی) نەدا بێتە هەولێرو بەشداری كۆبوونەوەی (مەكتەبی سیاسی) (ی.ن.ك) بكات. بازگەكە بەڕێزەوە پێیان وتبوو بە پێی فەرمانی سەرەوەی خۆمان نابێ رێگای چوونە شاری هەولێر بە بەڕێزیان بدەین. دوای چەندین پێوەندی تەلەفۆنی و نەبوونی وەڵام بۆ هۆكاری ئەو رێگا گرتنە، (كاك مەحمود) بەخۆی و هەردوو ئۆتۆمبێلەكەیەوە گەڕایەوە سلێمانی.
ئەگەر بازگەكە هەر وەكو بە (كاك مەحمود)یان وتبوو بە پێی بڕیاری سەرەوەی خۆیان یان بە خوایشتی خۆیان ئەو كارەیان كردبێ. ئەو كارە دەچێتە باری پێشێل كردنی یاسا (هەمووشمان هەر دەڵێین یاسا سەروەر بێت). چونكە بازگەكە بڕیاری هیچ دادگایەكیان پێ نەبووە بۆ ئەو رێگرییە. كەواتە ئەو كارە شكاندنی سەروەری یاساو شكاندنی شكۆو لەكەداركردنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانە. چۆن دەبێ بازگەیەك هەروا لە خۆڕا رێگای هاتوچۆی نێوان شارەكان لە هاوڵاتیان قەدەغە بكات. ئەگەر لەخۆڕاش بووە چ ئیجرائاتێكی یاسایی لەبەرامبەریان كراوە..؟ هەر وەكو چۆن ئاسایشی سلێمانی تەقەكەرەكەی سەر بارەگای پارتی لە سلێمانی گرتووە.

*ئەگەر ئەو رێگرییەش لەپەرچەكرداری ئەو قسانە بێت كە چەندین مانگ پێش ئەمڕۆ (كاك مەحمود) دەرهەق بە برایانی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتبوو، (جیا لەوەی ئێمە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی گلەییمان لە كاك مەحمود كرد) كە هەرگیز نەدەبوو ئەو قسانە بكات، نامەیەكی دڵنەوایی فەرمیشمان بۆ برایانی (مەكتەبی سیاسی) پارتی نووسی.

دیارە لە وەڵامی قسەكانی (كاك مەحمود)یش برایانی پارتی درێغیان نەكردو هەتا توانیان لە چەندین رێگەوە وەڵامی توندی (كاك مەحمود)یان دایەوە، بگرە ئەوانیش قسەی زۆر ناشیرینیان پێ وت. دوای ئەو شەڕە قسانەش (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین كۆبوونەوەیان بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە كرد، تەنانەت رێكەوتنێكی سیاسی گرنگیان لەنێوان خۆیان مۆركرد. هەر بەپێی ئەو رێكەوتنەش پەرلەمانتارەكانی (ی.ن.ك) چوونەوە پەرلەمان و كابینەی نوێش پێكهات.

*لە وەڵامی رێگرییەكەی (كاك مەحمود) (مەكتەبی سیاسی) (ی.ن.ك) نامەیەكی گلەیی ئامێزو رەخنەی ئاڕاستەی (مەكتەبی سیاسی) برایانی پارتی كرد. وتەبێژی فەرمی یەكێتیش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان ناڕەزایی (ی.ن.ك)ی راگەیاند. جیا لەمانەش وەكو پەرچەكردار. بازگەكانی (ی.ن.ك) رێگایان بە چەند لێپرسراوێكی پارتی نەدا بچنە شاری سلێمانی. ئینجا گەنجێكی سەرەڕۆ تەقەی لە بارەگای لقی چواری پارتی كرد لە سلێمانی. هەر وەكو چۆن دواتریش چەند گەنجێك تەقەیان لە چەند كۆمیتەیەكی (ی.ن.ك) لە هەولێر كرد.
*ئایا قسەو كردارو ئەو پەرچە قسەو كردارانە دەمان گەیەنێتە كوێ..؟ بە راگرتنی (كاك مەحمود) یان دوو لێپرسراوی پارتی، كوردستان دەبێتە دەوڵەت…؟ باشە ئەگەر لە بازگەی سماقووڵی و لە كاتی راگرتنی (كاك مەحمود) گرژییەك دروست بوو باو یەكێك بكوژرایە. یان لەتەقەكردن لە بارەگای پارتی لە سلێمانی و كۆمیتەكانی (ی.ن.ك) لە هەولێر یەكێك بكوژرایە چیمان دەكرد..؟ ئەی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە ئەنجامی كێشەی موڵك و چەندین دوكانی قەڵادزێ، شەڕێكی كورد كوژی ماڵوێران بەرپا نەبوو…؟ سەدان كادیری هەردوولا كوژران (شەهید) بوون. دواتر سەركردەكان وتیان ببورن. هەڵەمان كرد.. بەڵێن بێ جارێكی تر هەڵەی وا ناكەینەوە.(وا خەریكە دووبارە دەبێتەوە) ئاخر مناڵێكی باوك شەهید. ژنێكی پیاو شەهید. دایك و باوكێكی دڵ سوتاو، چی لەو لێبوردنەی سەركردەكانی كورد بكات. ئەو لێبوردنە شەهیدەكانیان بۆ زیندوو دەكاتەوە..؟ ئەوان باوك و مێردو كوڕیان لە ئەنجامی هەڵەی ئێوە رۆیشتووە..

*ئایا بەو كردارو پەرچە كردارانە حوكمڕانیەكی (ڕەشید و سەلیم) دەكەین… بەو سیاسەتە كورد بە ئامانج دەگەیەنین…؟ خەڵكی كوردستان زۆر (قلق و ناڕەحەت)ن. شەوان لە ترسی ناكۆكیەكانی حیزبە كوردستانیەكان، لە ترسی كەم كردنەوە (معاش) خەویان لێ زڕاوەو تا بەیانی چاویان ناچێتە خەو لەبەر خۆشیانەوە دەڵێن. خوایە تۆ بڵێی بەیانی چی بقەومێ…؟

*خوا ئاگادارە ئەگەر بە راستی رێگای خەڵك بدەین رای خۆیان لەسەر حیزبە حوكمڕانەكانی ئەمڕۆی كوردستان دەرببڕن، خەڵك نەك هەر لە سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان رازی نیە، بەڵكو لە هەموو حیزبەكان بێزارن. خەڵك ئارامی و یەكڕیزی و (معاش)ی مانگانەی دەوێ. جوتیارەكانیش پارەی گەنمی خۆیان دەوێ.

*ژمارەیەك خەڵكیش لە پەیجەكانی خۆیاندا لەبارەی ئەو رووداوەوە كۆمێنتیان نووسیوە. یەكێ لەو كۆمێنتانە دەڵێت:
-سەركردەی حزبە كوردستانیەكان..! ئێوە لەسەر بچووكترین قسەو رووداو دەیگەیەننە (مریشكە رەشە)، رێگری و تەقە لەیەكتر دەكەن… ئێوە ناتوانن ئیدارەی هەرێمێك بدەن، ئەی چۆن چۆنی باس لە دروست كردنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن..؟

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP