كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى یان كۆمه‌ڵگه‌ى حیزبی

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 21-09-2019 - 655 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
كارى جه‌ماوه‌رى و سه‌ندیكایى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ ئێستادا بوه‌ته‌ پێداویستیه‌كى سه‌رده‌م و هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ به‌ سیستمى دیموكراسى كار ده‌كه‌ن ،رۆژ به‌رۆژ كارى مه‌ده‌نى تیایاندا گه‌شه‌ده‌كات و خۆشیان باشترین فه‌زا دروست ده‌كه‌ن بۆ گه‌شه‌كردنى، چونكه‌ كارى دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ ئێستادا وه‌ك به‌شێك له‌ ته‌واكارى ده‌وڵه‌ت سه‌یر ده‌كرێت و وه‌ك هۆكارێكیش بۆ گه‌شه‌پێدانى دیموكراسى سه‌یرى ده‌كه‌ن ،هه‌تا له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌وه‌ رێگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت بگیرێت كه‌ به‌ره‌و تاكڕه‌وى و عه‌سكه‌رتارى هه‌نگاو بنێت و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ خۆى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پیێنێت.

له‌ سیستمى دیموكراسیدا كارى مه‌ده‌نى رێكخراوه‌كان هاوشان له‌گه‌لأ كارى پارته‌ سیاسیه‌كاندا به‌ دوو هێڵى ته‌ریب ده‌ڕۆن و كه‌ هه‌مووشیان له‌ پێناو چه‌سپاندنى مافه‌كانى هاوڵاتى و بنیاتنانى حكومه‌تى خۆشگوزه‌راندا خه‌بات ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ كوردستاندا هه‌رچه‌ند باس له‌ دیموكراسیه‌كى سیستمى فیدراڵى ده‌كرێت و ده‌یانه‌وێت وا خۆیان نمایش بكه‌ن كه‌سیستمێكى سیاسیى دیموكراتى حوكم ده‌كات و بوونى هه‌زاران رێكخراوى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیش به‌ سیماى ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى نابینرێت كه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ رۆژێك له‌ رۆژان توانیبێتیان ده‌یان هه‌زار كه‌س بێننه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیان یان به‌ بایكۆت و مانگرتنێك حكومه‌ت بوه‌ستێنن.

لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووى بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌لایه‌ك و رۆلأ و پرۆژه‌ى پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ دید و تێڕوانینیان بۆ شێوازى حوكم و كارى مه‌ده‌نى و گه‌شه‌پێدانى دیموكراسى. له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى چه‌وساوه‌و داگیركراو بووه‌ له‌ڕووى سیاسیه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌و فه‌زایه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى گه‌شه‌ ناكات، به‌ڵكو له‌و بارودۆخه‌دا ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ دێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ بڕوایان به‌ توندوتیژى هه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى فیكرى شۆڕشگێڕى كارى سیاسى ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات شتێك به‌ ناوى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بوونه‌ نه‌بێت.

پارته‌ سیاسیه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ له‌ كوردستاندا هه‌موویان پشتیوانى كردنیان له‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بۆئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ژموونى خۆیان زیاتر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین زۆرینه‌ى رێكخراوه‌كان سه‌ربه‌خۆ نین، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان نوێنه‌رایه‌تى پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ش نه‌بێت ئه‌وا هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ره‌مى كارگێڕى ئه‌و رێكخراوانه‌دا هه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌دیارده‌یه‌كى شارستانى و دیموكراسى له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، كه‌واته‌ له‌م بارودۆخه‌ى ئێستای كوردستاندا شتێك نیه‌ به‌ناوى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ، به‌ڵكو هه‌مووى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى حیزبیه‌ و روپۆش كراوه‌ به‌ دیموكراسى.

هه‌رله‌به‌رئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ درێژایى ساڵانى رابردوو سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ جۆربه‌جۆرانه‌  ،نه‌مانبینیوه‌ رێكخراوێكى پیشه‌یى یان سه‌ندیكایه‌ك به‌ شێوازى مه‌ده‌نى بێته‌ سه‌ر شه‌قام و ده‌سه‌ڵات ناچار بكات به‌ ملكه‌چ كردن بۆ داواكانى، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له‌ ساته‌وه‌ختێكدا رێكخراوێكیش ویستبێتى ئه‌م كاره‌ بكات به‌هۆى حیزبى بونى به‌رپرسه‌كانى هه‌رزوو له‌باربراوه‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌هۆى باڵاده‌ستى حیزب له‌ ژیانى سیاسیدا و لاوازى دامه‌زراوه‌ دیموكراسیه‌كان، به‌رده‌وام حیزب رێبه‌رایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كردووه‌ و رێگه‌ى نه‌داوه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ كارى خۆى بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌م بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌دا نه‌توانراوه‌ خه‌ڵك له‌ ده‌ورى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كۆبكرێته‌وه‌و بكرێته‌ فشارى به‌هێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ له‌لایه‌ك خه‌ڵك به‌رده‌وام مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ر رێكخراوێكى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بكرێت له‌لایه‌ن حیزبه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ قۆرغ ده‌كرێت و بۆ مه‌رامى سیاسى به‌كار ده‌هێنرێت، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونى رێكخراوه‌كان واى كردووه‌ كه‌ هه‌ر رێكخراو یان سه‌ندیكایه‌ك و كۆمه‌ڵه‌ و یانه‌یه‌ك پاشكۆى پارتێكى سیاسیى بێت، لێره‌دا ده‌كرێت بپرسین ئایه‌ له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانى رۆڵى كاراى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌بێت چى بكرێت و چۆن ده‌توانین له‌ رۆلأ و كاریگه‌رى ئیجابى ئه‌و رێكخراوانه‌ تێ بگه‌ین.

له‌سه‌ر ئاستى  جیهانى ئێستا رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و خه‌باتى مه‌ده‌نى جێگه‌ى توندوتیژى و فیكرى شۆرشگێڕى گرتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى پشتیوانى له‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بكه‌ن وه‌ك هێزێكى كارا بۆ هێنانه‌ودى مافه‌كان و چه‌سپاندنى ئازادى و دادپه‌روه‌رى و مافه‌كانى هاوڵاتى، گوێ بیستى ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ په‌نا ببرێت بۆ دروستكردنى میلیشیاو هێزى سه‌ربازى و ئه‌مه‌ش به‌هێزى پاراستنى دیموكراسى ناوده‌به‌ن، ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ عه‌قڵیه‌تى سیاسیى پارته‌كان له‌ كوردستاندا مه‌ترسیداره‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زموونه‌ شكستخواردوه‌كانى ناوچه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ په‌رچه‌كردارێكه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى خراپ و دواجاریش ئه‌زموونه‌كانى سوریا و لیبیاو ناوچه‌كه‌مان بۆ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گه‌ل و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یان هه‌موو سه‌رگه‌ردان كرد.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP