هەرێم و ناوەند درفەتێكی كەم لەبەردەم رێكەوتن

هیوا سەید سەلیم - 21-09-2019 - 1248 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی 2019 نزیکدەبینەوە، ئەو رێكەوتنەی بۆ ئەم ساڵە لە نێوانی هەرێم و ناوەند كرا كە لە چوارچێوەیدا توانرا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نیوە مووچە و چارگە مووچە دەرباز بكرێت بە كۆتایهاتنی ساڵ رێكەوتنامەمەكەش كۆتایی دێت.
كۆسپەكان كەم نین و ناكۆكیەكانیش جدین

تا ئێستا روون نیە كە هەرێم و بەغدا بۆ ساڵی نوێ (2020) جارێكی دیكە لەسەر رێكەوتنێكی تازە رێك دەكەون یان نا، بەڵام هەموو لایەك دەزانین كە كات كەم ماوە، وە كۆسپەكان كەم نین و ناكۆكیەكانیش جدین، بۆیە هەردوو لا دەبێت هەنگاو بنێن، لەو نێوانەدا هەرێم زیاتر پێویستی بە رێكەوتنە، بۆیە دەبێت پرسی رێكەوتن بكاتە تاكە بژاردە و بیر لە بژاردەی دیكە نەكاتەوە.

ئەگەر لە ناوەڕۆكی  بۆ رێكەوتنامەی 2019 وردبینەوە ئەوا تێدەگەین كە لە نێوانی ناوەند و هەرێم بۆ هەردوو لا ماف و ئەرك دیاری كرابوو،بە شێوەیەك كە دەبوو هەرێم لە بەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هێزی پێشمەرگە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات،  تا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بەغدا بیفرۆشێت، بەغدا دەڵێت ئەگەرچی ئێمە پابەندبوونی خۆمان لە چەند مانگی ڕابردوو لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنە بەجێ گەیاندووە، بەڵام هەرێم نەوتەكەی ڕادەست نەكردووین.

لە ئێستادا تا سێ مانگی دیكە كار بە رێكەوتنامەی 2019 دەكرێت، تا ئەمرۆش لەگەڵ دابێت هەرێم و ناوەند هەریەكەیان بە جیا ئەوی تر تۆمەتبار دەكات كە كاریان بە رێكەوتنامەكە نەكردوو.

هەرێم بەدەر لەو رێكەوتنامەیە بیانووی ڕادەستنەكردنی نەوت دەبەستێتەوە بە چەند خاڵێك كە لە رێكەتنمامەی 2019 بەڕوونی ئاماژەیان پێنەدراوە وەك قەرزە كۆنەكان و پارەی كۆمپانیاكان.

لە چوارچێوەی ئەو ناكۆكیانەی نێوان هەردوو لادا، بەغدا خەریكی ئامادەكردنی میزانیەی ساڵی تازەیە(2020)، وە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە  داوای لێدەكرێت كە بۆ ئەم كارە نوێنەرانی هەرێم رۆلیان پێبدرێت.
بەغدا ئامادە نیە لەسەر هەندێك لەو داواكاریانە لەگەل هەرێم بچێتە ناو گفتوگۆ

هەرێم بەر لەوەی شاند بنێرێت بۆ گفتوگۆكردن،  لەسەر میزانیەی سالی تازە لە لیستێكدا داواكاریەكانی خۆی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەرێنی لە بەغدا وەرنەگرتووە، دەوترێت بەغدا ئامادە نیە لەسەر هەندێك لەو داواكاریانە لەگەل هەرێم بچێتە ناو گفتوگۆ.

لە لایەكی دیكەدا ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرپرسانی باڵای كوردی لە بەغدا هێناوەتە سەر خەت،  لە سەرۆك كۆمارەوە بگرە تا وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، تا مەسافەی ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەم بكەنەوە.

لەبەرامبەر هەموو ئەو هەوڵانەدا شەقامی عەڕەبی فشار دەخاتە سەر كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، تا ئەزموونی رێكەوتنی 2019 لەگەل هەرێم دووبارە نەكاتەوە.

سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە بە دۆستی كورد و فریادڕەسی كێشە ئابووریەكانی هەرێم ناسراوە، لەبەردەم فشارەكانی شەقامی عەرەبی لە لایەك  و داخوازیەكانی هەرێم دایە، بۆیە هەرێم دەبێت ئەو دەرفەتە لەدەست نەدات و نوێنەر و دۆستەكانی خۆشی لە بەغدا نەخاتە بەردەم هەڵوێستێكی خراب.

بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان داوادەكرێت، هەرێم لە مەترسی قەیرانی ئابووری دەپارێزێت،چونكە هەموومان دەزانین كە خەڵكی كوردستان لە ترسی جارێكی تر گەڕانەوەی سیستەمی نیوە مووچە دەستیان لەسەر دڵی خۆیان.

بۆیە پێویستە لەسەر هەرێمی كوردستان لە رێگەی ناردنی شاندنی دانوستان دەستی ئەو شاندە بۆ رێكەوتن ئاوەڵابكات، تا لە رێگەی رێكەوتنی تازە لەگەڵ بەغدا بگەن بە رێكەوتنێك كە تیایدا شایستە دارایەكانی هەرێم لە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە مسۆگەربكەن.

دەبێ ئەوەش بزانین كە كات لە قازانجی هیچ لایەك دانیە بەتایبەت ئەگەر بەبێ كورد بودجەی ئیتحادی لە حكومەتی ناوەند و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێبپەڕێت .




 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP